نوچەنێت
ئەمڕۆ شەممە 19ى ئەیلول 2015, بە سەرۆکایەتى مەلا بەختیار,وەفدێکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان گەیشتنە رۆژئاواى کوردستان.
بە پێی زانیارییەکان ,پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ بەمەبەستی بەشداریکردن لە شەشەمین کۆنگرەى پارتی یەکێتى دیموکراتى (پەیەدە) وەفدێکى باڵاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان گەیشتە رۆژئاواى کوردستان.
وەفدى یاوەرى مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەى کارگێڕی مەکتەبى سیاسی یەکێتى نیشتمانى کوردستان، پێکهاتبوون لە، هەرێم کەماڵ ئاغا و هەڵۆ پێنجوێنى چەند ئەندامێکى سەرکردایەتى و کادرى پێشکەوتووى یەکێتى.
لە دەروازەى فیشخابور بۆ رۆژئاوای کوردستان ساڵح موسلیم سەرۆکى پارتى یەکێتى دیموکرات( پەیەدە) و بەرپرسانى باڵاى ئەو حزبە پێشوازییان لە وەفدەکەی یەکێتى نیشتمانى کوردستان کردووە.
سەعدى ئەحمەد پیرە، بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و ئەندامى مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە بە نوچەنێتى راگەیاند: پارتى یەکێتى دیموکرات (پەیەدە) بە فەرمى بانگهێشتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان کردووە بۆ شەشەمین کۆنگرەى خۆی لە جزیرە، کە مەلا بەخیتار لە گەڵ چەند بەرپرسێکى مەڵبەندەکان رۆیشتوون بۆ ئەو کۆنگرەیە.
هەروەها گوتیشی: ئاگادار نیم کە حزبەکانى تر بانگهێشتکراون یان نا.