نوچەنێت
وا بڕیاربوو ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر ٨ کۆبوونەوەی پێنچ لایەنە سیاسییەکەی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا ئەنجامبدرێت و ئەو پرسانەی لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو گفتووگۆی لەبارەوە کرابوو دووبارە بخرێنەوە بەر باس ،بەڵام کۆبونەوەکە دواخرا.
عەبدولستار مەجید ئەندامی شاندی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا هۆکاری ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی بۆ ئەوە گەڕاندووتەوە کە نوێنەری لایەنەکان شەوی ڕابردوو زۆر ماندوو بوون و ناتوانن دوای ئەوەی بۆ حەسانەوە گەڕاونەتەوە شاری سلێمانی جارێکی تر ئەمشەو بگەڕێنەوە شاری هەولێر بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە بۆیە کۆبوونەوەکە بۆ سبەی دواخرا.
بە پێی قسەی عەبدولسەتار مەجید بێت سبەی کاتژمێر ١٠ ی سەرلەبەیانی کۆبوونەوەی پێنچ لایەنەکە ئەنجام دەدرێت.
دەربارەی بەشداری کردنی نوێنەری ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا هیچ شتێك یەکلایی نەبووەتەوە و دیار نییە کە بەشدار دەبن یاخوود نا،وە ئەگەری ئەوە هەیە دوای ئەوەی کە کێشەکان هێور بوونەتەوە پێ دەچێت نوێنەری وڵاتانی دەرەکی بەشداری نەکەن.
شاندی لایەنەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پێنچ قۆڵی شەوی ڕابردوو پێكهاتبوون لەمانەی خوارەوە:
لەپارتی دیموکراتی کوردستان هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەركردایەتی نوێنەرایەتی پارتییان دەکرد.
لایەنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش هەر یەك لە كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سكرتێری گشتیی یەکێتی ، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، رزگار عەلی و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، قوباد تاڵەبانی و دەرباز كۆسرەت بەشدارییان کردبوو.
لە گۆڕان وەك هەر جارێك هەر یەکە لە عومەری سەید عەلی ، محەممەد تۆفیق رەحیم و جەلال جەوهەر نوێنەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕانیان کردبوو.
شاندەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە هەریەكە لە محەمەد ئەحمەد یاریدەدەری ئەمینداری یەكگرتوو و خەلیل ئیبراهیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەشداری كۆبوونەوەكە بوون.
شاندی كۆمەڵی ئیسلامیش پێكهاتبوون لە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و عەبدولستار مەجید و ئەنوەر سەنگاوی، ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسی.
قەرەباڵغترین شاند ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو،لە سەرجەم باڵەکانی یەکێتییەوە نوێنەرییان ناردبوو بۆ کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردوو.
کۆبوونەوەکەی سبەی کاتژمێر ١٠ ی سەر لە بەیانی هەر لە هەولێر ئەنجام دەدرێت،بەڵام دیار نییە کە لایەنەکان هەموو نوێنەرەکانیان دەنێرنەوە بۆ کۆبوونەوەکەی سبەی.