هەرەس بۆ دەنگی ئەمریکا: ئەمرۆ دەبێت شانۆی کوردی فەلسەفەیەکی نەتەوەیی هەبێت
ئالان عومەر
نوچەنێت/ دەنگی ئەمریکا
لەبەرنامەیەکی رادیۆی دەنگی ئەمریکا، هونەرمەندی شانۆکاری بەتوانای کورد حەمە رەشید هەرەس، دەڵێت”لەو رۆژەوە چوومەتە سەر شانۆ، ویستوومە مۆرکێکی کوردی بەم بەشانۆ، کەپێی بوترێت شانۆی کوردی، توانیم لەساڵانی کۆتاییەکانی حەفتاکان و لە سەرەتای هەشتاکاندا هەتا هاتیشمە دەرەوە، ئەو مۆرکە بلکێنم بە شانۆی کوردییەوە، ئەوەش ئەوپەڕی شانازییمە کە ئێستا شانۆیەک هەیە، پێی دەوترێت شانۆی کوردی”.
هەر لەو بەرنامەی دەنگی ئەمریکا، چەند هونەرمەندێک لەسەر حەمە رەشیدا هەرەس دەدوێن.
عەبدولی حەمە جوان: رۆشتنی حەمە رەشید هەرەس بۆ دەرەوە، زەرەرێکی گەورەی لە هونەری کوردیدا، خۆزگە حەمە رەشیدو هونەرمەندەکانی تریش دەهاتنەوە ناو کوردستان، سەرلەنوێ ئامێزی یەکتر دەبوینەوەو شانۆی کوردیمان لەم قەیرانە دەردەکرد.
ئاسۆی عومەر سوارە: حەمە رەشید هەرەس لە چاکی بەرهەمەکانیەوە ئەناسرێتەوە، بەوەی کە ئەکتەرێکی بەتوانا بووە، ئەمە بێجگە لەوەی کە مامۆستا هونەرمەندە، نوسەرێکی باشیشە، ئەکتەرێک بووە لەگەڵ رەوتی خەبات و بەرخودانی میللەتەکەی خۆیدا هەمیشە لەریزی پێشەوە بووە.
کاوەی ئەحمەد میرزا: حەمە رەشید هەرەس یەکێکە لەوانەی شانۆ چۆتە خوێنیەوە، هەمیشە وەکو عاشقێک ئەڕوانێتە شانۆ.
بۆ بیستی تەواوی بەرنامەکە کلیک لەسەر وێنەکەی حەمە رەشید هەرەس بکە.
