بە پێی زانیاریەکانی کەناڵی خەبەریی فەلەستین، دەوڵەتی تورکیە بە نیازە هەر جۆرە چالاکییەکی دژ بە ئیسرائیل لەم وڵاتە قەدەغە بکات.
سەرباری ئەوەی کە تورکیە یەکێ لە سەرەکیترین هاوپەیمانانی ناوچەیی رێکخراوی حەماس بە ئەژمار دی،لە ئەگەری پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە چاوەڕوان دەکرێ چالاکی و تێکۆشانی ئەندامان ولایەنگرانی حەماس لەم وڵاتە بکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە.
بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە پێشتر خالید مەشعەل رەئیسی مەکتەبی سیاسی حەماس لە گەڵ لیژنەیەکی پایەبەرزی ئەم رێکخراوە سەردانی تورکیەی کردبوو.دوای کۆتایی هاتنی سەفەرەکە،مەشعەل ئەنجام و دەستکەوتی سەفەرکەی بەرز نرخاندبوو.
راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی تورکیە،پێشتر وێڕای دەربڕینی پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ رێکخراوی حەماس،هاوکات خوازیاری ئەوە بووە کە تورکیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکانی لە گەڵ ئیسرائیل،پێش بە هەر جۆرە چالاکییەکی دژە ئیسرائیلی لەم وڵاتە بگرێ.
لە ساڵی ٢٠١٠،دوای ئەوەی کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەشتییەکی تورکیە،پێوەندیەکانی دوو وڵات گرژی بە خۆوە بینی.