حیزبی کۆمۆنیست: بۆرژوازی‌و میدیای نەرویجی هەوڵدەدەن کە پاڵنەری تاونەکەی نەرویج بە شەخسی یان دەستەیەکی دیاریکراوی توندڕەو پاکانەبکەن

0

  سەبارەت بە تاوانی تیرۆریستی هەینی خوێناوی لە نەرویج!

رۆژی هەینی ٢٢/٧/٢٠١١ لەروداوێکی چاوەڕوان نەکراودا لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئۆتۆمبیلێکی بۆمبرێژکراو تەقیەوەو دوای نزیکەی دوو کاتژمێریش بەچەکی ئۆتۆماتیکی هێرش کرایە سەر کەمپێکی هاوینەی گەنجانی سەر بە پارتی کاری فەرمانڕەوا. لە ئاکامی هەردوو ورداوەکەدا ٧٦ کەس کوژران‌و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون. بەپێی راگەیاندنی رەسمی پۆلیسی نەرویجی ئەنجامدەری هەردوو تاوانەکە کەسێکی تەمەن ٣٢ ساڵە بەناوی ئەندرێس بەهرینگ برێڤیك‌.

بێگومان بۆرژوازی‌و میدیای نەرویجی‌و رۆژاوا هەوڵدەدەن کە پاڵنەری ئەم تاوانە بەکاری شەخسی یان دەستەیەکی دیاریکراوی توندڕەو پاکانەبکەن، بەڵام هیچ شتێک لەوە رۆشنتر نیە کە ئەم کردەوە تیرۆریستیە‌ بەرهەمی بارودۆخێکی دیاریکراوی ئابوری‌‌و کۆمەڵایەتیە کە کۆمەڵگای سەرمایەداری بەگشتی‌و سەرمایەداری رۆژاوا بەتایبەتی تێیکەوتوە. ناسیۆنالیزم‌و توندڕەویی ناسیۆنالیستی، راسیزم‌و فاشیزم‌ لە بەرهەمەکانی کۆمەڵگای بۆرژوازین‌و بۆ پاکانەکردنی ئایدیۆلۆژیکی بەرژەوەندیەکان‌و دەسەڵاتی سەرمایە پێویستن! بۆرژوازی ئەگەر لە دەورانی رەونەق‌و گەشەی ئابوریدا دەتوانێ دەرفەت بۆ باڵی چەپی بکاتەوە تا لەرێگای ئەنجامدانی ریفۆرمی ئابوری‌و سیاسیەوە کۆمەڵگا بەرێوەبەرێت، ئەوا لە دەورانی قەیرانی ئابوریدا ،کە دەبێ لەسەر بێمافیی زیاتر‌و وەرگرتنەوەی دەسکەوتەکان‌و داسەپاندنی هەلومەرجی سەختتر بەسەر ژیان‌و گوزەران‌و کاری کرێکاراندا قەرەبووی بکاتەوە، دەرگا بەرووی گەشانەوەی باڵی ڕاست‌و کۆنەپاریزو بیروباوەڕو بزوتنەوە ئۆڵترا راستەکان دەکاتەوە!

تاوانی تیرۆری رۆژی هەینی تاوانیکی شەخسی نیە، تاوانی گروپێکی توندرەوی دینی نیە کە ترسی لە داگیرکردنی ئەوروپا هەیە لەلایەن “پەنابەرانی موسڵمان”ەوە کە هەژاترین توێژی کۆمەڵگای ئەوروپا پێکدەهێنن! ئەم تاوانە پێش لەوەی رووی لە پەنابەران‌و دەرەوەی نەرویج‌و ئەوروپابێت رووی لە ناوخۆی ئەوروپایە. رووی لە چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاری‌و کۆمۆنیستیی چینی کرێکارە لە ئەروپادا. بۆرژوازی دەیەوێ لەرێگای نوێنەرە سیاسی‌یە سەرسەختەکانیەوە باری سەختی قەیرانە ئابوریەکەی بەسەر کرێکارو زەحمەتکێشی ئەوروپادا بشکێنێتەوە. ئەم شەڕە بەشێوەی جۆرواجۆر لەلایەن باڵی راستی دەسەڵات بەدەستی بۆرژوازی‌و تەنانەت چەپیشیەوە لە دژی چینی کرێکار بەرپاکراوە. سەرکەوتنی باڵی راستی-توندرەوی بۆرژوازی لە نەرویج‌و سەرجەم ئەوروپادا لەساڵانی رابردودا لە جەرگەی ئەم قەیرانەدا، لەلایەکەوە رادەی قوڵیی ئەو قەیرانە دەردەخات‌و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو مانایە دەگەیەنێ کە بۆرژوازی ئەوروپا بۆ دەرچون لە قەیرانەکەی ئامادەیە پەنا بۆ گەندەڵترین‌ بیروباوەڕو کۆنەپەرستترین بزوتنەوەی سیاسی بەرێت. تاوان‌و تیرۆری دەستەو رەوتە راستڕەوە توندڕەوەکان تەنها دەتوانێ زرنگانەوەی دەنگی هیرشەکانی ئەوان بێت بۆسەر چینی کرێکارو کۆمەڵگا!

تاوانی هەینی خوێناوی لە نەرویج رادەی ئەو مەترسیەی نیشانی چینی کرێکارو کۆمەڵگای نەرویج‌و ئەوروپا دا کە لەلایەن بۆرژوازیەوە لەجەرگەی قەیرانێکی سەراپاگیرو سەختی سەرمایەداریدا روبەروی بونەتەوە. چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگا تەنها روبەروی هەڕەشەی بڕینی خزمەتگوازری گشتی، بێکارکردن، کەمکردنەوەی کرێ، گرانی‌و چونەسەری نرخەکان، سەپاندنی باج‌و سەرانەی زۆر، بردنەسەری تەمەنی خانەشینی‌و درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن نابنەوە، بەڵکو لەپاڵ ئەوانەدا دەبێ خۆیان بۆ دەستەویەخەبوون لەگەڵ گروپە فاشیست‌و راسیست‌و تیرۆریستە ناسیۆنالیستەکاندا ئامادەبکەن کە بۆ پاشەکشەکردن بە بزوتنەوەی کرێکاری، چاندنی تۆوی رق‌و کینە لەناو کرێکاران‌، زەربەدان لە رەوتی یەکسانیخوازی‌و کۆمۆنیستی‌و مارکسیستی لەناو کۆمەڵگا ئەوروپیەکاندا کە جارێکی تر تارماییەکەی بەسەر ئەوروپادا دێتو دەچێ، لەلایەن بۆرژوازیەوە دەخرێتەوەگەڕ! چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاری‌و کۆمۆنیستی ئەوروپا دەبێ حسابی جدی بۆ ئەم مەترسیەی بۆرژوازی بکەن.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٦/٧/٢٠١١

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com