نوچەنێت . تایبەت
سەرکردەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی، هۆشداری دەداتە بزوتنەوەی گۆڕان لەو هەڵمەتەی کەدژ بەیەکگرتوو بەڕێوەی دەبەن، دەڵێت، ئەگەر ناچاربین بەهەڵدانەوەی مەلەفەکان دیارە کێ دەستی بەخوێنی خەڵکی ئەم وڵاتە سوورە، کێن ئەوانەی بەشداری دروستکردنی ئەو سیستەمەن کەئێستا خۆیان بەدژی رادەگەیەنن.
رۆژی چوارشەممە 19-8-2015 پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر راپۆرتی لیژنەی یاسایی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەی نائاسایی راگەیاند، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانی کوردستان، کۆبوونەوەکە شکستی هێناو سازنەکرا.
لەدوای شکستی ئەو کۆوبونەوەیە، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەکتر بەهۆکاری شکستهێنانەکە تۆمەتبار دەکەن و شێوەیەک لەشەڕی راگەیاندن لەنێوانیاندا بەرپایە، ئەوەی زیاتر هەڵمەتەکانی لەدژیەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە، سەرکردەیەکی ئەو حزبەش، هۆشداری دەداتە بزوتنەوەی گۆڕان و دەڵێت”باش نییە ناچارمان بکەن بەهەڵدانەوەی مەلەفەکان”.
ئەو سەرکردەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی هەڵمەتەکانی سەر حزبەکەی بۆ نوچەنێت دەڵێت” ئێمە لەگەڵ سازانی نیشتیمانین، نامانەوێ جارێکی تر دۆخی کوردستان ئاڵۆز ببێت، نامانەوێ ببینە تەواوکەری هەوڵێک کە ئەگەر نیەتێکی پاکیشی لەپشت بێ، ئەنجامەکەی ئەوەبێ کوردستان بەرەو دواوە بباتەوە، ئەوە نە خوداو نەویژدان و نەبەرپرسیارەتیمان بەرانبەر بە وڵات، رێگامان پێ نادات، هەرکەسیش دەیەوێ بەهەڵمەتی راگەیاندن لەو بڕیارە پاشگەزمان بکاتەوە، لەهەڵەدایە”.
ئەوەش ئاشکرا دەکات”یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بەوردی ئاگای لەو هەڵمەتەیە، دەزانێت بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر بەشێوەیەکی راستەخۆش نەبێ، ناراستەوخۆ رێکخستنەکانی بەشی سەرەکی بکەرانی ئەو هەڵمەتەن کەلەدژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەوەش وەک تەواوکەری ئەو هەڵمەتەیان دەبینین کەلەکاتی هەڵبژاردنەکان لەدژی یەکگرتوو بەڕێوەیان برد، بێگومان لەمەشدا سەرناکەون”.
سەرکردەکەی یەکگرتوو داوا لەبزوتنەوەی گۆڕان دەکات، سنورێک بۆ ئەو هێرشە ناڕەوای سەر یەکگرتوو دابنێن، چونکە” یەکگرتوو تاکو ئەمرۆش هەر هەنگاوێکی پێچەوانەی ویستی خۆشی نابێ، بۆ ئەوە بووە دۆخی کوردستان ئاڵۆز نەبێ، بۆیە تکامان وایە ناچارمان نەکەن بە کاردانەوە، خۆ ئەگەر ناچاربین و بێینە سەر هەڵدانەوەی مەلەفەکان مەلەفی هەموومان دیارە، دیارە کێن ئەوانەی دەستیان بەخوێنی خەڵکی ئەم وڵاتە سورە، کێن ئەوانەی لیستی خانەنیشینیان لەسەر قوتی خەڵک هەیە، کێن ئەوانەی لەسەرەتاوە تاکۆتایی بەشدارن لەدروستکردنی ئەو سیستەمەی کەئێستا خۆیان بەدژی رادەگەیەنن، بیری هەمویانی دەهێنینەوە کەبیریان بێ ئێمە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانین، ئەو یەکگرتووەی ئەوان خەریکی رشتنی خوێنی یەک بوون و ئێمەش خەریکی هاوکاری دەستبەسەرداهێنانی ئەو مناڵانە بووین کەئەوان هەتیویان خستبوون”.
ئەوەشی ئاشکراکرد” ئاگاداری ئەوەین، لایەنێکی ئیسلامی هاوکاری هەڵمەتەکانی دژ بەیەکگرتووە، داوای رای رەسمیمان لێکردوون و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین”.