بارزانی لەرێکخستنی نێوماڵی کوردەوە بۆ بەدەستهێنانی پێشتگیری جیهان
نوچەنێت . الشرق الأوسط
لەعەرەبییەوە : عەزیز ئەحمەد حەمە
هەنگاوی یەکەمی مەسعود بارزانی پاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەساڵ بەر لە ئێستا، دانانی بەرنامەیەکی تێرو تەسەل بوو بۆ دووبارە ڕابون و هەستانەوە لەسەر هەموو ئاستەکانی ژیان لە هەرێمەکە، یەکەم دەستکەوتیش کە بەدەستی هێنا یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەکە ی هەرێم بوو، هەروەها کارکردن بۆ یەکخستنی هەموو ئەو وەزارەتانەی کە پێشوتر دابەش ببون لەنێوان ئیدارەی هەولێرو سلێمانی.
بە هەوڵەکانی ئەو هەروەها بە هاریکاری کردنی هەموو لایەنە کوردیەکان، توانی کۆتایی بەو دابەشبونە ترسناکە بهێنێت و بەسیاسەتێکی سەرکەوتوانە بیگەێنێتە کەناری ئارام لەژێر سایەی یاساو دەستوردا.
بەپێ ی ئامارە فەرمیەکان، پێش دەستبەکاربوونی بارزانی ئاستی هەژاری لەهەرێم زیاتر لە%50 بوو، لەژێر سایەی سەرۆکایەتی ئەودا، ئەم ڕێژەیە دابەزی بۆ %7، لەڕێی سیاسەتی ئابوری بەرنامە بۆ داڕێژراو لە هەرێم، کە یارمەتیدەربوو بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی ژیانی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری، و دابەزینی ڕێژەی بێکاری کە نزیکە لە سفر، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ پێشکەوتنی پڕۆژەکان و پێشوازی کۆمپانیا جیهانیە گەورەکان بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە هەرێم.
چاودێرانی سیاسی وای دەبینن کە کرانەوەی ئابوری و چوونی کۆمپانیا زەبەلاحەکان بۆ هەرێم، لەسایەی ئەو سیاسەتە ئابوریەوە بوو کە سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم پیادەی کرد و کوردستانی کردە (مێرگ)ێکی هێمن و پڕتەناهی لەناو دەریایەکی پڕ لە جەنگ و تیرۆردا.
هەر ئەوەش بوو کوردستانی کردە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو عێراقییەکان، کە لەئێستادا داڵدەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەو پەناهەندەی داوە، هەروەها دەربارەی خوێندن لە دە ساڵی ڕابردودا، هەرێم قەڵەمبازێکی پێوانەیی بەخۆیەوە بینی، ژمارەی زانکۆکان زیادیانکرد و ئێستا لە 20 بیست زانکۆ تێپەڕیان کردووە، زیاتر لەوەش کاتێک بارزانی دەستەڵاتی گرتە دەست، فەرمانی کرد کە دەبێت لە هەموو گوندێکی هەرێم قوتابخانەیەک دروست بکرێت و خوێندن بەخۆڕایی تیایاندا دەستەبەر بێت.
کوردستان لە بواری پیشەسازی و بازرگانی بنیاتنانیش پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک کەچەندین شاری نیشتەجێ بوون دروست کران و کێشەی بێ خانەو ماڵی کە دیارەدەیەکی بەرچاوی کۆمەڵایەتی بوو لە کوردستان کەمتر بووەوە ، ساڵەکانی ڕابردوو بوون بە ساڵانی وەرچەرخانی گەورە لەم ڕوانەوە، هەروەها کەرتی تەندروستی لەهەرێم گەشەی کرد، زۆر نەخحشخانە کرانەوە کە پێشوازی لە هەموو نەخۆشەکانی شوێنەکانی عێراق دەکات.
کەرتی گەشتوگوزاری لەم هەرێمە گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، بەجۆرێک کە هەرێم لەسایەی ئارامی و تەناهی خۆی، توانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری بیانی و عێراقی بۆخۆی ڕابکێشت و زۆر پڕۆژەی گەشتو گوزاری گەورەیشی دروست کرد.
پەیوەندیی کوردستان بە ووڵاتانی دەرەوە، لە دە ساڵی ڕابردودا هەرێم گۆڕانێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی، بەتایبەتی پاش پیادەکردنی سیاسەتی کرانەوە لەگەڵ تەواوی ووڵاتانی جیهان، ئەمڕۆ هەولێری پایتەختی هەرێم 33 کونسوڵگەری و نوێنەرایەتی ووڵاتانی جیهان لە باوەش دەگرێت، لەناویشیاندا کونسوڵگەری پێنج ووڵاتەکەی ئەندامانی هەمیشەیی (ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی)هەروەها کۆنسوڵگەری وڵاتە عەرەبیەکان، لەم ڕوەوە سەرۆک بارزانی سورە لەسەر دروستکردنی پەیوەندیەکی بەتینی برایانە لە گەڵ وڵاتە عەرەبیەکان و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و پێش هەمووشیان شانشینی عەرەبستانی سعودییە، کە هەرێم شانازی بەو پەیوەندیە بەهێزە دەکات ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیەتی، ڕەنگە یەکێک لە بەروبومەکانی ئەو کرانەوەیەش بەڕوی دەرەوەدا ئەوپشتگیریە بێت کە لە هەرێم کرا لەلایەن هەموو ووڵاتانی جیهانەوە، لەشەڕیاندا دژی ڕێکخراوی داعش، بەتایبەت کاتێک هەولێر ڕووبەڕووی مەترسی تیرۆر بوەوە لە هاوینی ساڵی ڕابردوو.
بارزانی بەر لەهەرشتێک خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت، بۆ بەرجەستەکردنی ئەمەش خۆی و هەموو ئەندامانی خێزانەکەی هەر لەسەرەتای دەست پێکردنی جەنگەوە، لەهێڵی پێشەوەی بەرەکانی شەڕن لە دژی (داعش )، بەوەش وورەی هێزە کوردیەکانی بەرز کردووەتەوە و یارمەتیدەر بوو بۆ شکاندنی ڕێکخراوی داعش و زیاتر لە %95 ی زەویەکانی هەرێمیان ڕزگار کردووە، کە کەوتبونە بن دەستی رێکخراوی توندڕەوی داعش، زیاتر لەوەش ناوی پێشمەرگە وەک تاکە هێزی زەمینی لە جیهاندا دەنگی دایەوە، کەتوانیویەتی پێشرەویەکانی داعش ڕابگرێت.
لەپرسی نەوت و ووزەدا، سیاسەتی سەرکەوتوانەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم ، وای کرد، کە هەرێم کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت ڕاکێشی بۆ لای خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ماوەی دەسەڵاتی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، بێزارو هەراسانیش کران، بەڵام نەوەستان و بەباشیانزانی بەردەوام بن لەکارکردن لەسەر ئەوەی هەرێم خاوەنی چارەنوسی ئابوری خۆی بێت.
لەدەرەوەی کوردستانیش بارزانی بەئەندازیاری پرۆسەی ئاشتی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و حکومەتی تورکیا دادەنرێت، کە دووساڵی تەواوی خایاند بەر لەوەی لە مانگی تەموزی ڕابردوو ئەو پڕۆسەیە هەرەس بێنێت، وە بەپێ ی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئێستا بارزانی جارێکی تر لە هەوڵدایە کە ئەو دوو لایەنە بێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، تاکو لەوە زیاتر خوێن لەنێوانیان نەڕێژرێت.