نوچەنێت
ئەمڕۆ دوو شەممە لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی نێوان چوار لایەنی (گۆڕان،یەکێتی،یەکگرتوو،کۆمەڵ) لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سلێمای کۆتایی هات.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بۆ ئامادەکردنی ڕەشنوسێکی سەرکاغەز بوو،بۆ ئەوەی لە ڕەشنوسێکی سەر پەڕەییدا دوا هەڵوێست و ڕاو بۆچوونی کۆتایی چوار حزبەکە(یگۆڕان،یەکێتی،یەکگرتوو،کۆمەڵ) بنوسرێت و بۆ کۆبوونەوەی داهاتوی پێنج لایەنەکە ئامادەبکرێت.
کۆتاهاتنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوی بەدوای خۆیدا نەهێنا،کۆبوونەوەکە بە بێ ڕاگەیەندراو کۆتایی هات و بڕیارە سبەی سێ شەممە کۆبونەوەیەکی تر لە نێوان چوار حزبەکە لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە ئەنجام بدرێت.
سبەینێ کۆبوونەوەکە دابەشی سەر دوولا دەکرێت،لە لایەك سیاسییەکان کۆدەبنەوە و بیر و ڕای خۆیان دەنووسنەوە،لە لایەکی تریش یاساییەکانی چوارلایەنەکە کۆ دەبنەوە و لە ڕووی یاساییەوە دوا هەڵوێست لە ڕووی یاساییەوە بە هاوبەشی بیر و بۆچوونی سیاسییەکان ڕێك دەخەن.
ڕۆژی پێنج شەممە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نێوان پێنج لایەنە سەرەکییەکەی پێکهێنەری پاڕلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت،بۆیە چوار لایەنەکە دەیانەوێت بەر لەڕۆژی پێنج شەممە بڕیارێکی نوسراو ئامادە بکەن،چونکە بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی پێنج شەممەدا لایەنەکان قسە و باسەکان لە چپە چپەوە بگۆڕن بۆ هەڵوێستی نوسراو و بڕیاری سەر پەڕەکان.
مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە”یەکێک لەو بژاردانەی کە یەکێتی بە لایەنەکانی دەدات هەڵبژاردنی پێشوەختەیە و ئەو قسانەی لەنێو کۆبوونەوەکەدا دەکرێن قسەی سەر کاخەز دەبێت، تاوەکو بتوانین کۆتا بڕیاری خۆمان بدەین و بۆئەوەی کۆبوونەوەی پێنجشەممەی داهاتوو کۆتا کۆبوونەوە بێت”.
ئەندامێکی خولی پێشووی پاڕلەمانیش لەسەر لیستی سەوز ڕایگەیاندووە کە لایەنەکان خەمساردن و هیچ بەرەو پێش چوونێك لە کۆبوونەوەکاندا نابینرێت.