ئەسعەد عەزيز
رۆژى ٢/٩/٢٠١٥ يەكگرتووى ئيسلامى كوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان و كۆمەڵى ئيسلامى و يەكێتى نيشتمانى كوردستان، سەبارەت بە پرسى سەرۆكى هەرێمى كوردستان كۆبوونەوەيەكيان ئەنجامدا.
دوابەدواى كۆبوونەوەكە بەياننامەيەكيان بلآوكردۆتەوە، كە تێيدا جەخت لە سەر ئەو راپۆرتەى ليژنەى ياسايى پەرلەمان كراوەتەوە، كە لەلايەن چوارحزبەكەوە پێشكەشى پەرلەمان كراوە و پێداگيرى لەسەر هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم لە رێگەى پەرلەمانەوە دەكرێت.
ئەگەرچى لەلايەن حزبەكانەوە وا راگەياندراوە، كە ئەو كۆبوونەوانە بەمەبەستى دۆزينەوەى رێگاچارەيەك بۆ قەيرانەكان ئەنجامدەدرێن، بەلآم دواى ئەنجامدانى شەش كۆبوونەوە چوارلايەنەكە بەياننامەكيان دەركرد كە بەپێى قسەى بەرپرسێك لە يەكێتى نيشتمانى كوردستان، گەڕانەوەيە بۆ خاڵى سەرەتا.
بەرپرسێكى يەكێتى نيشتمانى كوردستان، كە نەيويست ناوى ئاشكرابكرێت بە نوچە نێتى راگەياند، كۆبوونەوەكان بەمەبەستى دۆزينەوەى رێگاچارە بۆ قەيرانى سەرۆكى هەرێم ئەنجامدران، بەلآم پێداگيرى كردنى هەموو ئەو لايەنانە لەسەر هەمان داواكارى، گەڕانەوەيە بۆ خاڵى سەرەتا، بۆيە گەشبين نين بە چارەسەرى كێشەكان.
هەروەها بەهار محمود، ئەندامى پەرلەمانى كوردستان لەسەر ليستى بزووتنەوەى گۆڕان گوتى، داواكارييەكەى ئێمە داواكارييەكى ياساييە و نامەوێت بە پێشبينى قسە لەسەر هيچ شتێك بكەم، چونكە دەمانەوێت واقعەكە ببينين و لەگەڵ واقعەكە تەعامول بكەين.هەروەها گوتيشى، پابەندين بەو راپۆرتەى كە ليژنەى ياسايى ئامادەى كردووە.
ئەبوبەكر هەڵەدنى، ئەندامى پەرلەمانى كوردستان لەسەر ليستى يەكگرتووى ئيسلامى كوردستان، سەبارەت بە دەركردنى بەياننامەكە دەڵێت، كۆبوونەوەكەى ئێمە كۆبوونەوەيەكى راوێژكارى بوو، بۆيە راگەياندنەكانيش چاوەڕوانى ئەنجامبوون كە لە كۆبوونەوەكەدا چى باسكراوە، بۆيە پێمان باشبوو لە جياتى چوار بەياننامە هەموومان يەك بەياننامە دەركەين، كە روئياى لايەنەكان بوو بۆ سازان و چارەسەرى پرسى سەرۆكايەتى هەرێم.
سەبارەت بەو رايەى كە دەركردنى وەها بەياننامەيەك گەڕانەوەيە بۆ خاڵى سەرەتا، ئەبوبەكر هەڵدنى گوتى،
پارتى ديموكراتى كوردستان، نەيانويست لەسەر ئەو بەياننامەيە لێدوان بدەن و پێيانوابوو، هێشتا زووە بۆ قسەكردن تا دواى كۆبوونەوەكەى رۆژى يەكشەممە.
دواى ئەنجامدانى شەش كۆبوونەوە لەنێوان پێنج حزبە سەرەكييەكەى كوردستان، بەمەبەستى چارەسەركردنى قەيرانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان، بڕيارە رۆژى يەكشەممەى داهاتوو، كۆبوونەوەيەكى تر لە هۆڵى سەعد عەبدوڵلآى شارى هەولێر ئەنجامبدرێت.