نوچەنێت
بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە،پێنج لایەنەکە کۆبوونەوەی ژمارە هەشتی پێنج قۆڵی ئەنجام بدەن،ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکان دەبەستێتەوە بە هەڵوێستی کۆتایی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نێوان لایەنەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان،ئاماژە بە درێژەدان بە کۆبوونەوەکان دەکات، و پێش چەند ڕۆژێك رایگەیاندبوو کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بەردەوامییان دەبێت لە ئەگەری گەشتنە سازان یاخوود نەگەشتنە سازان.
بەڵام فەرید ئەسەسەر ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان،دوێنێ ڕایگەیاند”بەرامبەر بە پارتی نەرمی زۆر نوێنراوە،ئەگەر بێت و پارتی ئەمڕۆ نەرمی نەنوێنێت و وەڵامێکی ئەرێنی نەبێت،ئەوا کۆبوونەوەی پێنج شەممە دوا کۆبوونەوە دەبێت لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە وەك یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێیان وایە ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی بەرهەمی خۆیان دەبێت و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ،چارەنووسساز دەبێت.
دوێنێ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند،کە پارتی بەڕێزەوە سەیری بژاردەی حزبەکان دەکات و پارتی پێی وایە گۆڕانێکی گەورە لە داوای حزبەکاندا بەدی دەکرێت،چونکە لە ڕابردوودا چوارحزبەکە بەهەموو شێوەیەك ڕەددیاندەکردەوە کە سەرۆك لەناو خەڵکەوە هەڵژێردرێت
جیاوازی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەگەڵ کۆبوونەوەکانی ڕابردوو لەوەدایە،بەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، چوار حزبەکە(گۆڕان،یەکێتی،یەکگرتوو،کۆمەڵ) دووجار کۆبوونەتەوە و دوو پێشنیاریان بۆ پارتی ئامادە کردووە و داوا دەکەن پارتی یەکێك لەو دوو پێشنیارە هەڵبژێرێت.
پێشنیارەکانی دوو حزبەکە خۆیان لە دوو بژاردەدا دەبیننەوە کە بریتین لە :
یەکەم:هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو خەڵکەوە،بەڵام بەدەسەڵاتێکی کەمەوە.
دووەم:هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پاڕلەمانەوە، و بە دەسەڵاتێکی زۆرەوە.
لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان،پێنج حزبەکە (پارتی،گۆڕان،یەکێتی،یەکگرتوو،کۆمەڵ)تا ئێستا حەوت کۆبونەوەیان ئەنجامداوە،بەڵام لە هیچکا لە کۆببونەوەکان نەگەشتوونەتە خاڵێکی چارەسەر،بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ 17ی ئەیلوول كە لەشاری هەولێر هەشتەمین كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی،ئەنجامبدەن.