ئۆباما و بیرۆکەی گۆرینی ئێران

0

نوچەنێت

رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و گروپی 5+1 باسی هەرە گەرمی  ساحەی سیاسی واشنتۆنە، رێکەوتنیک کە لە بەرامبەر کۆنتڕۆلی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئیران، کۆتایی بە گەمارۆ نێودەوڵەتیەکانی سەر ئەو وڵاتە دینێ، کە بە تایبەتی لە رووی ئابووریەوە گوشارێکی زۆری خستبووە سەر.

زۆرێک لە نەیارانی ریکەوتنەکە، پێیان وایە ئۆباما، بۆ گەیشتن بە ریکەوتنە، کە وەک گەورەترین دەستکەوتی سیاسەتی دەرەوەی ناوبراو سەیر بکرێ، هەموو جۆرە ئیمتیازێکی داوە بە کۆماری ئیسلامی ئێران، لەبەرانبەریشدا گەورەترین زەربەی لە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی داوە. بەپێچەوانەشەوە ئۆباما ئەم بۆچوونەی بەلاوە پەسەند نییە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو رێگاکانی دەستراگەیشتنی ئێرانی بە چەکی ئەتۆمی بەربەست کردووەو ئەوەش بە قازانجی بەرژەوەندی ئەمریکا وهاوپەیمانانی دەخاتەڕوو.

سروشتیە ئۆباما کە لە کۆتایی دەورانی سەرۆکۆماریی خۆی نزیک دەبێتەوە، بیر لە میراتی سیاسی خۆی بکاتەوە، یان بە قەولی نیۆیۆرک تایمز لەم ماوەدا سەبارەت بەوەی کە لە ئایندە دا دەبێ چی بکات، لە گەڵ نووسەرانی بەناوبانگ و کەسایەتیە سیاسیەکان بکەوێتە گفتوگۆوە.

رۆژنامەەنووسی ئەمریکی (ئیلای لیک) کە شارەزای کاروباری ئاسایشی نەتەوەییە، لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی بلۆمبێرگ بڵاو بۆتەوە دەنووسێ یەکی لەو کارانەی کە ئۆباما دەبی بیخاتە ئەولەوییەتەوە، گۆرینی رێژیمی ئێرانە.

بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەوەی ئەو رۆژنامە نوسە خستویەتیە رۆژەڤ “گۆڕینی رێژیمی ئیران؟” لەسەر دەستی سەرۆکێک کە لە هەموو دەورانی سەرۆکۆماریی خۆیدا، بەردەوام هەوڵیداوە بە رێز و حورمەتەوە باسی حکومەتی ئێران بکات، و بەردەوام لە وتار ولێدوانەکانیدا ئێرانی بە”کۆماری ئیسلامیی ئێران” ناوبردووە، چاوەڕوانکراوە؟

ئیلای لیک لە وڵامی ئەو کەسانەی کە لەو بارەیەوە دوو دڵ و دوڕدنگن دەڵێ : باراک ئۆباما نابێ گوشار بخاتە سەرجێگرەوەکەی خۆی، بۆ هێرش کردنە سەر ئێران و دامەزرانی دەولەتێک وەک ئەوەی لە عێراق پێکهات. لە باتی ئەم گوشارانە، دەبێ ئۆباما دوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، بەشێک لە کاتەکانی خۆی تەرخان بکات، بۆ پشتیوانیکردنی لە ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراتی ئێران تا بەرەورووی دیکتاتۆریەتی ریژیمەکەی تاران ببنەوە.

بۆ ئەم مەبەستە، کۆشکی سپی دەبێ ئەو جودابیرە ئێرانیانەی کە ئەم دواییانە بە مەبەستی دژایەتیکردن لە گەڵ رێکەوتنی ئەتۆمی، نامەیەکی سەرئاوەڵایان واژۆ کردبوو، بۆ چاوپێکەوتن لە گەڵ سەرۆکۆمار بانهگێست بکات.

ئەو جودابیرانەی کە ئەو رۆژنامەنوسە باسی دەکات، لە بەشێکی نامەکەیاندا هۆشداری دەدەنە کۆشکی سپی کە”ئەگەر چی وەک خەلکی دیکەی جیهان، ئومێدمان بە داهاتوو هەیە، بەڵام پێمان وایە کە  رێکەوتن لە گەڵ ئێران جیهانیێکی مەترسیدارتری بە دواوە دەبێ. ئەم رێکەوتنە نزیکە بە ١٥٠ میلیار دۆلار پارە دەخاتە  حیسابی بانکی ژمارەیەک کەسی سەرکوتکەر و سەرەڕۆ، ئەم پارەیە سەرفی خەڵکی ئێران ناکرێت بەڵکوو بۆبەهێزتر بوونی رژێمی تاران سەرف دەکرێ”.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەش کە ئاخۆ بە راستی لە توانای ئۆبامادایە، کە تۆماری رێژیمی ئێران بپێچێتەوە؟ ئیلای لایک دەڵێ: ئۆباما وەک سیاسییەکی جێکەوتوو، بەدواداچوون بۆ دۆخی زیندانیانی سیاسی ئێران بکات، هەر وەک چۆن جیمی کارتێر ئاڵای ئارمانی پێکهێنانی دەولەتێکی فەلەستینی بە دەستەوە گرتووە. بە بۆچونی ئیلای لیک، لە درێژخایەندا میراتی ئۆباما لە سیاسەتی دەرەوە زۆرتر بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی بزوتنەوەی دیموکراسیخوازی ئێران، نەک رێکەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئەم وڵاتە.

بێگومان سەرۆکۆمار ئۆباما لەو ماوە کورتەی کە لە بەردەمی دایە، ناتوانێ ئەم بابەتە بە شێوەیەکی راشکاوانە بدرکێنێ، چون دەبێ دڵنیابێ لەوەی کە توندرەوەکانی ئێران پابەندی خاڵ بە خاڵی رێکەوتنەکە دەبن، هەر بۆیە ناتوانێ دەست بداتە کارێک کە رقی تۆڵەستاندنەوەی وەلی فەقیهی بەدواوە بێت. لایک لە درێژەدا دەڵێ: ئەگەریش رێکەوتنی ئەتۆمی لە ئارادا نەبوایە، دیسانەوە مێژوو ئەم کارەی دەکرد، چون بەرنامە و پرۆژەی ئەمریکیەکان بۆ پشتیوانی لە کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران، تا وەکوو ئێستا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە.

لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆرجی کوڕ، ئەمریکا رێگەی خۆش کرد بۆ پێدانی یارمەتی بێ بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتی ئێرانی، بەڵام هەندیک جار وەرگرتنی ئەم یارمەتیانە گیانی چالاکانی ناوخۆی دەخستە مەترسیەوە. بە وتەی ئیلای لیک، زۆرێک لە ئێرانیەکان ئێستاش بیرەوەریەکی ناخۆشیان لە  رۆڵی ئەمریکایان لە کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ دژ بەحکومەتەکی دوکتۆر موسەدق لا ماوەتەوە. بەدبەختانە، ئیستاش پلان و بەرنامەکانی ئەمریکا بۆ پستیوانیکردن لە رەوتی دیموکراسی لە ئێران، وەک سیاسەتی فەرمی واشنتۆن لێک دەدریتەوە. هەر بەم هۆیەشەوە، ئۆباما دوای ماڵئاوایکردنی لە کۆشکی سپی، دەکرێ وەک هاووڵاتیەکی ئاسایی ئەمریکا شان بە شانی کەسانی تایبەت، دەورێکی باشی هەبێ لە شەرمەزارکردنی دەوڵەتی ئێران و ناچارکردنی بەوەی کە لەگەڵ خەڵکەکەی، بە رێز و حورمەتەوە تەعامول بکات.

ئۆباما ئەو کاتانەی کە بە سەرۆکۆماری پێشووی ئەمریکا ناوی دەبرێت، دەبێ لە رێگای تاکەکەسی و راکێشانی بیرورای گشتیی، یارمەتیدەری ئەو ئێرانیانە بێ کە بە دوای ئازیدا دەگەرێن،هەمان ئەو ئازادیانەی کە بە لای ئێمەی رۆژئاوایی بابەتێکی ئاساییە.ج کەسێک باشتر لە ئۆباما دەتوانێ بەم کارە هەڵسێ؟هەر چۆنێک بی ناوبراو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی خۆی،بە باشی هۆکار و فاکتەرەکانی پێکهێنانی ئێئتلاف بە مەبەستی پێکهێنانی گٶڕانکاری سیاسی دەستنیشان کرد.

لەلایەکی ترەوە هیوا  وئومێدی لایەنگرانی رێکەوتنی ئەتۆمی لەوەدایە، کە  هاتنی سەرمایە بۆ ئەم وڵاتە  و تێکەڵبوونی بە ئابووری جیهانی، ببێتە هۆی پێکهێنانی فەزایەکی سیاسی پێویست بۆ ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتی ئەم وڵاتە. بەڵام ئیلای لیک لە گەڵ ئەم بۆچوونە نییە و پێی وایە کەڵکی نابێ، ئەو پێی وایە کە پیش ئەوەی داراییە ئازادکراوەکان بگاتە دەستی چینی مام ناوەندی ئەم وڵاتە، بە لای زیادیشەوە دەچێتە گیرفانی فەرماندەکانی سوپای پاسداران کە دژایەتیان لە گەڵ رێکەوتنەکە هەیە.

بەڵام کاربەدەستانی ئێرانیش لای خۆیانەوە هەستیان بەو تموحەی ئەمریکییەکان هەیە لەرێککەوتنەکەدا، بۆیە لەهەفتەی رابردوو، رایانگەیاند کە رێگە بە ئەمریکیەکان نادەن کە بە هۆی ئەم رێکەوتنەوە، ببنە خاوەن نفوزی سیاسی، ئابووری و کولتوری لەئێران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com