سەباح موفیدی . تایبەت بەنوچەنێت
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور، هەوڵی داوە کە زیاتر رێگا خۆش بکات بۆ پێوەندی هەمەلایەنەی دیپلۆماتیک لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و لەو پێناوەدا زۆر وڵات نوێنەرایەتی دیپلۆماتیکیان لەم هەرێمەدا کردووەتەوە، بەپێچەوانەکەشی هەرێمیش لە هەندێ وڵاتدا نوێنەرایەتی خۆی کردووەتەوە. لە گرنگترینی ئەم پێوەندییانە، پێوەندی نێوان هەرێم و زلهێزەکان و هەروەها هەرێم و وڵاتانی ناوچەکەیە، واتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یەکێک لە وڵاتە گرنگەکانی ئەم ناوچەیەش عەرەبستانی سعودییە. بێ گومان بە هۆی جۆراوجۆر پێوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەم وڵاتەدا، گرنگایەتی تایبەتی خۆی هەیە و کاریگەریی لەسەر کوردستان دەبێت. ئەم وتارە دەیهەوێت تیشک بخاتە سەر پێوەندی ئەم دوولایەنەو کاریگەریەکانی.
عەرەبستانی سعودی
عەرەبستانی سعودی گەورەترین وڵاتی عەرەبی لە ئاسیای رۆژئاوایە، بە رووبەری نزیکەی 2,150,000 کیلۆمەتری چوارگۆش کە لە باری جوگرافیاییەوە دووەمین وڵاتی گەورەیە لە جیهانی عەرەبدا و نزیکەی 80%ی نیمچە دووڕگەی عەرەبی لەبەردەگرێت. تەنیا وڵاتێکە کە لکاوە بە قەراخەکانی هەم زەریای سوور و هەم کەنداوەوە. یەکێک لە دراوسێیەکانی عێراقە و لەو رێگایەشەوە پێوەند دراوە بە کوردستانەوە. ئەم وڵاتە حەشیمەتەکەی نزیکەی 29 میلیۆن کەسە. خاوەن دەسەڵاتێکی پاشایەتی پاوانخواز و رەهایە و بەپێی پلەبەندی ماڵپەڕی “خانووی ئازادی” (Freedom House) بە وڵاتێکی نادێمۆکرات و نائازاد دێتە ئەژمێر.
گرنگایەتی سعودییە لە جیهان و ناوچەکەدا
بە کورتی سعودییە وەکو دەسەڵاتێکی ناوچەیی و نێوەنجی لەبەرچاو دەگیردرێت کە هاوپەیمانی درێژخایەنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدایە. لە باری ئابوورییەوە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەران و هەناردەکارانی نەوتە لە جیهاندا، لەم ساڵانەی دواییدا تازەترین ئامارەکان لە بواری بەرهەمهێناندا پێگەی دووەمیان پاش رووسیا بۆ ئەم وڵاتە تۆمار کردووە. سعودییە تەنیا وڵاتی عەرەبییە کە ئەندامە لە ئابوورییە گەورەکانی گروپی G20 دا. رۆڵی بەرچاو و گرنگ لە سندۆقی نێودەوڵەتی پارەدا دەگێڕێت و لە 2005 دا چووە ناو رێکخراوی جیهانی بازرگانی (WTO). هەروەها لەو وڵاتانەیە (بە گوێرەیەک دووەمین وڵات) کە چەکوچۆڵی زۆر هاوردە دەکات و تێچوونی زۆر، نزیکەی 10%ی بەرهەمی ناپەتی ناوخۆیی (GDP)، بۆ کاروباری سەربازیی و چەکداریی تەرخان دەکات. ئەندامی چالاکە لە ئەنجومەنی هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی کەنداو، رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (OPEC). لە باری کەلەپووریی و ئایینییەوە بە هۆی هەڵکەوتنی شوێنە پیرۆزەکان لەوێ لە جیهانی ئیسلامدا گرنگایەتی تایبەتی خۆی هەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی کە هیچ وڵاتێکی ئیسلامی نەتوانێت بە یەکجاری پێوەندیی لەگەڵیدا نەبێت یان بۆ ماوەی درێژخایەن بە هەر هۆیەک پێوەندیی بپچڕێت.
دژایەتی نێوان ئێران و سعودیە لە ناوچەکەدا
بە هۆی پێوەندی پتەوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران، دیارە پێویستە سەرنج بدرێتە کاریگەریی دژایەتی ناوچەیی نێوان ئێران و سعودییە لەسەر پێوەندی هەرێم و سعودییەش. ئێران و سعودییە لە مێژە قەڵسی و دژایەتی لە نێوانیاندا هەیە و بەرانبەر یەک راوەستاون و دیپلۆماسی نهێنیشیان لە دژی یەکتر هەبووە. ئەم دژایەتەییە رێخەیەکی مێژوویی پێوەندیدار بە دژایەتی ناسیۆنالیزمی ئێرانی فارس و ناسیۆنالیزمی عەرەب هەیەو سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هێرشی عەرەبەکان لە سەرەتای هاتنی ئیسلامدا بۆ سەر ئێران، تا ئێستاش ئەم رق و بێزارییە لە دڵی پان ئێرانیستەکاندا هەیە و بە راشکاوی دەری دەبڕن. لە سەردەمی هاوچەرخدا ئەم دژایەتییە زیاتر بووە. لە سەردەمی شادا بە هۆی ناسیۆنالیست بوونی رژێم، بۆ دژایەتی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەبی شا لەگەڵ ئیسرائیل پێوەندی هەبوو. پاش هاتنە سەرکاری حکومەتێکی شێعەی دژە وەهابی لە ئێراندا دژایەتیەکە توندتر بووەتەوە و دوولایەن یەکتر بە دەرچوو لە ئیسلام دەدەنە ئەژمێر و ئەم دژایەتییە لە سیاسەتی دەرەوەیشیاندا رەنگی داوەتەوە. ئێستا عەرەبستان بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئێران دیپلۆماسییەکی شارەوەی وەک سەردەمی شای ئێرانی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە وێرای ئەوەی کە بە فەرمی نەیناسیوە. لەم پێناوەدا لە 2014 دا بە گوێرەی هەندێ راپۆرت نوێنەرانی هەر دوو وڵات چەندین پێوەندی شارەوەیان هەبووە. ئیسرائیل و سعودییە دوو وڵاتن کە ئێرانێکی بەهێز و خاوەن دەسەڵاتی ناووکی بە هەڕەشە لەسەر خۆیان دەزانن، لە رێگای ئەمریکاوە فشار خستنە سەر داواکاریەکانیان لە دژی ئێران بەدواداچوون کردووە. دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتە عەرەبیەکاندا بەتایبەت عێراق و سورییە و یەمەن لەم ساڵانەی دواییدا دژایەتی نێوان هەر دوو وڵاتەکەی زێدەتر کرد و گەیشت بە هەڕەشە و بەرانبەرکێی راشکاوانەتر و بە جۆرێ شەڕی راستەقینەی نێوان شێعە و سوننە. ئەم دژایەتییە، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر پەیوەندی هەرێمی کوردستان و ئێران کاریگەریی دەبێت ئەگەرچی لە ئاستێکی نزمدا بێت. بەتایبەت لە ئێستادا کە سعودییە لە هەوڵ دایە بۆ گەڕانەوەی عێراق بەرەو جیهانی عەرەب و کەمکردنەوەی تەشەنەو دزەی ئێران لەم وڵاتەدا.
سعودییەو پرسی کورد
هیچ وڵاتێکی عەرەبی بە هۆی ئەوەی کە دژی لەتبوونی وڵاتە عەرەبیەکانن، پاڵپشتی سەرەکی و گرنگی بزووتنەوەی کورد لە باشووردا نەبووە، هەڵبەت جگە لە سوورییە کە بە هەندێ هۆی سیاسی سەردەمانێک یارمەتی نە چەندان گرنگی هەبووە کە ئەوەش لە رووی دڵسۆزی بۆ کورد نەبوو، و هەروەها هەندێ یارمەتی سنووردار کە بە گروپە ئیسلامییەکانی کوردستان کردوویانە. هێرش کردنە سەر کوەیت و هەڕەشە لەسەر سعودییە لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە و لە ئەنجامدا پێکهاتنی دوژمنی هاوبەش، رەنگە یەکەم هەوێنی بۆ سەرنجدانی پرسی کورد لەلایەن سعوودییەوە پێکهێنابێت ئەگەرچی وێرای پچڕان و کەمبوونەوەی پێوەندی لەگەڵ عێراق، بە هۆی ترس لە لەتبوون و پێکهاتنی دەوڵەتی شێعە لە عێراقدا بە پارێزی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسەش کرد. بەڵام وێرای ئەم کەمترخەمیەی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت سعودییە، لە ئێستادا و پاش پێکهینانی حکومەتی هەرێم پێوەندیی لەگەڵیان گرنگایەتی هەیە. سعودییە لەو وڵاتانەیە کە لەم دواییانەدا پلانیان بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی لە کوردستاندا راگەیاندووە.
گرنگایەتی سعودییە بۆ کوردستان و هۆکارەکانی پێوەندیی دوولایەنەیان
بە هۆی جۆراوجۆر سعودییە بۆ کوردستان گرنگایەتی دەبێت. لە پلەی یەکەمدا کوردستان پێویستی بە دۆست و پاڵپشتی زیاتر هەیە و رۆژ بە رۆژ پێوەندیی لەگەڵ وڵاتانی زۆرتر پێکدێنێت بەتایبەت کە پێویستە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد دەوڵەتی هاوپەیمانی هەبێت و بە شێوەی سروشتی عەرەبستان دەتوانێت یەکێک لەو وڵاتانە بێت. لە روانگەی دکتۆر عەبدوڕڕەحمان قاسملووەوە عەرەبستانی سعودی سێ تایبەتمەندی هەیە کە دەتوانن وەکو هاوپەیمانی کورد زەقی بکەنەوە: “تەنیا وڵاتی عەرەبییە کە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکان کاریگەرە و تەنیا وڵاتێکیشە کە نرخی نەوتی بۆ گرنگ نییە، تەنیا وڵاتی ناوچەکەشە کە کوردی تێدا ناژیێت.” کەواتە سێ تایبەتمەندی سەرەکی سعودییە لە پێوەندیی لەگەڵ کوردستاندا گرنگە کە بریتین لە پێوەندیی دەرەوەی لەگەڵ زلهێزەکان، باری ئابووری کە بە هۆی دارابوونی رادەی زۆری نەوت و زۆر بەرهەمهێنان چەندان نرخەکەی لەسەری کاریگەری نییە، و سێهەم باری کۆمەڵایەتییە کە کوردی وەکو نیشتەجێی هەمیشەیی تێدا نییە. بەم خاڵ و تایبەتیانە دەکرێ هەندێکی تر زێدە بکرێت. بۆ وێنە وەکو خاڵی هاوبەشی نێوان هەردووکیان دەکرێ بە ئایین ئاماژە بکرێت کە زۆرینەی هەردوولا بوسڵمانی سوننەیە. هەروەها، هەردوو بەرهەمهێنەری نەوتن و دەتوانن هاوپەیمانی و هاوکارییان لەم بوارەدا هەبێت.
کەواتە هۆکارەکانی پێوەندیش دەتوانن بریتی بن لەم بابەتانە: بۆ پێوەندیی و کاریگەریی زیاتر لەسەر وڵاتانی زۆرتر لە رێگای پێوەندییە بەربڵاوەکانی ئەو وڵاتەوە بەتایبەت لەسەر وڵاتانی موسڵمان و لە کۆڕوکۆبوونەوەی وڵاتانی جیهانی ئیسلامدا، بۆ دۆزینەوەی پاڵپشتی ئابووریی و سیاسی لە ناوچەکەدا، بۆ هاوکاری لە بواری بازاڕی نەوت لە داهاتوودا، بە هۆی پێوەندیی ئایینی و کەلەپووریی بەتایبەت بە بۆنەی شوێنە پیرۆزەکانەوە کە کوردستان وەکو وڵاتێکی بوسڵمان ناتوانێت ئەم پێوەندییە لەبەرچاو نەگرێت، بۆ دەربازبوون لە گوشاری هەندێ وڵات وەک ئێران و بوونی وەک ئامرازێکی سیاسی لە دژی ئێران بۆ پێکهێنانی هاوسەنگی.
هەروەها سعودییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی زۆری لەسەر گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و تێرۆریستەکان بەتایبەت بە هۆی مسۆگەرکردنیان لە باری داراییەوە هەیە. هەر بۆیە پێوەندی لەگەڵی هەم دەتوانی باری ئەرێنی هەبێت هەم نەرێنی. نەرێنی لەو روانگەوە کە رەنگە ببێتە هۆی زیاتر گەشەسەندنی توندڕەوی و ناکۆکی ئایینی لە کوردستاندا. بەڵام لە روانگەی ئەرێنییەوە دەکرێ لە رێگای پێوەندیی سیاسی لەگەڵ ئەم وڵاتەوە ئەم گروپانە هێور و کۆنتڕۆڵ بکرێن. پێڕەوکردنی سیاسەتێکی دروست دەتوانێت باری ئەرێنی زیاتری بە دواوە هەبێت.
کاریگەریی لەسەر پێوەندیی هەرێم و ئێران
وەک ئاماژە کرا دژایەتی نێوان دوو وڵاتی ئێران و سعودییە بێ کاریگەری نابێت لەسەر پێوەندی هەرێم و ئێران، بەڵام بەڵگەو ئەزموونە مێژوویەکان پیشان دەدەن، کە رادەی ئەم کاریگەریە ئەوەندە نابێت کە بەرگیری بکات لەم پێوەندییە دوو قۆڵیە. واتە نە پێوەندی لەگەڵ سعودییە دەبێتە هۆی کزبوون و پچڕانی پێوەندی لەگەڵ ئێران و نە پتەوی پێوەندی لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی سەرنەگرتنی پێوەندی لەگەڵ سعودییە. ئێران تەشەنەیەکی زۆری لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەرەوەی هەموویانەوە عێراق و کوردستان هەیە. لەم ساڵانەی دواییشدا ئاژاوە و پشێوەی ناوخۆیی لەم وڵاتانەدا هەلی زیاتری بۆی رەخساند و ئەمەش پەرۆشەکانی سعودییەی دوو ئەوەندە کردەوە. بە شێوەی سروشتی هەرکام لەم وڵاتانە دەیانەوێت بازنەی تەشەنەی خۆیان بپارێزن و زیاتری بکەن. ئێران بە ئاگایی لەسەر بوونی کۆمەڵگایەکی زۆرینەی سوننە لە کوردستاندا، پێوەندیی بەربڵاوی کوردستان لەگەڵ دوژمنی ئایینی خۆی سعودیە بە بەرتەسک کردنەوەی بازنەی تەشەنەی خۆی دەزانێت و نایەوێت ئەم بازنەیە لە دەست بدات. هەروەها بە پاراستنی ئەم تەشەنەیە و بەربەست پێکهێنان بۆ پێوەندیی زیاتری هەرێم لەگەڵ وڵاتانی تر لە ژێر ناوی پاراستنی هێمنایەتی و ئاسایشی ناو سنوورەکانی خۆی کە رەنگە بە هۆی دراوسێ بوون و کاریگەری تەشەنەی سعودییە لە کوردستاندا بکەوێتە مەترسییەوە، بۆ لاواز راگرتنی هەرێم هەوڵ دەدات و لەو رێگایەوە دەیهەوێت بەشێک لە دژبەرانی خۆی لە کوردستاندا کۆنتڕۆڵ بکات. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە سەردەمانێکدا بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم ببووە پاڵپستی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و لە رێگای سنووری ئێرانەوە هاتوچۆی کوردستانیان دەکرد. لەلایەکی ترەوە پەیوەندیی لەگەڵ سعودییە رەنگە بە واتای نزیک بوونەوە و کاریگەری زیاتر لەسەر ئەمریکا و کەوتنە بەرەی سعودییە، ئیسرائیل و ئەمریکا بێت کە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران دێتە ئەژمێر. بۆیە سروشتییە کە ئێران بە گشتی لە دژی پەیوەندییەکی قۆڵی هەرێم لەگەڵ سعودییە بێت.
بەڵام لە بەرانبەردا حکومەتی هەرێم بە پێڕەوکردنی سیاسەتی واقعبینانەی پاراستنی هاوسەنگی، وێرای راگرتنی پێوەندیی پتەوی خۆی لەگەڵ ئێران دەیهەوێت هەروەک پێوەندیی لەگەڵ دیکەی نەیارانی ئێران بۆ وێنە ئەمریکا، پێوەندیی لەگەڵ سعودییەش زیاتر بکات و وەک لە هۆکارەکانی ئەم پێوەندییەدا ئاماژە کرا پاساوی زیاتریشی بۆ ئەم پێوەندییە بە گوێرەی نەیارانی تری ئێران بەدەستەوە هەیە. لەلایەکی ترەوە، بە هۆی هاوسنووری ئێران و هاوکاری نزیکی لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە هەر دوو بواری سیاسی و ئابووریدا، هەرێم نایەوێت دڵی ئەم پاڵپشتە کۆنەی خۆی بێشێنێت و لە دژی خۆی بیاڵۆزێنێت و رێگە نادات پێوەندیی لەگەڵ سعودییە کاریگەریەکی قورس و جێی مەترسی و نەرێنی وەهای لەسەر پێوەندی هەرێم و ئێران هەبێت. هەروەها کە پێوەندی لەگەڵ ئەمریکا کە خەستی دژایەتیەکەی لەگەڵ ئێران زۆر زیاتر لە سعودییە، کاریگەری ئەوتۆی لەسەر پێوەندی هەریم و ئێران نەبوو ونەیتوانی ببێتە هۆی دابەزینی پێوەندی و هاوکاریەکانیان.
داهاتووی پێوەندییەکان
داهاتووی پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و سعودییە، گرێدراوی دڵنیاکردنەوەی یەکتری و پتەوکردنی پێوەندییان لەسەر هەندێ خاڵی هاوبەشە. ئەم پێوەندییە دەبێت بە رێگایەکدا بڕوات کە بە جۆرێ لە پەرۆشەکانی سعودییە لە باری ئایینیەوە واتە ئەو ترسەی کە سعودییە بە هۆی هەبوونی کەمایەتی شێعە لەو وڵاتەشدا هەیەتی، کەم کاتەوە. تێیبگەیەنێ کە پێکهاتنی دەوڵەتێکی کوردی سکیولار بە زۆرینەی سوننە لە دژی بەرژەوەندییەکانی سعودییە نابێت. وێرای ئەوە لە هەبوونی زۆرینەیەکی سوننە لە هەر دووکی کوردستان و سعودییەدا وەک خاڵی هاوبەش بۆ راگرتنی پەیوەندی کەڵک وەرگرێت. ئەم پەیوەندییە لە روانگەی ئەرێنییەوە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هێرش و پەلاماری توندڕەوە ئیسلامییەکان و کۆنتڕۆڵی ناڕاستەوخۆی ئەوان لە رێگای سعودییەوە هەبێت. هەروەها دەتوانێت پەیوەندییەکی ئاسایی و بەکەڵک بێت و کاریگەریەکی نەرێنی ئەوتۆی لەسەر پەیوەندی هەرێم لەگەڵ دیکەی وڵاتان نەبێت و بگرە کاریگەریی ئەرێنی و دەسکەوتی زۆریشی لە باری ئابووری، بەربڵاوکردنەوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کۆنتڕۆڵی توندڕەوی ئایینی و تەنانەت پاڵپشتی خەڵک لە حکومەت بە گوێرەی پێوەندیی لەگەڵ ئێرانی شێعە، بۆ کوردستان هەبێت. لانیکەمی ئەم پێوەندییانە ئەوەیە کە کوردستان بۆ هاتوچۆی کوردانی موسڵمانان وەک زۆرینەی خەڵکەکەی بۆ شوێنە پیرۆزەکانیان و رازی راگرتنی ئەو خەڵکە پێویستی بە پێوەندییەکی باش لەگەڵ سعودییە هەیە.
ژێدەرەکان:
- Eli Lake. Israelis and Saudis Reveal Secret Talks to Thwart Iran. At:
- http://www.bloombergview.com/articles/2015-06-04/israelis-and-saudis-reveal-secret-talks-to-thwart-iran
- Michael Collins Dunn. ‘The Arab World and the Kurds’, at:http://www1.american.edu/cgp/pdf/dunn.pdf
- https://en.wikipedia.org
- https://freedomhouse.org/
- https://g20.org/about-g20/g20-members/
- http://countrymeters.info/en/Saudi_Arabia
- http://ekurd.net/saudi-arabia-to-open-consulate-in-kurdistan-reopen-baghdad-embassy-after-25-year-chill-2015-01-03
- عەبدوڕڕەحمان قاسملوو، تاڤگەی هەقێقەت (بەشێک لە بەرهەمەکانی دکتۆر قاسملوو)، کۆکراوی کاوە بەهرامی.