نوچەنێت
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەنجێك لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا خۆی بە شیڤان ئازاد دەناسێنێت کە گوایە پۆلیسە و لە هەمان کاتیشدا شۆفیری تەکسییە،لە و گرتەیەدا بە هۆی ئەو قەیرانانەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە ئەو گەنجە جنێوی زۆر بە حکومەت و کاربەدەستان و حزبەکانی کوردستان دەدات.
دواتر ئەو گەنجە دەستیگیر دەکرێت و دەنگۆی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەسەر دەستگیرکردنی ئەو گەنجە ڕوونکردنەوەیەك بڵاو دەکاتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە”چەند دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە کەوا ناوبراو رفێندراوە یاخود لێیدراوە یا ئۆتۆمبێلەکەی بردراوە، ئێمە وەکو پۆلیسی هەولێر تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە”
هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو گەنجە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت”ناوبراو لەسەر بریاری ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی فەرمانگەکەی خۆی دەستگیرکراوە”.
دەقی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
سەبارەت بە کەیسی پۆلیسی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر (شیڤان ئازاد)، دوای ئەوەی لە لایەن بەرێوەبەرایەتیەکەی ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهات، بەپێی بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنەکە بە پێی مادە (433) لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە 11 لە ساڵی 1968، دەستگیرکرا ودواتر ڕەوانەی گرتووخانەی ناوەندی هەولێرکرا و ئێستاش ناوبراو بەندە.
بەداخەوە چەند دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە کەوا ناوبراو رفێندراوە یاخود لێیدراوە یا ئۆتۆمبێلەکەی بردراوە، ئێمە وەکو پۆلیسی هەولێر تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە ڕایدەگەێنین کەوا ناوبراو لەسەر بریاری ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی فەرمانگەکەی خۆی دەستگیرکراوە.
هەروەها چەند کەسانێک بۆ خۆ دەرخستن لەسەر ئەم کەیسە کە مەبەستیان دلسۆزی و خەمخۆری نیە تەنها ئەوە نەبێت تێکدانی ئارامی شاری هەولێرە چەند دەنگۆیەکی نادروست بڵاودەکەنەوە.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
21-8-2015