نوچه‌نێت-عه‌ره‌بی جه‌دید
رێكخراوی سه‌لام تایبه‌ت به مافه‌كانی مرۆڤ له عێراق ده‌ڵێت ته‌نیا له مانگی رابردوودا 300 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی عێراقیان به‌ره‌و ئه‌وروپا به‌جێهیشتووه. وه‌ك رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت چه‌كداره‌كان نووسراوی ساخته‌یان درووستكردووه كه ده‌ریبخات ئه‌وان خه‌ڵكی ئه‌نبار و موسڵن. به‌رپرسێكی حه‌شدی شه‌عبیش ده‌ڵێت ئه‌وانه به‌هۆی پشتگوێخرانیان له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غداوه وڵاتیان به‌جێهێشتووه.
محه‌مه‌د عه‌لی سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه به عه‌ره‌بی جه‌دیدی وتووه “مانگی رابردوو لانیكه‌م 300 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی به سودوه‌رگرتن له‌و كۆچه به‌كۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی موسڵ و ئه‌نبار، چوونه توركیا و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا هه‌ڵاتوون”.
عه‌لی وتوشیه‌تی چه‌كداره‌كانیان بۆ ئاسانكردنی كاره‌كانیان نووسراوی فه‌رمیی عێراقییان ساخته‌كردووه كه ده‌ریبخات خه‌ڵكی ئه‌نبار و موسڵن و به ناچاری ناوچه‌كانیان به‌جێهێشتووه، ئه‌ویش بۆ فریودانی رێكخراوه مرۆییه‌كان و ئاژانسه‌كانی ی‌و ئێن و حكومه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی رووی تێده‌كه‌ن.
عه‌لی كه یاساناسێكی عێراقییه وتویه‌تی “جێگه‌ی داخه بكوژ و قوربانی هه‌مان ئاستدا پێشوازییان لێبكرێ” داوایشی له په‌یوه‌ندیداران كردوه وردبینی ته‌واو له به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆچبه‌ران بكه‌ن، چونكه زۆرێك له‌و چه‌كدارانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له كرده‌ی كوشتندا تێوه‌گلاون.
لای خۆیشیه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌ك له حه‌شدی شه‌عبییه‌وه وتویه‌تی كه پشتگوێخرانی ئه‌ندامانی حه‌شد له‌لایه‌ن و حكومه‌ت و سه‌رقاڵی حیزبه سیاسییه‌كان به ململانێی ده‌سه‌ڵاته‌وه، بووه‌ته‌هۆی زیانێكی زۆر له ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا.
سه‌رچاوه‌كه وتوشیه‌تی به‌جێهێشتنی به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی حه‌شده‌وه، وایكردووه پاشه‌كشه له‌به‌رامبه‌ر داعش درووستببێت، به‌وهۆیه‌شه‌وه سزا بۆ چه‌ندین ئه‌ندامی حه‌شد ده‌رچووه، ئه‌و سزادانه‌ش پاڵنه‌رێكی دیكه‌ی هه‌ڵاتنی چه‌كدارانی حه‌شده به‌ره‌و ئه‌وروپا.
به وته‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، هه‌ڵاتنی ئه‌ندامانی حه‌شد له ئاستێكی وه‌ها ترسناكدایه، كه فه‌رمانده‌كانی ئه‌و میلیشیایه له ئاماده‌سازیدان بۆ ئه‌وه‌ی یاسایه‌ك ده‌ربچێنن كه كۆچكردنی ئه‌ندامانی سه‌رجه‌م هێزه سه‌ربازییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق قه‌ده‌غه بكات هه‌تا شه‌ڕی داعش كۆتایی دێت.