گۆڕان سەد هەزار دۆلار بۆ دژايەتى سياسەتى نەوتى کوردستان تەرخان دەكات

0

نوچەنێت: تايبەت

لەگەرمەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ هەرەس هێنان بەسیاسەتی نەوتی کوردستان، پەڕلەمانتارێکی پێشووى بزووتنەوەى گۆڕان، ئاشکرای دەکات، بڕى سەد هەزار دۆلاری بۆ دژایەتی سیاسەتی نەوتی کوردستان تەرخانکردووە، تا بیداتە راگەياندنە ئەهلييەكان و لەوێوە هەڵمەتی دژایەتیەکە دەست پێ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لە بارەگاى مەكتەبى سياسى يەكێتى لەگەڵ مەلا بەختيار كۆبووەتەوە و دواتريش سەردانى كەناڵى ئێن ئارتی كردووە و لەگەڵ بەڕێوەبەرى بەرنامەكان كۆبووەتەوە.

ئیسماعێل گەڵاڵی پەڕلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پۆستێكدا كە لە ئەكاونتى تايبەتى خۆى، لە تۆرى كۆمەلايەتى فەيسبوك، لە ژێر ناوى (من چيم بە مەلا بەختيار وت) بڵاوى كردۆتەوە، ئاماژەى بەو هەوڵانەى خۆى داوە، كە وەك خۆى دەڵێت بۆ خستنەڕووى مەترسى نەوت و غاز بووە، لە غيابى دەستووردا.

ئەو پەڕلەمانتارەی بزوتنەوەی گۆڕان نوسیویەتی”لە دواى دروستبونی حکومەتی بنکە فراوان بێ کەسیەکی کوشندە باڵی کێشابو بەسەر شەقاما ئەوانەی ئێستا ڕەخنەیان لەئاشتی هەورامی هەیە ، ئەوسا وێنەی خۆیان لەگەڵ دکتۆر ئاشتیدا بەشانازیەوە بڵاودەکردەوە مژدەی خۆشیان لەسەر ئایندەی ئابوری کوردستان ئەدا بەهاوڵاتیان، بۆمنێک کە سەرەودەرەیەک لەئابوری دەکەم مەرگەسات بوو بۆم، پێش هاتنی داعش بە چەند هەفتە و رۆژێک تەلەفۆنم بۆ هاورێم بەرزان هەورامی پەرلەمانتاری یەکێتی خولی دووهەمی پەرلەمانی کوردستان کرد پێم وت حەزدەکەم یەکتری ببین ،رێک کەوتین لەکافی نالیا لەسەرچنار یەکتری ببینین و لەوێ یەکتریمان بینی”.

گەلآڵى لە بارەى ديدارى خۆى و پەرلەمانتارەكەى پێشووى يەكێتى زياتر نووسيويەتى: “دانشتنیەکە لەسەر داوای من بو، من دەستمکرد بەقسەکردن ،جەوهەری بابەتەکەشم بریتی بوو لەمەترسیەکانی نەوت لەغیابی دەستورێکی مەدەنی و نەبونی یاسایەکی شەفافی کۆنکرێتی بۆ نەوت و غاز، زۆر بەوردی مەترسیەکانم شیکردەوە داواشم لێکرد ئەو بابەتە لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی یەکێتی باس بکا، هەوڵ بدرێ لەرێگای فڕاکسیۆنەکەیانەوە پڕۆژە یاسا بۆ ئەم پرسە گرنگانە پێشکەش بکرێ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیشی بۆبخرێتەگەڕ”.

ئیسماعیل گەڵالێ ئەگەرچی پێشتر پەڕلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان بووە، بەڵام لەو نوسینەدا ئاشکرای دەکات، بۆ دژایەتی سیاسەتی نەوت سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حزبە کۆبۆتەوە.
گەڵاڵی نوسیویەتی، پەڕلەمانتارەکەی یەکێتی “زوولێم تێگەیشت بەڵام پێی باش بوو من خۆم ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسەکانی یەکێتی ئەو بابەتە بخەمە ڕوو ، چونکە سروشتی سەرکردەی کورد وایە گوێ لەکەسانی دەرەوەی حزبەکەی خۆیان باشتر دەگرن وەک لەکادر و ئەندامەکانی خۆیان، من پێموت سەردانی من بۆمکتب سیاسی یەکێتی تەفسیروتەحلیلی زۆر هەڵدەگرێ ودەیکەنە هەواڵیش، ئەو گرەنتی ئەوەی دا کە دور لەچاوی کامیراوڕاگەیاندن دانشتنەکە ئەنجام ئەدرێ، ئێوارە کاتژمێر شەش دانرا کەبەرێز مەلا بەختیار چاوەڕوانمانە لەمەکتەبى سیاسی” و چاوی بەمەلا بەختیار کەوتووە.

هەر لەو نووسينەدا پەڕلەمانتارەکەی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان، باس لەو ديدارەى خۆى و مەلا بەختيار دەكات و نووسيويەتى كە چوین بۆ مەکتەبی سیاسی مەلابەختیار و”بەرێز ئازاد تۆفیقیش چاوەڕوانمان بوو، دانشتین وگفتوگۆ دەستیپێکرد، جگە لەو چوارەمان کچێکی مەلا بەختیاریش لەناودانشتنەکەدا بوو، من یەک ڕاست ئەوەی مەبەستم بوو بەدرێژی باسمکرد سەبارەت بەمەترسیەکانی نەوت و ڕێگا چارەکانیشیم دەستنیشانکرد، بەجێبەجێکردنی یاسای نەوت و غاز بەتایبەت سندوقی داهاتی نەوت لەگەڵ دەستورێکی مەدەنی، (مەلا بەختیار) لەگەڵ تەواوبونی قسەکانم سەری ڕەزامەندی ڕاوەشاند و یەکسەر وتی بێگەردم بۆ وەربگرن، تەلەفۆنى بۆ بێگەرد خانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی کرد، کە فڵانی یاسایی و فڵانی یاسایی کۆبکاتەوە تا پرۆژە یاسا بۆ ئەم پرسانە ئامادە بکەن، یەکسەر وەعدی دا کە لە ئێستاوە کاری لەسەر دەکەن، دواى گفتوگۆیەکی تێروتەسەل خواحافیزیمان کرد، دوای چەند ڕۆژێک لەهەواڵەکانەوە بیستم کە فراکسیۆنی سەوز پرۆژەیان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆئەم بابەتانە، کەهاتینە دەر لەمەکتب سیاسی بەکاک ئازاد و کاک بەرزانم وت، بەمەلا بەختیار بڵێن من وەک خۆم تا سەد هەزار دۆلار تەرخان دەکەم، بۆئەم پرسە لەرێگای میدیای ئەهلیەوە هەرکاتیک ئەوان بەجدی هاتنە سەرخەت”.

ئيسماعيل گەلآڵى باس لە درێژەى هەوڵەكانى دەكات و دەنووسێت: “بۆ ڕۆژی دوای سەردانی کەناڵی ئین ئارتیم کرد بۆ قسەکردن لەسەر هەمان بابەت، کاک ئاوات بەڕێوەبەری بەرنامەکانم بینی سەرەڕای ئەوەی یەکەم جارم بوو لەنزیکەوە بەخزمەتیان بگەم، لەگەڵ ئەویشا مەترسیەکانی نەوتم لەغیابی دەستور و یاسا باس کرد، بەڕێزیان وەعدی دا هەر ئەو ئێوارەیە بەرنامەی *مایکی ئازاد*و لەنزیکترین کاتیشدا یەکێک لەبەرنامەکانی *دووجارە بیربکەرەوە *بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکا، بەراستی بەڵینی خۆی زۆر مەردانە بردە سەرو یەکێک لەبەرنامەکانی دوجار بیربکەرەوە بۆ دەستور تەرخان کرد بەهەمان شێوەش *مایکی ئازاد* بەبێ هیچ داخوازیەک”.

گەلآڵى لە كۆتايى نووسينەكەيەدا، ئاماژەى بەوە داوە، كە شەڕى داعش و “هاتوهاوارى دەوڵەتى كوردى”، بەرنامەكانى لێتێكداون، چونكە وەك ئەو نووسيويەتى: “بەداخەوە هاتنی داعش و هاتو هاواری دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆی ئابوری هەموو هەوڵەکانی پەک خست هەموو بەرنامەکانمانی تێکدا، پێموایە ئەگەر شەڕی تیرۆر نەبوایە دەمانتوانی چەندین دەزگای ڕاگەیاندن و ڕێکخراو و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بینینە سەر خەت، گرفتی سەرۆکایەتی هەرێم و دەستور و سندوقی نەوت بەم قورسایەی ئەمڕۆ نەگات، چونکە ئەم پرسە هەتا زیاتر دوابکەوێ زیانەکانی بۆ کۆمەڵگا زۆرتر دەبێ و پارتیش لاسارتر دەکات”.

نوچەنێت لەسەر ئەو پرسە بەڕەزامەندی خۆیان چەند پرسيارێكى ئاراستەى ئيسماعيل گەلآڵى كرد, بەڵام ئامادەنەبوو وەڵامي پرسیارەکان بداتەوە. ئەوەندە نەبێ کەوتی، “من تەنها یەک دۆلارم خەرج نەکرد، چونکە داعش داخڵ بوو، هەمو هەوڵەکانم پەکیان کەوت”.

پرسیارەکانی نوچەنێت، لەو پەڕلەمانتارەی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان، کە بەڕەزامەندی خۆیان ئاراستەیان کراو ئامادە نەبوو وەڵامیان بداتەوە :

نوچەنێت :لەنوسینێک دەڵێن دوای دامەزراندنی حکومەتی بنکە فرەوان، لەگەڵ پەڕلەمانتارێکی یەکێتی دانیشتووی بۆ ئەوەی باسی هەستیاری پرسی نەوت و چارەسەرکردنی بکەیت، دواتر بۆ هەمان مەبەست چوونە مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بۆچی ئەم پرسەتان لەگەڵ گۆڕان باس نەکرد ؟ لەکاتێکدا پێشتر پەرلەمانتاری گۆڕان بوون؟

نوچەنێت: تاچەند ئەو هەماهەنگییەت لەگەڵ یەکێتی ماوە بۆ ئەو پرسە، ئایا هەردوولا وازتان لەو هەماهەنگییە هێناوە، لەکاتێکدا یەکسەر مەکتەبی سیاسی بەدەم داوەکەتەوە هاتوون ؟

نوچەنێت : نوسیوتە ١٠٠ هەزار دۆلارت تەرخان کردووە بۆ میدیای ئازاد لەسەر هەمان پرس، ئێن ئارتی هاتوون بەدەمتەوە، ؟
ئایا ئەو بڕە پارەیە لەسەر ئەرکی خۆت بووە ؟
ئایا چۆن پارەکەت دەدایە راگەیاندن و چۆن دەبوو ئەوان کاری لەسەر بکەن؟
لەگەڵ چەند کەناڵ قسەتان کرد ؟
ئێن ئارتی لەو بڕرە پارەیە هیچی پێ درا، کەهەمان رۆژی سەردانەکەت بەدەم داخوازییەکانتەوە هاتوون؟
چەندتان لەبڕە پارەکە سەرفکرد بۆ هەمان مەبەست ؟
نوسیوتە داعش بەرنامەکەی تێکداون، دەکرێ بزانین ئێوەش لەهەوڵەکانتان وەستاون یان چی ؟
کەسێک لەسەر ئەرکی خۆی ئەو بڕە پارەیە تەرخان بکات، لەبەرانبەردا چی دەست دەکەوت ؟

نوچەنێت :ئەنجومەنی نەوت و گاز هەیە، قوباد تاڵەبانی ئەڵێ ئاگام لەپرسی نەوتە، پێشتریش عیماد ئەحمەد وتی ئاگام لێیە، وەزیری دارایی لەو ئەنجومەنە هەیە کەسەربە گۆڕانە ، ئەی بۆچی ئەوان هەڵوێست نانوێن لەسەر ئەو پرسەی کە ئێوە کێشەی تێدا دەبینن؟

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com