نوچەنێت
ئەمڕۆ سێشەممە 892015، پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا لێژنەى دارایی و یاسایی پەرلەمان رابسپێرێت کە راپۆرتى تایبەت بە کەمکردنەوە و رێکخستنەوەى مووچەى فەرمانبەران ئامادە و دواتر پەسەند بکات.
…
دەستەى سەرۆکایەتی پەرلەمان، دوای کۆبوونەوەى لە گەڵ چالاکانی مەدەنى و نوێنەرى چینەجیاوازەکانى هەرێمى کوردستان، بڕیاریاندا، لێژنەى دارایی و یاسایی پەرلەمان رابسپێرێت کە راپۆرتى تایبەت بە کەمکردنەوە و رێکخستنەوەى مووچەى فەرمانبەران ئامادە و دواتر پەسەند بکات.
…
یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانى کوردستان، رایگەیاند، سەرجەم فراکسیۆنەکان سوورن لە سەر چاکسازى و دادپەروەرى لە مووچەى فەرمانبەراندا، بەو مەبەستەش چەند پڕۆژە یاسایەک خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە.
…
جەعفەر ئیمنکى جێگرى سەرۆکی پەرلەمانى کوردستان، ئاماژەى بەوەدەکات، دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و فراکسیۆنەکانى پەرلەمان لە هەماهەنگیدا دەبن بۆ ئەوەى بەزووترین کات پڕۆژەى دادپەروەرى لە مووچەی فەرمانبەران و پلەتایبەتەکان رێکبخرێتەوە.
…
عەلی مەحموود، چالاکى مەدەنى و رێکخەرى گردبوونەوەکەى ئەمڕۆی بەردەم پەرلەمان، گوتى ” ئەمڕۆ داخوازی دادپەروەرى لە دابەشکردنی سەروەت و سامان بۆتە داخوازی جەماوەرى خەڵکى کوردستان،.
….
بە ئەنجامدانى خۆپێشاندانەکانی عێراقیش ئەو داواکارییە بۆتە داواکارى خەڵک و هەموو خوازیارن چاکسازییەکانیش کوردستانیش بگرێتەوە، بۆ ئێمە تەنها شەریکە بەشی بڕیارە خراپەکانى بەغداد بین.
…
داواکارییەکان بە کورتی بریتین لە:
..
1_ جیاوازى مووچە لە نێوان بەرزترین و کەمترین مووچە لە هەرێمى کوردستان بە پێى پێوەرە نێودەوڵەتیەکان بێت.
2_ خانەنشینى سەرجەم پەرلەمانتارو وەزیر و پلەباڵاکان رێکبخرێتەوە بە پێی یاسایی تاێبەت بە خانەنشینى ،
3_ ئەوانەى هیچ خزمەتێکى گشتییان نییە و خانەنشین کراون لە دەرەوەى یاسا بدۆزرێنەوەو هەڵیبوەشێنرێنەوە.ئەوەى خانەنشینى پێشمەرگەیە بخرێتە سەر خانەنشینى پێشمەرگە و سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان بە پلەى شایستە خانەنشین بکرێت کە لە گەڵ مێژووى تێکۆشانیان بگونجێت.
4_ ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ خەرجی سیادى دەچێت بۆ بەغداد ببڕدرێت.
5_ سنوورێک بۆ دامەزراندنى راوێژکارو پلەباڵاکان لە سەر بنچینەى حزبی دابنرێت.
6_ دامەزراندن بۆ کەمکردنەوەى هەژارى بێت لە کوردستان.
7_ سنوورێک بۆ بە تاڵان بردنى سامانى سروشتى کوردستان دابنرێت.
..
عەلى حەمە ساڵح ئەندام پەرلەمانى کوردستان، لە لێدوانێکى تایبەتدا بە نوچەنێتی گوت” ئێمە پێشتریش پڕۆژەمان پێشکەش کردووە و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکرێ و پێویستە بە پێى یاسا مووچەى پلە تایبەتەکان کەم بکرێتەوە و کێشەى خانەنشینى پلە تایبەتەکان چارەسەر بکەین.
..
ئەم پڕۆژەیە خوێندنەوەى بۆ دەکرێ و دەخرێتە دەنگدان، ئێمە پشتیوانى دەکەین و لە گەڵ چەند لایەنى دیکەش قسەمان کردووە ئەوانیش پشتیوانیان کردووە و دەبێ بە زۆرینەى دەنگ پەسەند بکرێ.
هەوەها گوتیشی، ئەو چالاکییە مەدنیانە کە دەکرێ کاریگەری زۆریان هەیەلە سەر پەسەندکردن و جێبەجێ کردنى هەر یاسایەک.