نوچەنێت
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەکۆبونەوەدایە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانیانەی کەدواین دانیشتنی پەڕلەمان لەریزەکانی ئەو بزوتنەوەیە دروستیکردووە، سەرچاوەیەکیش لەبزوتنەوەی گۆڕان بەنوچەنێت ی راگەیاند، سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان و فراکسیۆنی گۆڕان ئامادەی دانیشنەکە دەبن، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی لەسەریان دروست بووە.
ئەمرۆ هەینی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوەوە، بەپێی راگەیاندنەکانی ئەو بزوتنەوەیە کۆبونەوەکە کۆبونەوەیەکی دەورییە و لەکۆبونەوەکەدا باسی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت، بەڵام زانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو دواین دانیشتنی پەڕلەمانی کوردستان کەبەهۆی تەوانەبوونی نیسابی یاساییەوە شکستی هێنا، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا نیگەرانی دروستکردووە و لەو دانیشتنەدا هەوڵێ چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانیانە دەدرێت.
سەرچاوەیەک لەجڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ نوچەنێت ئاشکرای کرد”بەر لەوەی دواین دانیشنی پەڕلەمان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی بکرێت، چەند سەرکردەیەکی بزوتنەوەی گۆڕان و چەند ژورێکی بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیاری ئەوەیان کرد، دانیشنەکە نەکرێت، چونکە گومانیان هەبوو لە تەواو بوونی رێژەی یاسایی دانیشتنەکە، وایان پێ باش بوو دانیشنەکە وەک کارتی فشار لەسەر پارتی بمێنێتەوە تا پارتی لەبەرانبەر بەرژەوەندی گشتی کوردستان سازشبکات، بەڵام سەرۆکی پەڕلەمان و فراکسیۆنی گۆڕان بەراوێژی چەند سەرکردەیەکی بزوتنەوەی گۆڕان دانیشتنەکەیان کرد و دانیشتنەکەش سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە ئەمرۆ باس لەو رەچاونەکردنەی پێشنیاری ئەو سەرکردەو ژورانە دەکرێت کەداوای سازنەکردنی دانیشتنەکەیان کرد، دەبێ ئەوە رون بێتەوە بۆچی گوێ نەگیرا”
سەرچاوەکەی نوچەنێت، نەیشاردەوە کە” لەناو بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانی دروست بووە، چونکە ناکرێ بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ راوێژ هەنگاو بنێت، ئەو دانیشتنە یەکەم هەنگاوی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بێ راوێژ هەڵگیرا، بۆیەش شکستی خوارد”.
تەئکیدی لەوەشکردەوە ” ئەمرۆ سەرۆکی پەڕلەمان و فراکسیۆن رەخنەیان لێگیراو داوای رونکردنەوەی زیاتریان لێ دەکرێت”.