دیندار زێباری لە جنێڤ دووپات لەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەزاران کوردی ئێزیدی رزگار کردووە و هاوکاری ماددی و مەعنەوییان پێشکەش کردووە
حکومەتی هەرێم وەڵامی تێبینییەکانی خولی نۆیەمی کۆبوونەوەی بێ سەروشوێنکردنی زۆرەمڵی دەداتەوە
لە میانەی کۆبوونەوەکانی خولی نۆیەمی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێ سەروشوێنکردنی زۆرەمڵی کە لە جنێڤ ساز دەکرێ، د. دیندار زێباری جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رزگار کردنی هەزاران کوردی ئێزیدی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە نیشانەی پابەندبوونی هەرێمی بە رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دانا.
…
لە کۆبوونەوەکەدا د. دیندار زێباری جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وتاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو نەهامەتیانەی کە رووبەرووی گەلی کورد بوونەتەوە و وتی: گەلی کورد بە درێژایی مێژوو رووبەرووی گەورەترین و مەترسیدارترین هێرشی کۆمەڵکوژی بووتەوە لەسەر دەستی رژێمە یەک لە دوایەکەکانی عێراق تا رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، یەکێک لەو تاوانانەی کە دژ بە کورد پەیڕەو کرا بریتی بوو لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و تێیدا بە هەزاران کەس لە عێراق بوونە قوربانی کە بەشی هەرەزۆریان لە کوردستان بوون.
..
لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆکی شاندی کوردستان رایگەیاند: بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانییەوە گەورەترین قوربانی تاوانی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ بوون بە درێژایی مێژووی عێراق ئەمەش خۆی لە و بێسەروشوێنکردنی کوردە فەیلییەکان لە نێوان ساڵانی 1980-1990و پرۆسەی بەدناوی ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی و 182000 کوردی بادینان و گەرمیان، ئەم تاوانانە دژ بە گەلی کوردستان بە کۆتایی هاتنی رژێمی بەعس کۆتاییان نەهات، بەڵکو تا ئێستاش بەردەوامە دوای ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە هەزاران هاووڵاتی کوردی ئێزیدی بێسەروشوێن کرد کە تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان دیار نییە.
..
سەرۆکی شاندی کوردستان ئەوەشی روونکردەوە کە بە هۆی گەورەیی ئەم تاوانە کە دەرهەق بە کورد ئەنجامدراوە ئێمە زیاتر هەست بە دڕندەیی و گەورەیی ئەم تاوانە دەکەین کە ئاسەوارەکانی بەسەر کەسوکاری قوربانیانییەوە دیارە و بۆ چەند ساڵی دیکەش بەردەوام دەبێت، چونکە تا ئێستاش چارەنووسی بە دەیان هەزار کەس نادیارە بۆیە پێویستی بە چارەسەر و کار کردنی بەردەوام هەیە بۆ مسۆگەرکردنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم تاوانە لە داهاتوودا.
..
جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە بە گشت ئەو رێکەوتننامانەی کە لەم بارەیەوە دەرچوون، هەروەها داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەوڵی تۆمار کردنی ئەم تاوانە بدەن و لەم بارەویەوە وتی: دیارە تا ئێستا ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجامدراون وەکو پێویستە تۆمار نەکراون لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاتێکدا ئەمە زۆر پێویستە بۆ ئەوەی مافی کەسوکاری قوربانیان پارێزراو بێت، ئێمە لە حکومەتی هەرێمی چەندین جار داوامان لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە پێویستە ئەو تاوانانە بە دیکیۆمێنت بکرێن لەوانەش تاوانی بێسەروشوێن کردن کە ئاسەوارەکانی تا ئێستاش بەردەوامە، هیوادارم لەو بارەیەوە بە رۆڵی خۆی هەستێت و شاندی تایبەتی خۆی بۆ ئەم مەبەستە بنێرێتە کوردستان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو تاوانانە بن و چاویان بە کەسوکاری قوربانیانی گشت ئەو تاوانانە بکەوێت کە لەسەدەی رابردوو لەسەر دەستی رژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق روویانداوە تا دەگاتە تاوانی بێسەروشوێن کردنی کوردانی ئێزیدی لەسەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
…
لەلایەکی دیکەوە لیژنەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێ سەروشوێنکردنی زۆرەمڵی چەند پرسیارێکی ئاراستەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی چەند تۆمەتێک کە ئاراستەی هەرێم کراون و پەیوەندییان بە بێسەروشوێنکردنی زۆرملێوە هەیە، لەوانە رەفتاری هەندێک لە چەنکدارەکانی سەر بە کەمایەتییەکان و زیندانی نهێنی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیارانەکانی دایەوە و راستییەکانی بۆ لیژنەکە روونکردەوە، لە بارەی هەبوونی میلیشیای سەربازی لە دەرەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وتی: هەموو یەکە سەربازییەکان
و هێزەکانی بەرگری لە کوردستان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن کە ئەم وەزارەتەش بەپێی یاسا دامەزراوە لە یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسی. گشت پێکهات ئایینی و نەتەوەییەکان لە رێزەکانی پێشمەرگەدا هەن و هیچ جۆرە جیاوازییەکیش لەسەر بنەمای ئایین یان نەتەوە و نەژاد لە ریزی هێزەکانی پێشمەرگە بوونی نییە و بە هیچ شێوەیەک رێگای پێنادرێ. ئەرکەکانی پێشمەرگە ئێستا بریتین لە بەرگریکردن و پاراستنی هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ هیزەکانی عێڕاق دژ بە هەر چالاکییەکی تیرۆریستان.
..
بوونی هێزی پێشمەرگە بەشێویەکی یاساییە بەپێی بڕگەی (5) لە ماددەی (121) ی دەستوری عێڕاقی فیدڕاڵی ساڵی 2005 کە ئەرکەکەی بریتییە لە پاراستن وبەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان، لەم بڕگە دەستوورییەدا هاتووە: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی درووستکردنی هێ زەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم.
ئەوەی لە بارەی بوونی میلیشیای چەکداری ئێزیدیش دەگوترێت دوورە لە راستی، چونکە ئێزیدیەکان تەنها فەوجێکی هەیە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگەیە و گشت کار و جوڵانەوەکانی بەپێی فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە و ئێستا بەرگری لە خانەوادە ئێزیدییەکان دەکات کە پێشتر لە چیای شنگ
ال گەمارۆ درابوون، هەندێکی دیکەشیان لە سەنتەری شاری شنگال لە شەڕدان دژی داعش و جگە لەم هێزە فەرمییەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئێزیدییەکان هیچ هێزێکی دیکەی سەربازییان نییە ئەگەر هەر رووداوێکیش لەلایەن ئێزیدییەکان روویدا بێت ئەوا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووە بەڵکو رەفتاری تاکە کەسی بووە.
لە وەڵامی پرسیاری تایبەت بە بوونی زیندانی نهێنی لە کوردستان سەرۆکی شاندی هەرێم وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە هیچ زیندان و گرتووخانەیەکی نهێنی نییە و هەرکەسێک دەستگیر بکرێ بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و دوای ئەوەی راگیراو حوکمی لە دادگاوە بۆ دەرەدچێت رەوانەی دامودەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێ بۆ سەپاندنی سزاکەی بەپێی رێوشوێنە کارپێکراوەکان.
سەرۆکی شاندی کوردستان ئەوەشی روونکردەوە کە لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 دەرچووە کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام ئەوانەی کە بە تۆمەتی تیرۆریش دەستگیر دەکرێن رێگا نادرێ کە مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا بکرێ و بەپێی یاسای مافیان هەیە، بۆ نموونە لەمانگی 6/ی 2014 ەوە (322) کەس دەستگیرکراون بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە، لەو (322) کەسە (83) یان ئازادکراون و (239) کەس ماونەتەوەو لە ژێر لێکۆڵینەوەدان و بۆیان هەیە پارێزەر بگرن و کەس و کاریشیان دەیانبینن.
تا ئێستا بە دەیان رێکخراوی ناوخۆیی و دەرەکی سەردانی گشت بنکەکانی چاکسازی و راگرتن و گواستنەوەیان کردووە بۆ زیاتر ئاگادار بوون لە رەوشی گیراوان.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی شاندی کوردستان تیشکی خستە سەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و لەم بارەیەوە وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆری داوە و بەردەوامیشە بۆ رزگارکردنی ئەو کوردە ئێزیدییانەی کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە رفێندراون و ژمارەیان 5838 کەسە کە 3192 یان ئافرەت و 2646 یان پیاو بوون و تاکو رێکەوتی 16/8/2015 توانراوە 2080 یان رزگار بکرێن لەوانە 785 ژن و 302 پیاو و 483 منداڵى مێ و 510 منداڵى نێر و پێداویستی ماددی و مەعنەوی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بۆ دابین کردوون.
شایەنی باسە کۆبوونەوەکانی خولی نۆیەمی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەمڵی لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان تا رۆژی 18/9/2015 بەردەوام دەبێـت.