هەڵکەوت زاهیر سەرۆکی حکومەت وەک هەندێ سەرکردە نییە قسەی بێکرداری هەبێ، ئەوەی دەیڵێ بەشێکی کەمە لەوەی دەیکات

0

ئاگامان لێ نەبێ هونەر بەکار دەبرێ بۆ کوشتنی رۆحی نەتەوەیی و روخاندنی ورەو خۆراگریمان

ئالان عومەر. نوچەنێت

ئاوازدانەرو هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر، ساڵانیکە خزمەت بەهونەرو دەکات جگە لەوەی خاوەنی سەدان ئاوازە، بەهاوکاری و پشتیوانی ئەو چەندین ئافرەت هاتونەتە بواری هونەر و وەک هونەرمەندێک دەرکەوتوون، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ نوچەنێت، پێی وایە  کوردستان لە ئێستادا لە باورودۆخی جەنگدایە ئەوەش پیویست دەکات هونەرمەندان لەڕێی هونەرەوە بەشداری لەو جەنگەدا بکەن.

ئالان عومەر: با سەرەتا بپرسین خەریکی چ کارێکن، چیتان لەبەر دەستە  وەکو کاری هونەری؟

هەڵکەوت زاهیر: من بەردەوامم، بە کۆمەڵیک پرۆژەو کاری نوێوە خەریکم، لە ئیستادا چەند بەرهەمێکی نیشتیمانیم چونەتە قۆناغی کلیپ کردنەوە، یەک لەوبەرهەمانەی کە بۆ شەهید هوجام بوو بڵاوکرایەوە بەدەنگی هونەرمەند شانیا. چرای شەهید بە دەنگی کچە هونەرمەندی فارس نیدا ، رابن رابن بە دەنگی هونەرمەند میرا ، ئەمانە چەند بەرهەمێکی نیشتیمانی بوو،  بەرهەمی نوێترم چرای ئەفسانەیە بە دەنگی هونەرمەند نیدا ئەو بەرهەمە بەشێوەی کوردی فارسیە فادی حەداد کاری دەر‌هێنانی بۆ کلیپەکەی کردوە لە ووڵاتی لوبنان، چەند  پرۆژەیەکی تر نێستیمانیشم لەبەردەستە کاریان لەسەرئەکەم، لەوانەش بۆ هونەرمەند ئالان عومەر، بۆ ئێوە کەچەند کارێکمان لەبەردەستە.

ئالان عومەر: بەڵام ماوەیەکە شێوەیەک لە ساردبونەوە دەرئەکەوێت لە کارەکانت، وەک ئەو کاتە نیت کە گەرایتەوە کوردستان و لەساڵێکدا چەند ئەلبومێکت دەخستە بازارەوە؟

هەڵکەوت زاهیر: بەهۆی باروودۆخی کوردستان کە لە ئیستا لەجەنگدایە، هەروەها قەیرانێکی دارایی زۆر خراپ هەیە، زۆربەی شەریکەکان لە کوردستان وەستاون، کاری هونەریش یان بەهاوکاری حکومەت، یان شەریکەکان دەکرێت، کە حکومەت کێشەی دارایی هەبێت و شەریکەکانیش کارەکانیان راگرتبێت، بەزەحمەت سپۆنسەری کاری هونەر دروست دەبێت، رەنگە ئەوانە هۆکار بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من ئێستا پر لەکارم لە کوردستان.

لەم دووساڵەی رابردوودا، چەندین بەرهەمی هونەریم هەبووە، جگە لەزمانی کوردی بە زمانی عەرەبیش بەرهەمم هەبووە، هەروەها بەچەند زمانیکی دیکەش، ئێستا دۆخی کوردستان ئەو دەرفەتەی تیا نیە، بەو شێوازە زۆرەی ئەوکات کار بکرێت.

بەڵام یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە، کە دوای تەجروبەیەکی زۆر، وردتر کار دەکەم و کاتی زیاتر ئەدەم بەو کارانەی کەدەمەوێ بیکەم، ناشمەوێ پەلە بکەم لەهەڵبژاردنی کەسێک یان رازی بوون بەداواکاری کەسێک بۆ کارلەگەڵکردنی، ئەوکاتە ئامانجێکی سەرەکیم هەبوو، کە هەنگاوی یەکەم دەبێ گەشە بە گەنج بدەین و کار بۆ زۆربونی هونەرمەندی گەنج بکەین، گەشە بە رۆڵی ئافرەت بدەین لە گۆرانیدا و هاوکاری هاتنە مەیدانیان بین. ئەتوانم بڵێم لەوەشدا سەرکەوتین، لەئێستاشدا کار لەسەر هەڵبژاردنی شتی باش دەکەم.

ئالان عومەر: ئەوبەرهەمەی کە بۆ پێشمەرگەت ئامادە کردبوو بە دەنگی کچە گۆرانی بێژی فارس، نیدا، ویستت چی بەپێشمەرگە بڵیی لە رێیەوە و چی بە گوێگر؟

هەلکەوت زاهیر: وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، کوردستان لەدۆخی جەنگدایە، ئەو دۆخەش وامان لێدەکات زیاتر کاری نیشتیمانی بکەین، ئێمەش مەبەستمانە کە نەوەی داهاتوو رۆڵی ئەم قۆناغە وەک مێژویەک  بزانن و زانراو بێت، ئەوەش بەکاری هونەری دەکرێت، هونەر ئەتوانی وەک ئەرشفێکی مێژووی هەرچی رووداوە تۆمار بکات و هەمیش زیندوو بیهێڵێتەوە، هەروەها کاریگەریشی هەیە لەگەیاندنی رووداوەکان وەکو خۆی، بۆیە گرنگە لام هونەر لەم دۆخەی کوردستان پێشمەرگەبێت لەگەڵ پێشمەرگە.

لەبارەی ئەو بەرهەمەوە، گرنگە هەموو نەتەوەکانی دەوروبەرمان وەک خۆی رۆڵی پێشمەرگەو دۆخی کوردستان بزانن، فارسیش یەکێک لەنەتەوەکانی دەوروبەرمانە، من تەجروبەم هەمیشە لەسەرزمانەکە هەبوە، ئەوەش یارمەتیدەر بوو، کە کاتێک بۆ یەکەم جار هونەرمەندێکی فارس گۆرانی بەکوردی فارسی بڵێت، توانی سەرکەوتوبێت، ئەوە تاقیکردنەوەیەکی باش بوو سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێنا، توانی وەک فارسییەکە بەشێوەیەکی باش کوردییەکەش ئەدا بکات و گۆرانی بۆ شەهیدانی کوردستان بڵێت، ئەویش بۆخۆی فکرەکەی پێ باشبوو و پەسەندی کرد.

لەو بەرهەمەدا ئەوەی کەدەمانویست پێی گەشتین، دەمانویست خزمەت بەناوبانگی شەهید و پێشمەرگە بکەین کردمان، شێوەیەک هاندانی زیاترمان بۆ هەبێ بۆ قارەمانێتی پێێشمەرگە کردمان، و قارەمانێتی پێشمەرگەمان بەخەڵکی فارسیش گەیاند.

ئالان عومەر: لە داهاتوودا لەگەڵ نیدا بەردەوام دەبن لەکاری هونەری یان ئەوە دواکار بوو؟ ئەگەر کاری ترتان بەدەستەوەیە بەزمانی کوردی دەبێت یان فارسیش؟

هەڵکەوت زاهیر: تائێستادا دوو بەرهەمم کردوە بۆ نیدا،  کە بە زمانی کوردییە بەرهەمێکیان لە تیکستی مامۆستا حەمە سەعید حەسەنە، ئەوی تریان تیکستی خۆمە، هەم بە فارسی و هەم بە کوردی لە پرۆژەمدایە کە پێکەوە کار بکەین.

ئالان عومەر: ئێستا کوردستان لە دۆخی جەنگدایە، ئێوەش وەک وتتان بەکاری هونەری بەشداری ئەو جەنگەن، هونەر لە دۆخی جەنگدا ئەتوانێت چی بکات؟ تا چەند گرنگی خۆی هەیە؟ بۆچی گرنگە؟

هەڵکەوت زاهیر: هونەر ئەتوانێ رۆڵێکی یەکجار گرنگی هەبێ، لە رووی هاندان و حەماسی نەوەکان و گەنجەکانمان و ووشیار کردنەوەی خەڵک، هونەر ئەتوانێ بەشدار بێ لەزیندوو راگرتنەوەی رۆحی بەرەنگاری، لەتاودانی رۆحی نیشتیمانپەروەری و وڵات پارێزی، هونەر دەتوانێ مێژوو بنەخشێنێ، مێژوو تۆمار بکات، ئاگامان لێ نەبێ بەپێچەوانەوە هونەر بەکار دەبرێ بۆ کوشتنی رۆحی نەتەوەیی و نیشتیمان پەروەری لەناوماندا، بۆ روخاندنی ورەو خۆراگریمان، بۆیە دەبێ لەمکاتەدا هونەریش بەشداری لەو جەنگەدا بکات و رۆڵی خۆیی پێ بدەین.

ئالان عومەر: قەیرانی دارایی هەتا چەند قەیرانی بۆ هونەریش دروست کردوە ؟ ئەگەر کێشەی دروست کردوە کێشەکە لە چیدایە؟ حکومەت هاوکاری ناکات یان کۆمپانیاکانیش پاشکشەیان کردوە لە هاوکاری هونەری؟

هەڵکەوت زاهیر: قەیرانی دارایی کێشەیەکی زۆری دروستکردووە، ئەگەر حکومەت بودجە و دارایی نەبێ شەریکەکانیش ئیشیان کەم ئەبیت، شەریکەکانیش  ئیشیان نەبێ ناتوانن سپۆنسەری کاری هونەری بکەن.

تا ئێستا من کە ٣-٤ بەرهەمم کردووە، هەوڵمانداوە لەسەرتوانای خۆمان لەسەر ئەرک و بودجەی خۆمان کاری بۆ بکەین. هیچ کۆمەکێک لە هیچ شەریکات یان حکومەت وەرنەگیراوە، بەداخەوە قەیرانەکە تەئسیریکی زۆری کردووە هیوادارم ئەو قەیرانەش کۆتایی پێ بێت، هەم خەڵکی کوردستان ژیانیان باشتر بێت هەمیش هاوکاری کاری هونەری و فەرهەنگی بەپێی پێویست بکرێت.

ئالان عومەر: سەرۆکی حکومەت لە ووتارێکدا ووتی، وێڕایی قەیرانەکان لە پشتیوانیکردنی هونەروو فەرهەنگ بەردەوام ئەبین، هیچ زانیاریەکت هەیە لەو بارەوە ؟ جۆن ئەو پشتیوانیە ئەکەن؟

هەڵکەوت زاهیر: من چەند ساڵێک لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی حکومەت لەحکومەتدا کارم کردووە، سەرۆکی حکومەت  هەمیشە دڵسۆز و خەمخۆر بووە بۆ بواری هونەر و کلتورو، هاندانی هەبووە بۆ گەشەدان بەتواناکانی گەنجان و ئافرەتان بەتایبەتی و هونەریش بەگشتی، لە هەموو رویەکەوە بەسینەما و بەمیوزیک و شانۆو شیوەکاری و هەموو بوارەکان، ئەو پەیامەی جەنابیان ئومێد بەخشە، سەرۆکی حکومەت کەسایەتی وایە، یان پەیام نادات، یان کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات، چونکە بێ دیراسە قسە ناکات واتە وەک هەندێ سەرکردە و سیاسی تر نییە قسەی بێکرداری هەبێ، بەڵکو ئەوەی دەیڵێ بەشێکی کەمە لەوەی دەیکات.

 

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com