نوچەنێت
کەمێك لەمەوبەر کۆبوونەوەی پێنج لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان بەبەشداری چەند لایەنێك دەستی پێکرد و بریارە لە کۆبونەوەکەدا لەسەر کۆمەڵێك پرسی تایبەت بە دەسەڵاتەکانمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکرێت.
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کوردستان بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان باس لەوە دەکات لە ئەگەری نەگەشتنە ڕێك کەوتنی لایەنەکان ئەوا وەك لایەنەکان باسی لێوە دەکەن پەنا دەبرێتە بەر ڕیفراندۆم.
لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەدا مەحموود عوسمان دەڵێت”ئەمڕۆ گفتووگۆ لەسەر چەند شتێکی گرنگ دەکرێت، یەکێک لەوانە، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دووەم ئایا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کوێوە هەڵبژێردرێت، لە ناو خەڵک یان لەناو پەرلەمان، لە ئەگەرێکدا رێککنەکەوتن ئەوە پەنادەبەنە بەر ڕیفراندۆم بۆیە ئێستا دۆخی کوردستان ئاستەمە قبوڵی ڕیفراندۆم بکات”.
ئەمە لە کاتێکدایە فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێش کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە ” ئەمڕۆ پێشکەوتنی باش لەنێوان لایەنەکان ڕوودەدات، بەتایبەتی لەسەر چەند خاڵێك”.
..
بە پیی زانیارییەکان تا کاتی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە نوێنەری هیچ لایەنێکی دەرەوەی پێنج لایەنە سیاسییە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوون لە شوێنی کۆبوونەوەکە و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕێ دەکرێت دوا بڕیار لەسەر کۆبوونەوەکان بدرێت و دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیانراوێك بڵاو بکرێتەوە.