سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێک لەبارەی وێنەی تەرمی ئەو منداڵە کوردەی کۆبانێ کە لەنێو ئاودا خنکا بڵاودەکاتەوە و بە سیمبۆلێکی دیکەی مەزلوومیەتی گەلی کورد وێنای دەکات.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕاگەیێندراوێک لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان
وێنەی تەرمی ئەو منداڵە کوردەی کۆبانێ کە لەنێو ئاودا خنکاوە ویژدانھەژێنە و سیمبۆلێکی دیکەی مەزلوومیەتی گەلی کوردە لە جیھان. ئاڵان و خانەوادەکەی کە ڕێگەی جێھێشتنی وڵاتی خۆیان و کۆچیان گرتەبەر نموونەی بەشخوراوی و ئەو زوڵمەن کە بە درێژایی مێژوو و لە قۆناغی جیاجیادا دەرھەق بە میللەتی کورد کراوە.
ھەموو جیھان بەرپرسە لەوەی گەلی کوردستان بپارێزێن و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی کارەسات لە ژیانی ئینسانی کورددا بگرن. کاتی ئەوە ھاتووە کۆتایی بە ئاوارەیی و تڕاژیدیا و نەھامەتییەکانی گەلی کورد بێت و لەسەر خاکی خۆیان بە ئاشتی و سەربەرزی بژیین.
لەگەڵ ئەوەی داوا لە ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان دەکەین خاکی خۆیان جێنەھێڵن، داوایش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئازاد دەکەین یارمەتی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بدەن کە ڕوویان لە ئەوروپا کردووە و بیریش لەوە بکرێتەوە کە سەرچاوەکانی ئەو زوڵم و جیاکارییە بنبەڕ بکرێت کە لەدژی گەلی کوردستان و ھەموو گەلانی مەزلوومی جیھان دەکرێت.
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان
٣ـی ٩ـی ٢٠١٥