ڕ.ع
حزبی دیموکراتى کوردستان،کە بارەگاى سەرکردایەتى لە باشوورى کوردستانە ،رایدەگەیەنێ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵەکانى پێشوو لە رۆژهەڵاتى کوردستان یادى تیرۆرکردنى “د. سادق شەرەفکەندى” و هاورێیانى “فەتاح عەبدولى”، “هومایوون ئەردەڵان” و “نورى دێهکوردی”ـمان کردەوە.
ئەمساڵ 23یەمین ساڵیادى تیرۆر کردنى “د.ساق شەرەفکەندى” ڕێبەرى ئەو کاتى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و سێ کادرى پێشکەوتووى ئەو حزبە کە هاورێیەتیان دەکرد،بریتیبوون لە “فەتاح عەبدولى، هومایوون ئەردەڵان و نورى دێهکوردی”، کە لە 17.ى سێپتەمبرى ساڵی 1992 لە رێستورانتى “میکۆنۆس” لە “برلین” لە لایەن دەسەڵاتدارانى ئێرانەوە تیرۆر کران. ساڵانە لە کەمپەکانى هەر دوو حزبى دیموکرات یادى دەکرێتەوە و یادى بەرز دەنرخێنن.
“ئیبراهیم زێوەى”،ئەندامى سەرکردایەتى و نوێنەرى حزبى دیموکراتى کوردستان لە شارى هەولێر تایبەت بە “نوچەنێت”ـى راگەیاند: ئیمە هەر ساڵە یادى شەهید د. سادق شەرەفکەندى و هەڤاڵانى دەکەینەوە ، ئەم ساڵ لە کەمپەکان سمینار سازدرا بەڵام جیاواز لە ساڵانى پێشووتر، لەم ساڵیادەدا دەستەیەك لە پێشمەرگەکانى حزبی دیموکراتى کوردستان بە هاوکارى پارێزەرانى رۆژهەڵات چوونە نێو شاری شنۆ و خەڵکێکى زۆر لە دەوریان کۆبوەوە و یادى شەهید بوونى د.سادق شەرەفکەندى و هەڤاڵانیان کردەوەو بەڵێنیان لە گەڵ خەڵک دووپاتکردەوەو کە درێژە پێدەرى رێگای شەهیدانن.
هەروەها گوتی: بەبێ هیچ زیانێک سەرەڕای هەبوونى هێزێکى زۆرى ئەمنى ئیران لە ناو شارەکە توانیان بە سەلامەتى شوێنەکە بە جێبهێڵن.
ئیبراهیم زێوەى ئاماژەى بەوەداو گوتى: حزبی دیموکرات پێشتریش سەرکردەیەکی دیار د. عەبدولڕەحمان قاسملو تیرۆر کراوە و لە دواى تیرۆر کردنى سەرکردەکان بێگومان کاریگەرى سلبى لە سەر حزبەکە دادەنێ، پڕکردنەوەى ئەو کەلێنە زۆر زەحمەتە بەڵام رێبەرانى ئیستاى حزبى دیموکراتى کوردستان و بەتایبەت سکرتێرى گشتى حزبى دیموکرات، “خالد عەزیزى” تا رێژەیەکى باش ئەو کەلێنەى پڕکردۆتەوە.