لۆزان دەیەوێ خۆی نوێ بکاتەوە!!
ئەگەر نێوماڵی کوردستانیان رێکنەخرێتەوە و پێداگری لەسەر منمنۆکی بکرێت ئەوە لۆزانێکی تر لە کەمین دانیشتووە
*ڕێکار ئەحمەد
زۆرجاران ئێمەی کوردستانی بە داخباریەوە باس لە پەیماننامەی لۆزان دەکەین و بەسەرچاوەی نەهامەتیەکانی گەلی کوردستان لێکی دەدەینەوە، چونکە بەهۆی ئەو پەیماننامەوە ئاواتەکانی کورد دوورخرایەوە و سەربەخۆیی کوردستان بە فەرامۆشی سپێردرا.
رۆژی ٢٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٢٣ دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەوکاتە لە لۆزانی سویسرادا بۆ وتووێژ سەبارەت بە کێشەی نێوان تورکیای نوێ و یۆنان کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە بۆ بەدواداچوون و درێژەپێدانی پەیماننامەی سیڤەر بوو، کە ساڵی ١٩٢٠ بە بەشداری نوێنەری نەتەوەی کورد لە فەرەنسا بەڕێوەچووبوو.
ئەگەر بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێ بکرابایە لەبەرژەوەندی کورد تەواو دەبوو، چارەنووسی گەلی کوردستان لە ئێستادا جیاوازتر دەبوو، یاخود ئەگەر کورد خۆی بیزانیبایە و سەری لە دیبلۆماسی دەربکردبایە، دەیتوانی بۆ دیوێکی باشتر هەڵیبگێڕێتەوە، چونکە لە بەندەکانی پەیمانی سیڤەردا هاتبوو:
{ به‌ندی 62 : لیژنه‌یه‌ك، كه مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی له ئه‌سته‌نبوڵ ده‌بێت و له سێ ئه‌ندام پێك دێت، که سێ ده‌وڵه‌تی: به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئیتالیا پێکیدەهێنن، له‌گه‌ڵ مێژووی به‌جێهێنانی ئه‌م ئۆتۆنۆمییه‌دا، به شه‌ش مانگ بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی ره‌گه‌زی كوردیان تێدایه و، كه‌وتوونه‌ته خۆرهه‌ڵاتی فوڕات و، باشووری خۆرئاوای ئه‌رمینیا وه، وه‌ك له دوایشدا ده‌ست نیشان ده‌كرێت. سنوورێكیش بۆ جیاكردنه‌وه‌ی توركیا، له سوریا و، ئێڕاق، به‌و پێیه دیاری ده‌كرێت، كه له ده‌قی دووه‌مین و سێیه‌مین بڕگه‌ی دووی به‌ندی 27دا هاتووه. به‌ڵام له كاتی رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك، ئه‌وا ئه‌ندامانی كۆمیسیۆنه‌كه ده‌نگ له حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، پێویستیشه ئه‌م پرۆژه‌یه زامنی ته‌واوی بۆ پاراستنی كلدان و ئاشووری و، كه‌مایه‌تی ره‌گه‌ز و ئایینی تری نێو ئه‌م ناوچانه‌ی تێدا بێت، له‌به‌ر ئه‌وه لیژنه‌یه‌ك له نوێنه‌رانی بەریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئیتالیا و-ئێران- و كورد، ده‌گه‌ڕێت بۆ پشكنین و بڕیاردانی راست كردنه‌وه‌كه، ئه‌گه‌ر بینرا پێویسته ده‌رباره‌ی سنووری توركیا بكرێت. چونكه به‌پێی به‌نده‌كانی ئه‌م په‌یمانه، سنووری باسكرا و، له‌گه‌ڵ ئێران-یشدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
به‌ندی 63: حكومه‌تی عوسمانی، له‌مڕۆوه په‌یمان ده‌دات له ماوه‌ی 3 مانگدا له‌و مێژووه‌وه كه تیایدا ئاگادار ده‌كرێت، بڕیاره‌كانی هه‌ردوو لیژنه‌ی كۆمیسیۆن، كه له به‌ندی 67 دا باسكراون، له ئه‌ستۆ بگرێت و جێبه‌جێیان بكات.
به‌ندی 64: ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی ساڵێكدا، له مێژووی ده‌ستپێكران و جێبه‌جێكردنی ئه‌م په‌یمانه‌وه، گه‌لی نیشته‌جێی ناو ئه‌و ناوچه ده‌ست نیشان كراوانه، كه له به‌ندی 62 دا هاتوون، داوایه‌كی پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵی گه‌لان كرد، كه بڵێ زۆربه‌ی خه‌ڵكی نێو ئه‌م ناوچانه، ئاره‌زوو ده‌كه‌ن له توركیا جیاببنه‌وه و كۆمه‌ڵه‌ی نێوبراویش له‌و باوه‌ڕه‌دا بێت، كه ئه‌م گه‌له ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆ بێت و پێسپێری ئه‌مه بكات، ئه‌وا توركیاش له ئێستاوه په‌یمان ده‌دات ئه‌و پێ سپێرییه جێبه‌جێ بكات و ده‌ست به‌رداری هه‌موو ماف و ئیمتیازێكی خۆی ده‌بێت له‌و ناوچانه‌دا، ئه‌م ده‌ست به‌ردار بوونه‌ش به درێژی، بابه‌تێكی تایبه‌تی ده‌بێت له نێوان زۆربه‌ی وڵاتانی هاوپه‌یمان و توركیادا، بۆیه له كاتی ده‌ست به‌رداربووندا، كه بوو، هیچ به‌رهه‌ڵستییه‌ك له لایه‌ن وڵاتانی هاوپه‌یمانی نێو هێنراوه‌وه، ناخرێته به‌رامبه‌ر مه‌یلی كوردی نیشته‌جێی ئه‌و به‌شه‌ی خاكی كوردستان، كه تا ئه‌مڕۆ، له ویلایه‌تی- موسڵ- دان و به خواستی خۆیان ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ حكومه‌ته سه‌ربه‌خۆكه‌ی كوردا یه‌كبگرن}.
مخابن پەیماننامەی سیڤەر لەگۆڕنرا، بەڵام ئێستاش وەک بەڵگەنامەیەکی مێژووی دەکرێ سوودی لێوەربگیرێت.
کۆبوونەوەکەی لۆزان زیاتر بۆ ئەوەبوو کە پێوەندی نێوان وڵاتە براوەکان لەگەڵ تورکیای کەمالیدا رێکبخاتەوە، بەوهۆیەوە کێشە ناوچەیی و سیاسیەکان، لە نێوانیانیشدا کێشەی ویلایەتی موسڵ پێداچوونەوەی بۆکرا، هەروەها چاو بەقەرزی گشتی دەوڵەتی عوسمانی داڕماو خشێنرایەوە، لەئاکامدا بەهۆی ترسی دەوڵەتانی بەریتانیاو فەرەنساو ئیتالیا لە یەکێتی سۆڤیەت، شاننزمی زۆر بۆ تورکیای کەمالی کرا، جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی ئابووری و سیاسیەکانی کرایەوە، بەوهۆیەوە گورزێکی پشتشکێن لە مەسەلەی کورد و کێشە ڕەواکەی دراو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی بە خەون و تراویلکە سپارد. ئێستا هەشتاو هەشت ساڵ بەسەر ئەو پەیمانە تێپەڕ دەبێ، کەچی هێشتا کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆزی رەوای کوردستاندا هەیە.
زۆرجاران لێکۆڵەرو شرۆڤەوان و سیاسیەکان هۆکاری لەسەرپێوەستانی لۆزان بۆ بێکەسی کورد و نەبوونی بزووتنەوەیەکی سیاسی و رێبەرێکی لێهاتوو دەگێڕنەوە، بەڵام ئێستا وێڕای ئەوەی کە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان تژی پارت و رێکخراوی سیاسیە، وێڕای ئەوەی لەسەر ئاستی جیهانیدا چەندین حزب و رێبەری ناسراوی کوردستانی هەن، کەچی هێشتا نەتەوەی کورد پشتی راست نەکردۆتەوەو باری لۆزانی فڕێ نەداوە.
لۆزان دواین بەرهەمی یەکەمین جەنگی جیهانی بوو، ئەوێ رۆژێ کوردستان لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکان و جێکردنەوەی بەرژەوەندی دیتراندا بێئاگابوو، زانیاری و هەواڵەکان بە خەڵک نەدەگەیشتن، بۆیە مافەکانی گەلی کوردستان زەوت کران، بەرژەوەندیەکانی لەژێرپێنران، بەڵام ئەمڕۆ گۆڕانی بابەتی بەسەر جیهاندا هاتووە، هەواڵ و زانیاریەکان بە خێرایی خۆیان لە هەموو ماڵیک دەکوتن، کوردستانیش هێزو رێکخراوی سیاسی خۆی هەیە، چالاکوان و دیبلۆماتکاری پسپۆر‌و شارەزای هەیە.
دەوڵەتە براوەکانی یەکەمین شەڕی جیهان، بۆ پاراستن و گەورەکردنی بەرژەوەندەکانی خۆیان، لەسەر کەلاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌دا دەیان دەوڵەتی نوێیان دروست کرد، بەئارەزووی خۆیانەوە نەخشەی وڵاتانیان کێشا و پرسیان بە گەل و نەتەوەکان نەکرد، خۆیان کرد بە کوێخاو دەمڕاستی گەل و نەتەوەکان، هەروەها بەوردی شوێنیان بۆ قەیران و کێشە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ناوچەکە هێشتەوە، رێ‌یان لە پێشکەوتنی گەلانی رۆژهەڵاتی ناڤین دا گرت. دەرگەیان بەرووی کۆدێتا، پاکتاوی نەژادی، دیکتاتۆری و رەشەکوژی کردەوە، تا ئیستاش گەلانی ناوچەکە باجی سیاسەتی بەرژەوەندخوازانەی بەریتانیاو فەرەنساو ئیتالیا دەدەن کە سەد ساڵ لەمەوبەر پلانیان بۆ دانابوو. دوای ئەوەی گەلان وەئاگا هاتن، ئەوانیان وەدەرنا، قەوارەی سەربەخۆ دامەزران، بەڵام سێبەری پیلانەکانی ئەوان تا ئێستاش درێژەی هەیە.
لەلایەکی دیکەوە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت، دوای دەرکەوتنی ئەمریکا وەک هێزێکی تەکانە، ئێستا وڵاتانی بەرژەوەندخواز دەیانەوێ بەخێڕایی و بەگوڕتر بگەڕێنەوە، ئەوەش وا دەخوازێ کە نەخشەی ناوچەکە گۆڕانی تێدا بکرێت.
ئەمریکاو هاوپەیمانانی لە ساڵی ١٩٧٥ ەوە بیریان لە داڕشتنەوەی نەخشەی وڵاتانی جیهان کردەوە، داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت کۆمەکی زۆرتری پێکردن و کارئاسانی بۆ کردن، ئێستا وڵاتانی زلهێز لە بەرگێکی دیکە و لەژێر دروشمی دیکەدا دێنەوە ناوچەکە، هەم گەلانی داگیرکراو، گەلانی تینوی ئازادی و ستەم چەشتووی دەستی دیکتاتۆران، پێشوازیان لێدەکەن، هەمیش دەستەڵات و بەرژەوەندەکانی خۆیان گەورەتردەکەنەوە. بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ یەکێکە لەو بەرنامانەی کە هاتنەوەی ئەوان ئاسان و خێراتر دەکات.
هەوڵدان بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناڤین، کارکردن بۆ بە سێ هەرێم کردنی عێراق، ململانێ لەگەڵ سوریا‌و ئێران، پێداگری‌کردن لەسەر ماف و ئازادیەکانی تاک و سەڵماندنی ناسنامەی نەتەوەکان لە تورکیا لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان تەواو دەبێت، ئەگەر ئێمە خۆمان هەبین و لێزانانە هاوکێشە سیاسیەکان بخوێنینەوەو رەفتار لەگەڵ رەوشەکەدا بکەین. هەڵبەت پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لە رۆژەڤی سەردمدا جێی گرتووە، سەربەخۆبوونی کراواتیا، مەکەدۆنیا، بۆسنە، کۆسۆڤۆ، ئەریتیریا، تەیمووری خاوەر، باشووری سودان تێنووتی سەربەخۆخوازانی نەشکاندوە، هێشتا فەلەستین، کوردستان، بیابانی رۆژئاوا(پۆلیساریۆ) لە ساێدی خۆری رزگاری و سەربەخۆییدا ریزیان گرتووە. وێڕای ئەوانەش چاوەڕوانی دوولەتکردنی لیبیا، سعودیە، تورکیایش دەکرێت، کەواتە دەلیڤەیەکی بەهێز بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە ئاسۆدایە.
وێڕای ئەوەی کە ئێستا پێگەی کورد لە جاران بەهێزترە، وێرای هەموو ئەو ئەگەرانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا، ئەگەر نێوماڵی کوردستانیان رێکنەخرێتەوە، ئەگەر هێزە سیاسیەکان بەرژەوەندی گەل و نیشتمان نەکەنە ئامانج و واز لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و کەسایەتی نەهێنن، ئەگەر کۆنگرەێکی سەرتاسەری بۆ هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پێکنەیەت، ئەگەر پێداگری لەسەر منمنۆکی بکرێت، ئەوە لۆزانێکی تر لە کەمین دانیشتووە. بۆ ئەوەی لۆزانێکی دیکە بەرۆکمان نەگرێتەوە، دەبێ سەرکردەی رێکخراوە سیاسیەکان بەو ئامانجانەوە پێبەند بن کە لە پڕۆگرام و بەڵگەنامەکاندا تۆماریان کردوە. زۆر پێویستە رێکخراوە جۆراوجۆرەکان و مێدیاکان و مەڵبەندەکانی رۆشنبیری شێلگیرانە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵک بدەن و بە ماف و ئامانجەکانی نەتەوەیی و نیشتمانی ئاشنایان بکەن. هەروەها ئەرکی هەموو هێزە سیاسیەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە کە بواری دیبلۆماسی چالاک و ئەکتیڤتر بکات. مخابن ئەو خەمساردیەی کە ئێستا لە هێزەکانی کوردستان و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی دەبینرێت، خەڵک دەترسێنێ و لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ رایان دەگرێت، هەروەها پەڕۆشی هیزە بەرژەوەندخوازەکانی جیهان لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا بۆ پاراستن و گەورەکردنەوەی بەرژەوەندەکانی ئاماژەێکی ترسناکەو گەلی کوردستانیش ئاگادار دەکاتەوەو دەڵێت: بێ‌دار بن و هێزەکانتان کۆبکەنەوە چونکە لۆزان دەیەوێ خۆی نوێ بکاتەوە!!.
*سکرتێری گشتی حیزبی رزگاریی کوردستان
