نوچەنێت
ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وتارێك دەنوسێت و تێیدا ڕەخنەی توند لە حزبە سیاسییەکان دەگرێت بەوەی کە خۆیان شتێكیان نییە و دەیانەوێت بیبەخشن بە گەل.
دکتۆر دڵشاد عەبدولڕەحمان لە وتارێکدا لەژێر ناونیشانی”دەستاو دەستکردنی دەسەڵات و خەونی حوشتر” باس لە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات لەنێو حزبە سیاسییەکانی کوردستان بە خەونی حوشتر ناودەبات.
دکتۆر دڵشاد عەبدولڕەحمان راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە نوسینێکدا ڕەخنە لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەگرێت و دەڵێت”حزبێک لە نێو خۆیدا پرنسیپەکانی دیموکراسی جێبەجێنەکردبێ ،دەکرێ دیموکراسی بۆ گەل بەدیبێنێ”.
لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا دکتۆر دڵشاد نوسیویەتی”دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لەسەر دەستی ئەم حزبانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان لە خەونی حوشتر زیاتر هیچی دیکە نیە کەی بینیمان لانی زۆر هەر هەشت ساڵ جارێک سەرۆک و سکرتێری حزبەکان گۆڕدران ئەودەم دەگەینە ئەو قۆناغەی کە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتیش ببینین”.
…
دەقی وتارەکەی دکتۆر دڵشاد عەبدولڕەحمان:
دەستاو دەستکردنی دەسەڵات و خەونی حوشتر
هەموان لەسەر ئەوە کۆکین کە حزب ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجە و دیارە حزبەکان بەپێی شوێن و کاتی کارکردنیان ئامانجەکانیان دەگۆڕێن ،ئێستا دەبینین زۆر حزب هەن لە دنیاداو لە کوردستانی خۆشمان کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانیان بەدیهێنانی دیموکراسیە ،دەبا پرسیارێکی سادە بکەین و بزانین ئەگەر حزبێک لە نێو خۆیدا پرنسیپەکانی دیموکراسی جێبەجێنەکردبێ ،دەکرێ دیموکراسی بۆ گەل بەدیبێنێ ؟
مەسەلەیەکی عەرەبی هەیە دەڵێ (فاقد شئ لا يعطي )واتە ئەوەی خۆی خاوەنی شتێک نەبێ ناشتوانێ بیبەخشێ ،ئەگەر ئەم پرنسیپە بەسەر حزبەکانی لە مەڕ خۆمان جێبەجێبکەین دەبینین ،لەهیچ کامیان پرنسیپە گرنگەکەی دیموکراسی کە دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتە تیایاندا نیە هەموان مەگەر مردن دەنا سەرۆک و سکرتێرو ئەندام مەکتەب سیاسیەکانیان نەگۆڕن ،لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لەسەر دەستی ئەم حزبانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان لە خەونی حوشتر زیاتر هیچی دیکە نیە کەی بینیمان لانی زۆر هەر هەشت ساڵ جارێک سەرۆک و سکرتێری حزبەکان گۆڕدران ئەودەم دەگەینە ئەو قۆناغەی کە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتیش ببینین و تا ئەو کاتە تەنها بەشێک لە ئازادیمان هەیە ئەویش ئآزادی قسەکردنە و دەست بردن بۆ گۆڕینی سەرکردەکان بڤەن و نەک هەر دەست و پەنجە بەڵکو ئەگەری سوتانی نیشتمانیش هەیە