دوا رۆژ بۆ ئێرانە، یان وڵاتانی ناوچەکە ؟

0

عەزیز ئەحمەد حەمە . تایبەت بەنوچەنێت

ترسی ووڵاتە عەرەبیەکان لە ئێران، لە گەورەبوونی هەژموونی ئێران لەناوچەکەدا، تادێ گەورەتر دەبێت، بەتایبەت پاش ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک و دەرئەنجامەکانی بەهاری عەرەبی بەسەر وڵاتانی ناوچەکەوە.

بەهاری عەرەبی بارودۆخێکی وای هێنایە ئاراوە، کە عەرەب زیاتر لە جاران  پەرتەوازەترو بێ هێزتر بن، ئێرانیش زیاتر لەهەر لایەکی تر هەوڵی داوە و  دەدات، کە ئەم  دۆخە بەباشترین شێوە لەبەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوەو زۆرترین سودی لێوەرگرێت.

حکومەتی وڵاتانی عەرەب، بێ ئاگا نین لەنیازی ئێران و پاوانخوازیەکانی لەناوچەکەدا، هەروەها ئاگاداری ئەو دۆخە ئاڵۆزەن ئەنجامەکانی بەهاری عەرەبی دروستیکردووە و دەزانن چەند درز لەئاسایشی نەتەوەییاندا دروست بووە، کە ئاسانکاری بۆ ئێران بکات بۆ هاتنە ناوەوە، بۆیە بەشێوەیەکی تا ئاستێک درەنگ وەخت، هاتونە دەست بۆ رێگری لەو هەژمونەی ئێران کەئێستا بەرەو زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دەکشێ، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ ئەوان دەتوانن رێگە لەئێران بگرن، یان تا کۆتا ئێران براوەی گەمەکە دەبێت ؟

ستراتیژیەتی بەهێزی ئێران لەبەرانبەر لاوازی عەرەب دا

وڵاتانی عەرەبی کە ئێستا ترسی گەشتنی ئێرانیان هەیە بەوڵاتەکەنیان، لەلایەن رۆژئاواو گەورە وڵاتانی جیهانەوە، پشتیوان و هاوکاری دەکرێن، خاوەنی سامانێکی گەورەی نەوت و وزەن و بۆندی بازرگانی گەورەیان لەگەڵ جیهاندا هەیە، بەو هۆیەشەوە سامانێکی گەورەی مادییان هەیە کەئەگەر دەستێکی پاک بەگەڕی بخات لەناوچەکەیاندا هەژاری بنەبڕ دەکرێت، لەبەرانبەریشدا ئێران دەیان ساڵەو تاکو ئەمرۆش لەژێر ئابڵوقەیەکی روخێنەردا بووە، ئابڵوقەیەک کەدەرفەتی بوژانەوەی ئەو وڵاتەی بەبەراود بەوڵاتانی عەرەبی لاوازکردووە.

بەڵام هێشتاش هەژموونی ئێران بەرەو ئەو وڵاتانە، لەپێشڕەویدایە، ئەو وڵاتانەش تائەمرۆ لەچاوەڕوانی ئەمریکایەکی فریاد رەس بۆیان، دەسەوسان بوون، بۆیە کاتێک بەیەک گەشتنی ئێران و ئەمریکا دەبینن لەسەر عەقدێک کەلەسەری واژۆی لێک تێگەشتن دەکەن، شۆک دەیانگرێت و دەکەونە پەلەکردن بۆ خۆ رێکخستنەوە.

لێ پرسیار ئەوەیە :

ئایا ئێرانێکی ئابڵوقە دراو، بۆچی دەتوانێ دەستی بەوڵاتانی عەرەبی بگات؟

بەڵام وڵاتانی عەرەبی بەو هەموو هێز و توانا مادیی و پشتیوانییە جیهانییەوە کەهەیانە، هاوکات بەو هەموو هاوسۆزییەی کە لەرۆژئاوا هەیانە بۆ دژایەتی ئێران، بۆچی ناتوانن نەک بگەنە ئێران، بەڵکو پێشڕەوییەکانی ئێران بەرەو ناوجەرگەی وڵاتەکانی خۆیان رابگرن ؟

بێگومان وەڵامی ئەو پرسیارەش روونە، کەئەوەیە ئێران ئەگەرچی لەرووی مادییەوە دەستکەوتی کەمتر بێت لە ئەوان، بەڵام قوتابخانەیەکی گەورەی فکری هەیە، بۆ پەروەردەکردنی خەڵک و دانانی ستراتیژیەتێک بۆ بەردەوامیدان بەمانەوەی ئێران و زیندووراگرتنی ئەو ئامانجانەی رژێمەکەی لەپێناویدا دروستکردو و بۆ سەرەنج راکێشانی خەڵکی وڵاتانی دەرەوەی خۆی و دانانی گەرا تێیاندا.

هەر ئەو ستراتیژەش بوو، کەلەگەڵ هەبوونی کێشە گەلێکی ناوخۆیی لەئێراندا، نەیهێشت پریشکی پشێوییەکانی ناوچەکەی بگاتێ و ئالۆزیی وڵاتانی عەرەبیشی لەبەرژەوەندی خۆی قۆستەوەو بووە خاوەنی پرسەکە، توانی کەڵک لەهەر کەلێنێک وەربگرێت، کەخرۆشانە جەماوەرییەکانی عەرەب دژ بەحکومەتی وڵاتەکانیان دروستیکرد، و بەهۆیەشەوە دەستی بەچەندین وڵات گەشتووە، کە ئێستا خاوەن بڕیار و هەژمونە بەسەریانەوە و بەرەسمیش ئەوەی راگەیاندووە.

لەو بارەیەوە زیاتر لەجارێک،  ئێران لەسەر زمانی گەورە بەرپرسەکانییەوە بەڕونی سەرکەوتنی خۆی راگەیاندووە، وەک ئەوەی، حەیدەر مەسڵەحی وەزیری پێشوی هەواڵگری ئێران، وتی، “چوار پایتەختی ووڵاتانی عەرەبی، لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە”، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ ئەوەی پشتراستکردەوە کە ئێران بەئەندازەیەکی گەورە هەژموونی بەسەر هەرچوار پایتەخت، بەغداد، دیمەشق، بەیروت و سەنعا وە هەیە.

هەروەها مثنى حارث الضاري، کەسایەتی عەرەبی سونەی عێراقیش دەڵێت”عێراق لەلایەن ئێرانەوە داگیر کراوە، تەنها هێندە ماوە بەفەرمی دان بنرێت بەم داگیر کردنەدا”.

بەر لەوەش ئاشکراترو ڕاوێژکاری سەرۆکی ئێران، عەلی یونسی، هەیمەنەی ئێرانی لەناوچەکەدا بەگوێی جیهاندا داو وتی”بەغدا پایتەختی نوێ ی ئیمپراتۆریەتی ئێرانە”.

بۆیە بەڕوانین لەگوفتارو ڕەفتاری ئێرانییەکان، چاودێران هەست بەترسێکی گەورەی وڵاتانی عەرەبی و لەسەروی هەموشیانەوە ووڵاتانی کەنداو، بەپلەی یەکەمیش عەرەبستانی سعودی دەکەن لەئێران.

پردێک بۆ گەشتنی ئێران بەوڵاتانی عەرەبی

ئێران وڵاتێکی گەورەی ناوچەکەیە، نزیکەی هەشتا ملیۆن کەس دانیشتوانیەتی وخاوەنی سەرزەمینێکی گەورەو فراوانە کە چوار هێندەی ووڵاتی عێراقە، لەدوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، هیوایەک لای شیعە مەزهەبەکانی ناوچەکە دروست بوو، کەلەرێیەوە ئیلهام و پشتیوانییان پێ بگات بۆ رزگاربوون لەستەمی ئەو حکومەتانەی کەبەناوی سوننەوە بەڕێوەی دەبردن و بێ مافی دەکردن.

عاقڵمەندانی جمهوری ئیسلامی ئێران، لەسەرتای دامەزراندنی حکومەتەکەیانەوە، دڵنیابوون لەوەی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکەش ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ململانێ دەبنەوە، بۆیە بێ پەیام نەبوون بۆ خەڵکی شیعە مەزهەبی ناوچەکەو لەئەنجامی درێژ مەوداشدا بێ بەرنامە نەبوون بۆ گەیاندنی هاوکاری و پشتیوانی مادی و مەعنەوی پێیان.

ئەوەش وایکرد لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەرزوو وڵاتانی ناوچەکە بێنەخۆو حکومەتی بەعسی عەرەبی وەک قەڵغانێک لەبەردەم رێگری ئێران بۆ گەشتن بەوڵاتەکانیان بەهێز بکەن، تائاستێکی زۆریش ئەم هەوڵەی وڵاتانی عەرەب و رۆژئاواش بۆ بەهێزکردنی عێراق لەبەرانبەر ئێراندا سەرکەتووبوو، تا ئەوکاتی خودی عێراق خۆی بووە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، و ئەمریکا بەهاوکاری وڵاتانی هاوپەیمانی حکومەتی بەعسی رووخاند.

لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حوسێن ئەو قەڵغانەی بەردەم بەپراکتیزەکردنی ستراتیژیەتی قوتابخانە فکرییەکەی ئێران هەرەسی هێناو دەروازەکان بۆ ئێران کرانەوە، هەبونی خەڵکێکی شیعە بەبێ ماف، لە هەریەک لە وڵاتانی عێراق، لوبنان ،بەحرەین، سعودیە، یەمەن ،سوریا، کوەیت، بووە پردێک بۆ گەشتنی ستراتیژیەتی ئێران، بەوڵاتانی دەوروبەری.

بەڵام لیرەشدا دیسان لاوازی عەرەب بەرانبەر بەستراتیژیەتی ئێران دەردەکەوێت، چونکە لەناوخۆی ئێرانیش مەزهەب و نەتەوە گەلێک هەن، کەهەست بەماف خوراوی دەکەن و هیچ ستراتیژییەتێک لەگۆڕێ نەبووە و نییە، کەئەوان بکاتە پرد و لەڕێگایانەوە بگاتە ئێران.

عەرەب و بەدەنگهاتنێکی دەرەنگ وەخت

وڵاتانی عەرەب لەمێژە هەست بەمەترسی ئێران دەکەن، نایشارنەوە کە “مەترسی ئێران بۆسەر عەرەب گەورەترە لە مەترسی ئیسرائیل”.

بەڵام لەچاوەڕوانی ئەمریکای هاوپەیمانیان بێ ستراتیژ و بەرنامەبوون بۆ رێگری لەدرێژبونەوەی هەیمەنەی ئێران بۆ وڵاتەکانیان، تا ئەوکاتی ئەمریکا و ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران رێکدەکەون و ئابڵوقە ئابورییەکانی سەر ئێران هەڵدەگرن، لەدوای رێککەوتنەکە دەکەونە خۆ بۆ خۆ رێکخستن و ئامادەکاری رووبەڕووبونەوەی ئێران.

لەدوای ئەو رێککەوتنە تاریق ئەلشفەمەری بەرپرسی پەیوەندییەکانی کەنداو و نێودەوڵەتی دەڵێت”ئەو رێککەوتنە هەڕەشەیە بۆسەر بەرژەوەندیەکانی عەرەب و کەنداو”. هەروەها بەرپرسی هەواڵگری پێشوی سعودیەش  ترکی فەیسەڵ پێی وایە”ئیمزا کردنی ڕێککەوتننامەی ئێران و ووڵاتانی پێنج کۆ یەک، دەبێتە هۆی پێشبڕکێیەک بۆ خۆپڕ چەککردنی ووڵاتانی ناوچەکە”.و نوسەری عەرەب هشام ئەلغەنام یش لە ڕۆژنامەی ئەلحەیات دەنوسێت”پەیماننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لەلایەن ڕۆژئاواوە، دەست و پێی ئێران دەکاتەوە بۆ ئەوەی بە ئارەزوی خۆی لەناوچەی کەنداو بەرنامەو پیلانەکانی پڕبەدڵی خۆی جێ بەجێ بکات”.

ئەم ترسەش وایکرد وڵاتانی عەرەب پەلە بکەن لەدروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەلکێشی ئێران بۆ ناوچەکە، بەڵام بەبڕوای چاودێران دروستکردنی هاوپەیمانی عەرەبی بەرابەرایەتی سعودییە بەرانبەر بەئێران بەخۆکەوتنێکی درەنگ وەختە، و دەرئەنجامی ترسە لەوازهێنانی ئەمریکا لەدژایەتی ئێران و زیاتر کرانەوەی دەستی ئێران، درەنگ وەختی ئەم وەخۆکەوتنەش کاریگەری بەسەر ئەنجامی هەوڵەکانی ئەو هاوپەیمانێتییەوە دەبێت، بەشێوەیەک کەلەباشترین دۆخیدا لەتوانایدا دەبێ سنورێک بۆ هەیمەنەی ئێران لەناوچەکە دابنێ نەک پاشەکشە بەهەیمەنەی ئیران بکات.

گەورەتر بوونی مۆتەکەی ئێران

زۆر لە چاودێران پێیان وایە کە جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان سەرۆکی پێشوی ئێران ئەحمەدی نەژادو سەرۆکی ئێستا کە حەسەن ڕۆحانیە، چونکە رۆحانی هەڵەشە نییە، بەشێوەیەکی هێمنتر کار بۆ سەرخستنی ئێران دەکات، توانیویەتی هەنگاو بە هەنگاو ئێران بێنێتەوە ناو کۆڕی نێو دەوڵەتی.

رێککەوتنی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ ئیران تەنها لەبواری پرسی ئەتۆمدا ترسی لای وڵاتانی عەرەبی نەخولقاندووە، بەڵکو ئەو بوژانەوە ئابوریەی ئێرانیش کەلەسایەی رێککەوتنەکەدا سەرەتاکانی دەرکەوتووە و چاوەڕوانکراوە، بەیەکجاری بۆتە مۆتەکەیەک بۆ وڵاتانی دەوروبەری ئێران.

چاودێرانی دۆخەکە وای دەبینن ترسی وڵاتانی عەرەب لەبوژانەوەی ئابوری ئێران لەخۆڕا نییە، چونکە لەکاتێکدا ئێران لەژێر چاودێرییەکی توندا بوو ئابورییەکی لاوازی هەبوو، توانیبێتی دەستی هاوکاری بگەیەنێتە گروپە شیعەکانی وڵاتنی عەرەبی و پەیوەستیان بکات بەخۆیانەوە، ئەوە لەسەردەمی بوژانەوەی ئابوریدا دەتوانێ هەنگاوەی گەورەتر هەڵبگرێت.

زیاتر لەوەش هەڵگرتنی سزا ئابوریەکان لەسەر ئێران وگەڕانەوەی بۆ ناو بازاڕی جیهانی  وا دەکات، کە جارێکی تر ئابوری ئێران گەشە بسەنێت و ببوژێتەوە و بە هێزو گوڕێکی  زۆرتر لەجاران بگەڕێتەوە ناو  کۆمپانیا وەبەرهێنەرە جیهانیەکان و ناو بازاڕی نەوت، لەگەڵ خۆیدا  کێبڕکێ توند لەو بوارە بەزیانی عەرەبستانی سعودییەو ئیمارات و قەتەرو وڵاتانی کەنداو بێنێتە ئارا.

چونکە بەگوێرەی ڕاپۆرتە جیهانیەکان، یەدەگی نەوتی ژێر زەوی ئێران بە چارەکێک لە نەوتی جیهان خەمڵێنراوە، هەروەها گازی ئێرانیش بە نزیکەی نیوەی یەدەگی گازی جیهان مەزەندە دەکرێت، بەم حاڵە ئەگەر ئێران بیەوێت، دەتوانێت کاریگەریەکی زۆر گەرورەی هەبێت  بەجۆرێک کە بازاڕی جیهان پڕ بکات لە نەوت و گاز و نرخی ئەو سامانە، بەچەشنێک  دابەزێنێت کە بەتەواوی کاریگەری بکاتە سەر ئابوری سعودیەو  ئەو ووڵاتە عەرەبیانەی تری کەنداو، کە بە پلەی یەکەم پشتیان بە فرۆشتنی نەوت بەستوە، بەڵام ئەمەیان جگە لەچاوەڕوانییەک بۆ داهاتوو، لەئێستادا ئەگەرێکی تاڕادەیەک دوورە، چونکە  ئێران بۆخۆشی لەهەنگاوی یەکەمدا پێویستی بەپارەیە بۆ بۆژانەوەو لەدەست بردن بۆ ئەو کارتە بۆخۆشی زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت، بۆیە محەمەد عەلی خەتیبی نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی ئۆپێک دەڵێت”هەوڵیشمان بەردەوام دەبێت تاکو بتوانین ووڵاتانی بەرهەم هێنەری نەوت قەناعەت  پێ بکەین، کە ڕێژەی هەناردە کردنی نەوت کەمتر بکەنەوە تا بەو هۆیەوە نرخی نەوت  لە بازاڕەکان بەرزتر ببێتەوە”. بەڵام ناکرێ ئەو کارتە بەهێزە لەدەستی ئێراندا نادیدە بگیردرێت کەئەگەر بیانەوێ زیان بەئێران بگەیەنن.

لەبارەی هەنگاوەکانی ئێران لەداهاتووداو لەبازاڕی نەوتی جیهاندا، پسپۆڕو ئەندازیاری نەوت لەزانکۆی ئەمریکا، جەمال ئەلقەلیوبی لەبارەی دەڵێت”پاش واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ئێران هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ، بۆ هێنانی کۆمپانیە نەوتیە جیهانیەکان، هەروەها بۆ ڕاکێشانی هێڵی بۆری نەوت بۆ سەر دەریای عەرەبی، و بازاڕەکانیش پڕدەکات لە گازی خۆی” هەروەها دەشڵێت”دەیان کۆمپانیای بەرهەمهێنەر ڕوولەئێران دەکەن، بۆ کارکردن و سەرمایەگوزاری لە بواری نەوت و گازی ئەو ووڵاتەدا”.

هەر لەو بارەیەوە، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی ئۆپێک وتویەتی”دوای هەڵگرتنی سزاکان، ئێران دەیەوێت جارێکی تر بەشی خۆی لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوێتەوە”.

بێگومان چاوەڕوانییەکانیش بۆ بوژانەوەی ئابوری ئێران، کەمەترسی گەورەی لای وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت سعودییە دروستکردووە، لەخۆڕا نییە چونکە لەدوای رێککەوتنی نێوان ئێران و رۆژئاوا، زۆر لە کۆمپانیا ئەوروپی و جیهانیەکان ئامادەکاری گەڕاندنەوە دەکەن بۆ ئێران، بەمەبەستی کاری سەرمایگوزاری و وەبەرهێنان.

وەک هەوڵی یەکەمیش بۆ سەرەنج راکێشانی گەورە کۆمپانیاکانی جیهان، وەزیری پیشەسازی و کانزاو بازرگانی ئێرانی، محەمەد ڕەزا نیعمەت زادە دەڵێت”دوای هەڵگرتنی سزاکان وڵاتەکەی هەوڵەکانی زیاتر لە بواری نەوت و گازو کانزاکان چڕدەکاتەوە، بۆ هەناردە کردن بەرەو بازاڕەکانی ئەوروپا”.

هەر بەهەمان ئاراستە، جێگری وەزیری نەوتی ئێران حوسێن زەمانی نیا، دەڵێت”تاران نزیکەی 50 پەنجا پرۆژەی نەوت و گازی بە گوژمەی 185 سەدو هەشتاو پێنج ملیار دۆلار ئامادە کردوەو هیوای وایە تاساڵی 2020 هەمووئەم پرۆژانە بخرێنەکار”.

ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریکی ( نیۆیۆرک تایمز) لەوبارەیەوە نوسیویەتی”ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا وەبەرهێنەرە جیهانیەکان پاش ئیمزا کردنی ڕێكکەوتن نامە ئەتۆمیەکە”

لێدوان و عەرزەکانی ئێران بۆ ڕاکێشانی سەرەنجی جیهان بەلای خۆیدا، تا ئێستا بێ ئاکام نەبووە، وەک لەراگەیاندنەکان دەیبنرێت، ئەڵمانیاو فەرەنساو ئیتالیاو نەمساش ئێستا لەپێشەنگی ئەو ووڵاتانەن کەتامەزرۆی وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی ئێراندا.

هەروەها کۆمپانیا ئەمریکیەکانیش لەهەوڵی چڕو پڕدان، تاکو بتوانن پشکی زۆریان لە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بەر بکەوێت، پاش ئەوەی ئەمریکا لاپەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە بۆ  پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئێراندا.

دواجار ئێرانە سەردەکەوێت یان وڵاتانی عەرەبی

لەمێژوودا ئەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی جەنگ و یەکلاکردنەوەی جەنگەکان بووە، رێککەوتنەکان بووە بۆ یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندی ئابوریی، بۆیە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، لەئێستادا کەدۆخی ئابورییان بەرەو خراپی دەڕوات، چاوەڕوانکراوە درێژە بەگەمەکانیان بدەن لەنێوان وڵاتنی کەندا و ئێراندا، بەشێوەیەک ناچاریان بکەن بەخستنەڕووی عەرزی گەورەی نەوتی بۆ کۆمپانیاکانیان تا لەڕێیەوە بوژانەوەی ئابوری خۆیان مسۆگەر بکەن.

بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە، ئایا لەنێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو کامیان گەمەکارێکی باش دەبێ، لەو یارییەی رۆژئاوا لەنێوانیان بەڕێوەی دەبات، بێگومان ئەو پانۆرامایەی پێشتر لەهەوڵەکانی ئێران خستمانەڕوو لەئێستاوە بەرچاوروونی ئەوەمان پێ دەدات ئاسۆکان بەئاراستەی ئێران روونترە.

چونکە:

  • ئێران لەسەردەمی گۆشەگیریدا توانیبێتی هەیمەنەی خۆی بگەیەنێتە جەرگەی وڵاتەکانیان ئاسانترە لەسەردەمی کرانەوەی جیهان بەروویدا گەورەتر کار بۆ ئەوە بکات.
  • لەبەرانبەردا وڵاتانی کەنداو بەهۆی درەنگ بەدەستهاتنیان لەهەیمەنەی گەشتنی ئێران بەوڵاتەکانیان، لەهەموو حاڵەتێکدا جگە لەسنوردارکردنی پێشڕەوییەکانی ئێران توانایان نابێ پاشەکشە بەئێران بکەن، لەباشترین حاڵ و لەئەگەری چارەسەرکردنی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە:
  • لوبنان دەبێتە دوو بەش و بەشێکی ئاڵای بەرژەوەندی و قەڵەمرۆیی ئێرانی تێدا هەڵدەدرێت.
  • عێراق دەبێتە چەند بەش و بەشی سەرەکی بەهەمان شێوە هاوڕێ و هاوپەیمانی ئێران دەبێت.
  • سوریا چەند بەش دەبێت و ئاڵای ئێران لەبەشێکیدا دەشەکێتەوە.
  • یەمەن لەئێستاوە دوو بەشەو بەشە ئێرانیەکەی بوون و کاریگەری خۆی بەشێوەیەک سەلماندووە کە حەلکردنی مەحاڵ بێت.
  • بەحرەین ئاڵۆزییەکان تێیدا بەردەم دەبێت، تا ئەوکاتی قسەی ئێرانیش لەو وڵاتە گوێ بۆگیراو دەبێت.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com