مەترسییەکی گەورە لەسەر ئایندەی کوردستان ؟ ئایا کورد هیچ ئامادەییەکی هەیە

0

نوچەنێت

دوێنێ لەناو هەموو ناکۆکییەکانی نێوان تورکیاو ئێراندا، خاڵێک هەبوو کە پێکەوەیان ببەستێتەوە، ئەویش بێ مافکردنی کورد و دژایەتی حکومەتی کوردستان بوو، ئەوان پێیان وابوو، هەر پێشکەوتنێک لەبواری ئابوری و سیاسی و ژیان و ئاوەدانی لەکوردستان، هاندەری گەورە دەبێت بۆ هۆشیارکردنەوەو هەستانەوەی کوردانی وڵاتەکانی خۆیان، بۆیە هەمیشە هاندەرو هاوکاربوون بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی کوردستان تا دۆخی ئەم وڵاتە نەگاتە ئەو ئاستەی کوردانی ژێر دەستەی خۆیان، ئاواتی پێبخوازن.

سامانی عێراق و بەمیرات مانەوەی بۆ ئێران دوای شكستی ئەمریکا لەو وڵاتە، خاڵە دژ بەیەکەکانی لەنێوان تورکیاو ئێران گەورەترکرد، لەو نێوانەشدا کورد بەهۆی ستراتیژیەتی سەرۆکی حکومەتەکەیەوە، ژیرانە لەگەورەبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە چوە ناوەوە، توانی کۆتایی بەو رێککەوتنە نەنوسراوەی نێوان هەردوو وڵات بهێنێ کەبۆدژایەتی کوردستان هەیانبوو، بەوەش تورکیای لەدوژمنەوە کردە هاوبەش لەبەرژەوەندی ئابوریدا.

ئێستاش لەدوای ئاڵۆزبوونی ناوچەکەو گەورەبوونی هەیمەنەی ئێران، و  هاتنە ناوەوەی سعودییە بۆ ناو هاوکێشەکان، و دروستبوونی هاوپەیمانێتی عەرەبی سوننە دژ بەئێران لەناوچەکەدا، و بەهۆیەوە نزیکبونەوەی تورکیاو سعودییە و هاوبڕواییان لەهاوکاری بۆ بەخشینەوەی پێگە بەسوننەی عێراق، مەترسییەکی تر لەئاسۆکانی کوردستانەوە دەردەکەوێت، پرسیاری جدیش ئەوەیە، ئایا کورد دەتوانێ لێرەشدا ژیرانە بەرژەوەندییەکانی بنیات بنێت؟ ئایا کورد دەبێتە خاوەنی پرۆژەیەکی تر بەهەمانشێوەی ئەو پرۆژەی نێچیرڤان بارزانی کەتورکیای لەدوژمنەوە کردە دۆست و رێککەوتنی دوو وڵاتی بۆ دژایەتی کورد هەرەس پێهێنا؟ یان لەچاوەڕوانی ئەوە دەبێت، کەقەدەر بۆ کورد دەیهێنێتە ئارا؟

تورکیاو ئێران دژایەتی لەمێژینە

ئێران و تورکیا لە سەدەی ١٦  و١٧ەوە، رکابەری سەرسەختی یەکتر بوونە، پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەدرێژایی مێژوو، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی عەرەبی،کەنداوی فارس و ئاسیای ناوەڕاست بەردەوام ململانێ و ناکۆکی بەخۆوە بینیوە. لەم سەرو بەندەشدا مێژووی رکابەرایەتیەکانیان وەک میراتێک بۆ هەر دوو لا ماوەتەوە هەتا ئەمرۆ، بۆیە لەئاڵۆزبوونی ناوچەکە جارێکی تر ململانێیان لەگەڵ یەک گەرمتر دەبێتەوە، لەسەر قەڵەمڕەوی لەوڵاتانی سوریە، عێراق، یەمەن و لوبنان بەشێوەیەکی تر ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە.

کاتێک کە شەپۆلەکانی بەهاری عەرەبی لە میسر و تونس تێپەڕی و گەیشتە سوریە و یەمەن،کەلێن و ئاڵۆزی لەپەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە زیاتر بوو، تاران وەک هاوپەیمانێکی ٣٠ ساڵەی ئەسەد لەگەشتنی پریشکی بەهاری عەرەبی بە سورییە بەهەموو هێزی پشتگیری لە دەسەڵاتی بەشارئەسەد کرد، بەڵام ئانکەرە تەواو بەپێچەوانەوەی ئێران رەفتاری کرد و هەمووهەوڵی خۆی خستە گەر تا دەسەڵاتی ئەسەد بڕوخێنێت. ئەم دژ بەیەکییەی نێوان ئەوو دوو وڵاتە تەنها لەسەر کێشەکانی سورییە، گەرمبونەوەی بەخۆیەوە نەدی، بەڵکو کێشەو ئاڵۆزییەکانی عێراق و یەمەنیش ئەو دوو وڵاتەی کردە بەشێکی تر لەزەمینی پێکدادانی ستراتیژیەتی دژبەیەکی تورکیەو ئێران.

لەدەستپێکی ئۆپەراسیۆنی”تۆفانی ئیرادە” کە لە دژی حوسییەکانی یەمەن و عەلی عەبدوڵا ساڵح، لە لایەن سعودیەوە بەرێوەچوو، ئەردۆگان بەکەناڵی”فرانس ٢٤”ی راگەیاند:ئیران هەوڵ دەدات پەرە بە هەیمەنە و هەژمۆنی خۆی بە سەرناوچەکەدا بدات، ئەمەش قابلی تەحەمول نییە. لێرەوە بوو کە تورکیە داوای لە ئێران کرد، هێزەکانی لە عێراق، سوریە و یەمەن بکشێنێتەوە، هەروەها رایگەیاند کە سعودیە و باقی وڵاتانی کەنداوی فارس، ئەم شێوە تەعامولەی ئێران تەحەمول ناکەن. لە وڵامیشدا جەوادی زەریف، پشتگیریکردنی تورکیەی لە ئۆپیراسیۆنی تۆفانی ئیرادە بە هەڵەیەکی ستراتێژیک لە قەڵەم دا، کە بەقسەی ئەو ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا وێڕای ئەم دژ بەیەکییە و زیندووبونەوەی ململانێکانی هەردوولا، هیچ لایەنێکی پاڵنەر هەیە جارێکی تر هەردوولا لەیەک نزیک بکاتەوە؟

تورکیاو ئێران ئەگەری نزیکبونەوە

لەگەڵ ئەوەی بەڕوونی هەست بەململانێی توندی ئەو وڵاتەدا دەکرێت، لەسەر بەرفرەوانکردنی قەڵەمڕەوی خۆیان لەناوچەکەدا، بەڵام هێشتاش خوێندنەوەی دروست و پێشبینی پێشوەخت ئاسان نییە کەئاخۆ پەیوەندییەکانیان بەکوێ دەگات، چونکە لەساڵانی رابردوودا، هاوکاتی گرژی سیاسی و لێدوانی توند لەنێوانیان، پەیوەندییەکی بەهێزی بازرگانیش لەنێوانیان درێژەی هەبووە، کە لەهەموو حاڵەتەکان دەکرێ هەم ململانێکان بەرژەوەندییە ئابورییەکان لەداهاتوو بوەستێنێ، هەم ئەگەر هەیە بەرژەوەندییە ئابورییەکان کۆتایی بەململانێکان بهێنێت.

لەئێستادا ئەوەی دەبینرێت بەرژوەندییە ئاوبورییەکان و پرۆژەکانی نەوت و غاز و بازرگانی نێوان هەردولا توانیویەوتی دوو دڵی لەپچڕانی پەیوەندی لای کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە دروست بکات. ئەوەی زیاتر ئەو دوو دڵییەش گەورەتر دەکات بۆ هەردوولا، بەئەنجام گەیشتنی دانوستانی ئەتۆمی ئێران و گروپی 1+5 ە، کە هەردوو وڵاتی خستۆتە بەردەم بەرژەوەندییەکی گەورەی هاوبەشی ئابوری، کە ئاسان نییە چاوپۆشی لێ بکەن.

رێککەوتنی ئێران و گروپی  1+5 ستراتیژیەتی گەورەتر بەتورکیە دەبەخشێت لەپەیوەندییەکانی لەئێراندا، چونکە تورکیا بۆ ئێران گوزەرگایەکی نێودەوڵەتی گرنگە و بۆرییە نەوت و غازییەکانی بەسەر خاکی ئەم وڵاتەدا تێپەر دەبێ، رێککەوتنەکەش دەرفەت بەئێران دەدات بۆ هەناردەی زیاتری نەوت و غاز. لەبەرانبەریشدا ئابوری تورکیا پیوێستی بەو دەستکەوتە هەیە، کەلەڕێی بۆرییە نەوت و غازەکانی ئێرانەوە بەدەستی دێنێت، هەروەها تورکیاش بەهەمان شێوەی وڵاتانی ئەورپی، پێویستی بەچونە ناو ئەو کێبەرکێیە کە کۆمپانیا جیهانییەکان لەبەرپاکردنیدان بۆ سەرمایەگوزاری لەئێراندا لەدوای هەڵگرتنی سزاکانەوە، بەرپرسانی هەر دوو وڵاتیش ئەوەیان نەشاردۆتەوە، کەچاوەڕێ دەکەن لەساڵانی داهاتوو رادەی ئاڵوگۆڕیبازرگانی وئابووریی لەنێوانیادا بگاتە ٤٠ میلیارد دۆلار.

بەم پێیەش ئەگەری گەورە هەیە کەبەرژەوەندییە ئابورییەکان جارێکی تر تورکیاو ئێرانی دژ بەیەک، لەیەک نزیکبکاتەوە و لەپێناویدا ئاڵۆزیی و گرژییەکانیان وەلا بنێن.

هاندەرێکی تر بۆ دووبارە نزیک بونەوە

سەرباری هەبوونی بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان تورکیاو ئێراندا، دوژمنی هاوبەشیش لەنێوان هەردوولادا هەیە، رەنگە ئەوە هاوکاتی ئەو بەرژەوەندییە گەورە ئابوریەی باسکرا، یارمەتیدەریان بێت بۆ زاڵ بونیان بەسەر ململانێکانیاندا، کە ئەویش هەبوونی دوژمن و هەڕەشەی هاوبەشە لەسەریان، بۆ رووبەڕوبونەوەی ئەو مەترسییەش وێڕای کێبەرکێی مێژووییان، رێککەوتنی نەنوسراو لەنێوان هەردوولادا بوونی هەبووە.

لەهەردوو وڵات لایەنێکی سەرەکی لەپێکهاتەکانیان میللەتی کوردە، کە میللەتێکی بەڕێژە زۆرو بێ ماف و ماف زەوتکراوە، کورد لەهەردوو وڵاتدا تاکو ئیستاش عەوداڵی سەرەتایترین مافی خۆیەتی، هەر کرانەوەیەکیش بەڕووی کورددا لەهەر کام لەو وڵاتانەی کوردی تێیدایە کاریگەری بەسەر کوردانی وڵاتانی تریشەوە دەبێت، هەر پێشکەوتنێکیش لەپرسی کورددا، لەفەرهەنگی هەرکام لەو دووڵاتەدا واتای دابەشبوونی وڵاتەکانیانی بەدواوە دێت، بۆیە کورد وەک دوژمنی هاوبەش دەبینین و چاوەڕوانکراویشە وەک رابردوو لایەنێکی گرنگ بێ لەپاڵنەرەکانیان بۆ لێکنزیکبونەوەی زیاتر، لەڕابردوودا بەئاشکرا هەست بەهەبوونی رێککەوتنێکی نەنوسراو کراوە لەنێوان هەردوولا کەرێگربن لە دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە ناوچەکەدا.

ئێستا بەهۆی جوڵەیەکی ژیرانەوە، کە لەدواتر ئاماژەی پێ دەکەین، کورد توانیویەتی کۆتایی بەو رێککەوتنە نەنوسراوە بهێنێ کە لەنێوان هەردولادا هەبوو، بەڵام ناکرێ ئەوەش نادیدەبگرین، کە هەبوونی بەرژەوەندی گەورەی ئابوری نێوان هەردوولا، هەروەها رازی بوونی ئێران بەشەریککردنی تورکیا لەغەنیمەکانی عێراق، و هەبوونی مەترسی هاوبەش لەسەر هەردوولایان کەکوردە، ئەنجام هەردوولا لەیەک نزیکببنەوە و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان وەلانێن.

سەرهەڵدانی نیگەرانی و جوڵانەوەیەکی پێویستی کورد

وەک باسکرا پرسی کورد یەکێک لەخاڵە هاوبەشەکانی نێوان تورکیاو ئێران بووە، کەهەتا ئەمرۆش دەکرێ وەک پاڵنەرێک بۆ لێکنزیکبونەوەی زیاتر لێی بڕوانرێ، بەڵام هەیمەنەی تاک لایەنەی ئێران لەعێراق پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ تورکیا کەدژ بەو مەبدەئەی خۆی لەپرسی کورددا هەیەتی کرانەوە بەئاراستەی هەرێمی کوردستاندا بنوێنێ.

عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەن سامانە ناوچەکەدا، دەوڵەمەندی عێراق، لەرابردووش یەکێک لەستراتیژیەتەکانی پشت جەنگە گەورەکانی جیهانەوە بووە، لەدوای روخانی ڕژێمی سەدام حسەین و کشانەوە، یان شکستی ئەمریکا لەعێراق، عێراق وەک غەنیمەیەک بۆ ئێران مایەوە، بەشێوەیەک خاوەندارێتی عێراق بۆ ئێران گەڕایەوە، کەئامادەی بەشکردنی نییە لەگەڵ هیچ وڵاتێک، تورکیا بۆ رێگری لەمە، زۆر هەوڵی دا و سەرنەکەوت، سعودییەو وڵاتانی عەرەبیش لەچاوەڕوانی ئەمریکادا، لەبەرانبەر ئەم بەخاوەن بونەوەی ئێران لەعێراق، دەسەوسان بوون.

ئەوەش دەرفەتێکی گەورەی بۆ کورد درستکرد، کەسیاسەتی دروست بکات و وەک گەمەکارێکی سەرەکی دەربکەوێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی(نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی) کە سەرۆکایەتی حوکمەتی کوردستان دەکات، لەبەرانبەر بێ ئۆقرەیی تورکیا بەفرەوانبوونی هەیمەنەی زاڵی ئێران بەسەر عێراقەوە، ژیرانە سیاسەتیکرد و توانی بەبەخشینی هیوایەک بەتورکیا، دەروازەیەکیش بۆ گەشانەوەی ئایندەی کوردستان بکاتەوەو درز بخاتە مەبدەئی هاوبەشی تورکیا و ئێران بۆ دژایەتی کورد.

ئەویش بەڕێگای سەرەنج راکێشانی تورکیا بەجێکردنی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی لەکوردستان و دروستکردنی ئەو بڕوا لای، کە ئەگەر عێراقی شیعە بوبێتە زەمینی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئێران، لەرێگای دۆستایەتییەوە لەگەڵ شیعەکان، ئەوە تورکیاش دەتوانێ بەدۆستایەتی کورد، گرنگیدانی بەو دۆستایەتییە، زەمینەی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی لەکوردستان بنیات بنێت و لەڕێی کوردستانیشەوە بەرژەوەندیی ئابوری خۆی بۆ ناوچە سونییەکانی عێراق درێژ بکاتەوە و ببێتە جێی هیوا بۆ سوننەکان.

ئەم سیاسەتەی کورد، لای زۆربەی چاودێرانی جیهان بەسیاسەتێکی ژیرانە دادەنرێت، کەلەڕێیەوە ترازانی خستە پەیوەندی نێوان تورک و ئێران، و هەنگاوی یەکەمی بۆ جیابونەوەی لەعێراق هەڵگرت بەگرێدانی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابورییەکانی تورکیا، تورکیای لەدژەوە بۆ دۆست گۆڕی و بڕوای پێ هێنا کەهەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە لەسەر ئەو وڵاتە.

لەدوای ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم، روانینی تورکیا بۆ کوردستان لەروانینێکی ئەمنییەوە گۆڕدرا بە روانینێکی ئابوری، و پەیوەندیی ئابوریی لەنێوانیادا ، و لەو ڕێیەوە چەندین بۆندی گەورەی ئابوری واژۆکرا.

ئێستا کوردستان لەڕوانینی تورکیادا، ناوچەی تەئمینی بەرژەوەندی ئابورییە، تورکیاش لەڕوانینی هەرێمی کوردستاندا تاکە دەروازەیە کەلەڕێیەوە ئابوری سەربەخۆی خۆی بنیات بنێت و لەو رێگایەشەوە بۆ جیابونەوە لەعێراق هەنگاوی دروست هەڵبگرێت.

لەبەرانبەر ئەم پەیوەندییەشدا نیگەرانی بەئێرانەوە دەبینرێت، چونکە پەیوەندی نێوان تورکیا و کوردستان، کەپەیوەدنییەکی ئابورییە و ئەنجامەکەی سەربەخۆیی ئابوری کوردستانی بەدوادا دێت، لەخوێندنەوەی ئێرانییەکاندا لەسێ لاوە مەترسی لەسەر ئێران دروست دەکات، کەبریتین لە :

  • دابەشبوونی عێراق، کەئێستا ئێران خۆی بەخاوەنی دەزانێت.
  • دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بەهۆی سەربەخۆیی ئابوریی کوردستانەوە، ئەوەش دەبێتە ئیلهام و پشتیوان بۆ کورد لەئێران تا بەڕێگای ئەودا بڕۆن و لەئێران جیا ببنەوە.
  • گەشتنی هەیمەنەی تورکیا بەبەشێکی عێراق لەڕێی ئەو پەیوەندییە ئابورییەی لەگەڵ کوردستان هەیەتی، بەوەش ئێران بەشێکی گەورەی ئەو غەنیمەیەی دەوڵەتی عێراق لەدەست دەدات، بۆ تورکیای دوژمنی لەمێژینەی.

هەر ئەوەشە وایکردووە ئێران چالاکانە لەچەند رێگایەکەوە، لەهەوڵدایە، بۆ کاڵکردنەوەی پەیوەندی نێوان کوردستان و تورکیا، ئەو رێگایەنەش کەئێران گرتونیەتە بەر بۆ ئەو مەبەستە، بریتین لە :

  • بەکارخستنی دیپلۆماسیەتی عێراقی، بۆ دروستکردنی فشاری ئەمریکی و نێودەوڵەتی لەسەر تورکیا، کە رێگە بەچونە دەرەوەی نەوتی کوردستان نەدات بێ گەڕانەوە بۆ عێراق.

تائاستێک لەم هەوڵەش سەرکەوتوو بووە، راستە نەیتوانیووە رێگە بگرێ، بەڵام لەزۆر حاڵەتدا تەگەرەی لەبەردەم ئەو نەوتی کوردستان دروستکردووە.

  • بەکارهێنانی کارتی سیاسی لەناوخۆی کوردستان دژ بەپارتی، کە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی ئەندازیاری ئەو پەیوەندییەی تورکیا کوردستانە، تا لەڕێی کێشەی سیاسیی ناوخۆییەوە، پارتی ناچار بکات بەکشانەوە لەپەیوەندی تورکیا و کوردستان  و رووباکاتەوە عێراق.
  • نەرمی پێشاندان لەبەرانبەر پارتی و نمایشکردنی روویەکی تری ئێران، راگەیاندنی ئەوەی کەبۆ ئێران گرنگە سەرۆکایەتی کوردستان لەدەستی بارزانیدا بمێنێتەوە، ئەوەش بۆ هێشتنەوەی هێڵێک و نەگەشتنە بن بەست لەگەڵ پارتی، تا بەپارتی بڵێ ئەگەر ئێران بیەوێ لەتوانایدا هەیە کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان چارەسەر بکات.

رەوینەوەی هەرەشەیەک و ئەگەری سەرهەڵدانی هەڕەشەیەکی تر

تورکیا و سعودیە دوو وڵاتی خاوەن پێگەی ستراتژین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم دوو  وڵاتە لەهەندێک هاوکێشەدا تەبا و هاوڕان، بە  پێچەوانەوە لە هەندێک بواریشدا را و بۆچوونی جیاوازیان هەیە. سوریە کە لە لووتکەی قەیرانەکانی ناوچەدایە، سیاسەت و خوێندنەوەی هاوبەشی ئەو دوو وڵاتەی بەدوادا هاتووە، بە تایبەت کە هەردوولا پشتگیریی دژبەران و ئۆپۆزسیۆنی ئەسەد دەکەن.

سیاسەتەکانی تورکیا و سعودیە بە نیسبەت عێراقەوە، تا رادەیەکی زۆر هاوبەشن، هەر دوولا سیاسەتی شیعەی عێراق مەحکوم دەکەن و بەردەوام داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە کە کۆتایی بە سیاسەتی هەڵاواردن دژ بە سوننەی ئەو وڵاتە بهێنێ، بە تایبەتی لە سەردەمی نوری مالکیدا، ئەم خاڵە هاوبەشانە جۆرێک لە شەراکەتی ستراتژیکی بۆ هەردوو لا فەراهەم کرد.

لە دوای رووخانی بەعس، هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە بە قازانجی ئێران و لە زەرەری سعودیە شکایەوە. لەم گۆشە نیگاوە بە دەسەڵات گەیشتنی شیعەی ئەم وڵاتە، بە مانای بە هێزبوون و درێژبونەوەی هەرچی زیاتری هەیمەنەی ئێران بوو بۆ ناو جومگەکانی دەسەڵات و ناوەندەکانی بڕیاردان لە عێراق، ئەوەش بەمانای گەورەتربوونی ئێران بەرانبەر بەتورکیا و گەشتنی ئێران بوو بەسنورەکانی سعودییە.

بۆیە سعودییەکان تورکیا ناچار بەزیاتر نزیکبونەوەی یەک بوون، لەو هاو کێشەیەدا پێگەی سیاسی و سەربازی تورکیا بۆ سعودییە گرنگیی گەورەی هەیە، تورکیا ئەندامی ناتۆیە، و کاریگەری گەورەشی بەسەر بەشێکی زۆر لەرێکخستنی ئیخوان موسلینەوە هەیە، کەبەپێچەوانەوە سعودییە کێشەی لەگەڵ ئەو رێکخستنە هەیەو ئەو رێکخستنەش کاریگەری بەسەر بەشێکی زۆر لەعەرەبی سوننەوە هەیە، کە دەست دەدات کەڵکیان لێوەربگیردرێت بۆ دژایەتی هەژموونی شیعە. هەروەها بۆ ئەردۆگانیش کە خۆی بەمیراتگری سیاسی عوسمانییەکان دەزانێ، گرنگە، کەهاوپەیمانێتییەکی ناوچەیی دژ بە هەژموونی شیعە و ئێران لەناوچەکەدا دابنێت، بۆ ئەوەمەبەستەش سعودییە باشترین هەڵبژاردەیە، کەبێ ئەوەی تورکیا ئیشی لەسەر بکات، خۆی هەمان بڕوای تورکیای بۆ دژایەتی ئێران و هەمان ستراتیژیەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران هەیە.

بەو پێیە هاندەر و خاڵی هاوبەش زۆرن بۆ ئەوەی تورکیاو سعودییە لێکنزیکبونەوەی زیاتر لەنێوانیان هەبێ، و کار بۆ گرتنە بەری سیاسەتێکی هاوبەش بکەن لەعێراق و سوریەو ناوچەکەدا بەگشتی، لەوەشدا لای بەشێک لەچاودێران هەست بەمەترسی گەورە دەکرێ لەسەر کورد، چونکە وێڕای هاوبڕوایی ئەو دوو وڵاتە لەبەرەنگاربونەوەی هەیمەنەی ئێران، هەردوولا سورن لەسەر ئەوەی رۆڵ و پێگەی شیاو بۆ سوننەکانی عێراق عێراق بگێڕنەوە، هەنگاوی یەکەم هەرێمێکی تایبەتیان بۆ دروستبکرێت و لەو هەرێمەوە بۆ هەرەمی دەسەڵاتیان ببەن لەعێراق، لەبەدیهاتنی ئەو ئەگەرەش هەرێمی سوننەی عێراق دەبێتە هاوسنور لەگەڵ کوردستان بەدرێژایی زیاتر لەهەزار کیلۆمەتر، هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کەکورد بەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناوی دەبات، و وا رادەگەیەنێت کەئێستا لەسەر کوردستانن، سونەش بەناوچەی کێشە لەسەر ناویان دەبات و تا ئێستاش بەمافی خۆیانی دەزانن خاوەندارێتییان بکەن.

لەوەها دۆخێکدا کە ئێران دژ بەهەرێمی کوردستان بێت، و سعودییە و تورکیا لەهاوکاریکردنی سوننەی عێراق رێککەوتن لەنێوانیان بێتە ئارا، مەترسی گەورە لەسەر داهاتووی کوردستان چاوەڕوانکراوە، کەبکەوێتە نێوان بەرداشی سعودیە-تورکا و ئێران.

ئەوەی زیاتر ئەو مەترسییە گەورە دەکات، ئەوەیە کە ئەگەرچی هەڕەشەیەکی گەورەی ئێرانی، لەسەر کوردستان بوونی هەیە، بەشێک لەکوردیش بونەتە تەواوکەر، یان هاوکار بۆ گەورەتربوونی ئەو هەرەشەیە، هاوکات هەڕەشەی هەوڵی بەهێزبونەوەی سونەش چاوەڕوانکراوە، و کوردیش لەناو خۆیدا یەکگرتوو و یەک هەڵوێست نین.

بەڵام هێشتاش هیوایەک هەیە بۆ بەخۆدا چونەوەی سیاسییەکانی کورد، و خۆ ئامادەکردنیان بۆ ئەوەی هەر سێ گەورە وڵاتی زلهێز و دەوروبەریان، گرەو لەسەر نزیکبونەوەیان لەکوردستان بکەن، چونکە بۆ ئێران بەهێزبوونی کوردستان ئەگەر نیزک لەئێران بێت دروستکردنی قەڵغانە بەڕووی سوننەدا، بۆ تورکیا بەهێزبوونی کوردستان، بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتی رەهای شیعەیە لەعێراق و بۆ سعودییەش گەشتنە بەسنورەکانی ئێران، بۆیە هەبوونی ستراتیژیەتی کورد ئەتوانێ وابکات، ئەگەر بەلایەکیشدا خۆی یەکلایی نەکاتەوە، ئەوە رێگە نەدات هیچکام لەو وڵاتانە کوردستان بەهەڕەشە بۆ سەرخۆیان ببینین، یان بەگەرەنتی نێودەوڵەتییەوە نزیکایەتی لەلایەکیان پەسەندبکات.

لێ دیسان پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا کورد بەم ماڵە لێکترازاوە سیاسیەوە، ئەتوانێ ئەو گەمەکارە سەرکەوتووەبێت ؟ 

ئەگەرێکی تر

لەئەنجامی ئەو خوێندنەوانەی لەو بارەیەوە کرا، گەشتینە ئەو ئەنجامەی کەتورکیاو سعودییە بەناچاری بەرانبەر بەهەیمەنەی ئێران لەیەک نزیک دەبنەوە، و هاوپەیمانێتییەک لەنێوانیان چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەو ئەگەرەش لەئارادایە، لەدوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران و گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕی جیهان و دەوڵەمەندی ئێران بەسامان و پێویستی تورکیا بەئێران، هەروەها بێهیوا بوونی ئێران لەناوچە سونییەکانی عێراق، جارێکی تر تورکیاو ئێران بەئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بچنەوە و لەسەر سیغەیەکی هاوبەش رێکبکەون، بەدوور نابینرێ کەئەگەر ئێران ناوچە سونییەکانی عێراق بۆ تورکیا جێبهێڵێت و لەسامانی عێراق هاوبەشی بکات و لەکرانەوەی بازاڕەکانی ئێران بەرووی کۆمپانیا جیهانیان پشکی کۆمپانیا تورکییەکان گەورە رابگرێ، تورکیا جارێکی تر بەئاراستەی ئێراندا رووی وەرگێڕێت، چونکە ئەو بەرژەوەندییەی لەو ئەگەرەدا دەستی دەکەوێت، رەنگە لەڕووی ئابورییەوە گەورەتر بێت لەوەی لەئاراستەی سعودییە بەدەست تورکیا بکەوێت، لەئەگەری نزیک بونەوەی زیاتری سعودییەو تورکیا، تورکیا ناتوانێ بەتەنها هەیمەنەی بەسەر ناوچە سونییەکانەوە هەبێ، بێ هاوبەشی سعودییە، بەڵام لەوەها نەرمییەکدا کەئێران بینوێنێ، تورکیا بەتەنها و بێ سعودییە دەبێتە شەریک لەسامانی عێراقدا.

لەو دۆخەشدا دیسان رێککەوتنی ئێران تورکیا بۆ دژایەتی کوردستان چاوەڕوانکراوەو دیسان مەترسییەکانی سەرکوردستان گەورەتر ئەبێ، چونکە لەوکاتەدا هەردولا لەپێشکەوتنی کوردستان و کاریگەری بەسەر کوردانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ترسیان هەیە، دیسان بەرەنگاربونەوەی ئەو مەترسییە هاوشانی هاوبەشیی ئابوری هانیان دەدات نزیک و یەک بڕیاربن، ئەمە ئەگەرێکی دوورەبەڵام نادیدەگرتنی ناهۆشیاری سیاسییە.

ئایا نێچیرڤان بارزانییەکی تر دروست دەبێت ؟

پێشتر ئەوەمان خستەڕوو، مەترسی ئێران و تورکیا لەسەر کوردستان مەترسییەکی گەورەبوو، کەبۆ بەرەنگاربونەوەی هەر پێشکەوتنێکی کوردستان رێککەوتنی نەنوسراو لەنێواندا هەبوو، ئەوکات لەسەر هەر پرسێک ناکۆک بان، لەسەر بەرەنگاربونەوەی پێشکەوتنەکانی کوردستان کۆک بوون، بەڵام نێچیرڤان بارزانی توانی لەدروستبوونی یەکەم نیگەرانی لەپەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، لەیەکەم داکشانی پەیوەندییەکانیان دوای ساڵانێک هەڵکشان، کورد بباتە ناوەوە و لەجێی دوژمن بیکاتە شەریکە بەرژەوەندی تورکیا، بەڵام بەهۆی هەمیشە ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەکان، جارێکی تری نزیک بونەوەی تورکیاو ئێران ئەگەرێکی کراوەیە.

ئێستاش کەهەستپێکراوە هەرەشەکانی سەرکوردستان گەورەتر بووە، لەگەڵ دوو وڵاتی کێبەرکێکار لەسەر عێراق، سعودیەش وەک باوکی سوننەی ناوچەکە دەردەکەوێت و بەهۆی پشتیوانییەوە لەسوننەی عێراق، ئەگەری هەیە ببێتە هەڕەشە لەسەر داهاتووی کوردستان، بۆیە پرسیاری جدی ئەوەیە:

  • ئایا کورد بەرانبەر ئەم هەڕەشەیە یەکگرتوو و خاوەن ستراتیژ دەبێت ؟ یان وەک چۆن پێشتر لەجێی پشتیوانی، دژ بەهەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بوون بۆ نزیککردنەوەی تورکیا، لەمەشدا بێ بەرنامەو خوێندنەوە دەبن لەچاوەڕوانی قەدەردا ؟
  • ئایا وەک ئەوەی کەنێچیرڤان بارزانی توانی، کەڵک لەبێهیوایی تورکیا لەعێراق وەربگرێت، ستراتیژیەتی کوردستانی لەسەر بنیات بنێت و بیکاتە هاوڕێ و هاوبەشی ئابوری بۆ کوردستان، لەداهاتووشدا کورد سیاسەتێکی وا ژیرانە لەبەرانبەر ئەو ئەومەترسییەش دەگرێتە بەر و دەتوانێ مامەڵەیەکی بەرژەوەندیسازی لەسەر تموحەکانی هەر سێ گەورە وڵات لەناوچەکەدا بکات؟
  • ئایا نێچیرڤان بارزانی لەو پرسەشدا ئەکتیڤ دەبێت، و دەتوانێ بەقازانجی کورد پرسەکان یەکلایی بکاتەوە؟ یان نیگەرانییەکانی لەدۆخی کوردستان و دژایەتی سیاسییەکان بۆ هەوڵەکانی، ئەویش وەک سیاسییەکانی تر کەمتەرخەم دەکات و چاوەڕوانی ئەو قەدەرە دەبێت، کەپێشهاتەکان بۆ کوردی دێنێتە ئارا؟
  • ئایا لەئەگەری بێهیوابونیی نێچرڤان بارزانیدا و هەنگاو هەڵنەگرتنی بۆ دووبارەکردنەوەی ئەزمونی سەرکەوتووی لەدروستکردنی پەیوەندی تورکیا کوردستان، نێچیرڤان بارزانییەکی تر لەکوردستان دروست دەبێت و دەتوانێ کورد بکاتە گەمەکارێکی باش لەنێوان سێکوچکەی سعودیە ، تورکیا، ئێران؟ یان ئەم ماڵە لێکترازاوە سیاسیەی ئەمڕۆ کوردستان دەباتە خەوی خەفڵەت و لەهەموو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بێ رۆڵ و ناکاریگەر دەبێت؟
    ئێمە ئامادەکارانی ئەم رواپۆرتە، وێڕای دەرفەتی گەورە لەبەردەم کورد، لەئەمرۆدا هیواکانمان گەورە نین.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com