نوچەنێت
هەفتەى داهاتوو کۆبونەوەى فراوانى سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت، بەڵام پارتى دیموکراتى کوردستان بەشدارى کۆبونەوەکە نابێت.
لایەنە سیاسییەکان لە پارێزگاى هەڵەبجە ریککەوتوون کە هەڵبژاردنى (30.4.2014) بکرێتە بنەما بۆ دابەشکردنى پۆستەکان لەو پارێزگایە، بەڵام پارتى دیموکراتى کوردستان بەو بنەمایە رازی نیە و داواى سازان دەکات بۆ دابەشکردنى پۆستەکان.
کاوە شێخ عەلى جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە لە سەر پشکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، بەنوچەنێتى راگەیاند: باشترین ریگە بۆ دابەشکردنى پۆستەکان ئەوەیە هەڵبژاردن بکرێتە بنەما و هەر لایەنەش بەپێی قورسایی خۆیى پۆستى بەر بکەوێت.
هیوادارین لە کۆبوونەوەى داهاتوو هەموو لایەنەکان بەشدار بن بۆ ئەوەى چیتر کارى ئەنجومەنى پارێزگاى هەڵەبجە دوا نەکەوێ. تەنیا پارتى دیموکراتى کوردستان رێکەوتنى پێ باشترە بەڵام لایەنەکانى تر پێیان باشە هەر لایەنە و بەپێی قورسایی خۆیی بێت.
پەیوەندیمان بە چەند بەرپرسێکى پارتیەوە کرد لەو سنورە بەڵام بەر دەست نەبوون.