نوچەنێت
چوار لایەنەکە لە ناو خۆیاندا رێککەوتوون کە بە دوو پاکێج وڵامى پارتی دیموکراتى کوردستان بدەنەوە،لە سەر ئەو پێشنیازانەى وەفدى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کۆبوونەوەى پێنج قۆڵى رۆژى یەکشەممەی رابردوو 13ى ئەیلول، کە بە چوارلایەنەکەى بەرانبەرى دابوو.
دوێنێ دووشەممە 14ى ئەیلول 2015 چوار لایەنە سیاسیەکە ( یەکێتى نیشتمانى کوردستان، بزووتنەوەى گۆڕان، یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان) دواى کۆبوونەوەى پێنج قۆڵی یەکشەمەى رابردوو کە 13ى ئەیلول لە هەولێر ئەنجامدرا، رۆژى دواترلە شارى سلێمانىکۆبوونەوەى چوارقۆڵییان بۆ تاوتوێ کردنى پێشنیازەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان ئەنجامدا و دوو پاکێجیان ئامادەکرد، بۆ پەسندکردنى ئەو دوو پاکێجەش کە لەو کۆبوونەوەیە لە سەرى رێککەوتبوون ئەمڕۆش کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەى بە دەستى پڕەوە لە کۆبوونەوەى پێنج قۆڵى پێنجشەممەى داهاتوو بەشدارى بکەن و هەوڵى یەکلاکردنەوەى کێشەکان بدەن.
دوو پاکێجە ئامادەکراوە باسی مکانیزمى هەڵبژاردنى سەرۆکی هەرێمى کوردستان لە ناو خەڵک یان لە پەرلەمان، بۆ هەریەکێکیشیان جۆرى دەسەڵاتەکانى روونکراوەتەوە.
….
عەبدولڕەحمان عەلی، ئەندام پەرلەمانى کوردستان لە فرکسیۆنی بزووتنەوەى گۆڕان، بە نوچەنێتى راگەیاند” پارتى دیموکراتى کوردستان پێشنیازى خۆى خستووتە روو، چوار لایەنە سیاسیەکەش ئەمڕۆ کۆبوونەوە دەکەن بڕیار و بژاردەى خۆیان دەکەنە چەند خاڵێک دواتر دەیدەنە پارتی، هیوادارم پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەو خاڵانە رازیبێت، چونکە قەیرانەکە وای لێهاتووە لە راستیدا خەڵک بێتاقەت بووە لێى، ئەنجامدانى کۆبوونەوەى حزبەکان لە سەر پرسی یاسایی کارى پەرلەمانى دواخست، نەدەبوایە حزبەکان پەنایان بردبایەتە بەر بارەگا حزبیەکان لە کاتێکدا دەبوایە لە پەرلەمان چارەسەر بکرێ.
…..
هەروەها نابراو ئاماژەى بەوەداو گوتی: ئەم قەیرانە گۆڕینى نەخشەى سیاسییە لە هەرێمى کوردستان. و یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە بەر جەماوەرەکەى ناتوانێت جارێکیتر 30ى حوزەیران دووبارە بکاتەوە.
…..
هەروەها گوتى: ئێمە وەک پەرلەمانتار شەرمەزارى خەڵک بووین دونیایەک بەڵێنمان بە خەڵک دا کە ئەم وڵاتە بکەینە وڵاتێک بۆ هەموومان بێت و یاسا سەروەر بێت. هیوادارم ئەو دوو ساڵە بتوانین قەرەبووى کەم کارى خۆمان بکەینەوە.