نوچەنێت
کەس و کاری باندێکی دزیکردن لە ناحییەی عەربەت هەڕەشە لە بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحییەی عەربەت دەکەن و ئەو بەڕێوەبەرەش سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات.
هەڕەشەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرن دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی موقەدەم عەتا بارام بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحییەی عەربەت دەستگیرکردنی باندێکی دزیکردنی لە ناحییەی عەربەت ڕاگەیاند.
ئەو باندە بەوە تۆمەتبار کراون کە چەندان دزی گەورەیان لە کۆمەڵگەکانی نەسر و باریکە و شاری سلێمانی و عەربەت ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحییەی عەربەت ئەوەی ڕاگەیاند دوای ئەوەی ئەو باندە دانیان بە تاوانەکانیان ناوە بە پێی ماددەی 223 ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون.
موقەدەم عەتا باس لە هەڕەشەکان دەکات و دەڵێت کەس و کاری دوو لە دزەکانی نێو ئەو باندە داوایان لێکردووم ئەو کێشەیە لە ڕێگەی عەشایەرییەوە چارەسەربکرێت،ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە موقەدەم عەتاوە کردووە خۆیان بە کەس و کاری دوو لە دزەکانی نێو باندەکە ناساندووە.
موقەدەم عەتا ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە ئەوان تەنها کاری یاسایی خۆیانیان جێ بە جێ کردووە و هیچ کارێکی نا یاساییان نەکردووە و تەنها خەڵکانێکی سەرپێچکاری یاسایان دەستگیر کردووە، بۆیە بە فەڕمی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکات کە هەڕەشەیان لێ کردووە.