نوچەنێت
پارتى دیموکراتى کوردستان بەشدارى کۆبونەوەکانى پارێزگاى هەڵەبجە ناکات و ناڕازییە لە چۆنیەتى دابەشکردنى پۆستەکان لەو پارێزگایەدا،بزووتنەوەی گۆڕان داواکنی پارتی بە ناڕەوا ناودەبات.
بڕیارە دووشەممە 21ى ئەیلولى 2015 هەر یەکە لە ( یەکێتى، گۆڕان، یەکگرتوو ،کۆمەڵ)لە پارێزگاى هەڵەبجە لە سەر پرسی دابەشکردنى پۆستەکانى پارێزگاى هەڵەبجە کۆببنەوە،کۆبوونەوەکەش بەبێ بەشداریکردنى پارتى دیموکراتى کوردستان و حزبی سۆسیال دیموکراتى کوردستان،ئەنجامدەدرێت.
“ماموستا نزار” باژێروانى هەڵەبجەى بزووتنەوەی گۆڕان، بە نوچەنێتى راگەیاند: ئەوەى پارتى داواى دەکات، داوایەکی ناڕەوایە، هەموومان دەزانین لە هەڵەبجەدا لایەنە سیاسییەکان چەند دەنگیان هێناوە و بە پێی ئەو دەنگانە دەبێ پۆست وەربگرن، ئەگەر نا هیچ پێوەرێکى تر نیە بۆ دابەشکردنى پۆستەکان.
هەروەها ئەو باژێڕوانەی بزووتنەوەی گۆڕان وتی: حزبی سۆسیالیست، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ دوو حزبی تر کورسیەکیان بەر دەکەوێ، بەڵام حزبى سۆسیالیست بە تەنیا داواى کورسییەك دەکات.
لەو بارەیەوە “سەعید سەلیم” بەرپرسی لقى چوارى پارتی دیموکراتى کوردستان لە سلێمانى، بە نوچەنێتى راگەیاند:”ئێمە پێشتریش وتوومانە رازین بە پێی هەڵبژاردنەکان هەر چەند پۆستمان بەربکەوێت، هەموو وەفدەکان قبوڵیان بووە بەڵام پەیڕەوییان لێنەکردووە، جێبەجێنەکردنەکەى گەڕاوەتەوە بۆ ئەو رێککەوتنەى کە لە نێو خۆیاندا هەیە، لە دانیشتنەکان بە راشکاوى پێمان وتوون و دواجار ئەوان دەبَێ وڵامى ئێمە بدەنەوە”.
بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی زیاتر دواو وتی: “ئێمە پەیڕەوى حکومەتى بنکە فراوانمان کردووە ،لە سەر ئاستى کوردستان، ئەو بنەمایەش لای یەکێتى و گۆڕان بە تایبەتى جارێکى دیکەش باسی لێکرا لە سنورى پارێزگاى سلێمانى،هەروەها هەوڵدەدەن ئەو بنەمایە لە پاریزگاى هەڵەبجەش رەنگبداتەوە و حکومەتى خۆجێی دروستبکرێت، بنەمای سەرەکى ئەو حکومەتە خۆجێیە لە سەر بنەماى هەڵبژاردن بێت.