نوچه‌نێت-ئه‌لبه‌غدادییه
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له‌ناو لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له كه‌وتنی موسڵ رایگه‌یاند كه خودی نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانی به هێزه سه‌ربازییه‌كان كردووه تا له موسڵ پاشه‌كشه بكه‌ن و راده‌ستی داعشی بكه‌ن.
سه‌رچاوه‌كه كه ئه‌ندامی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له كه‌وتنی موسڵه و داوای كردووه ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه وتوویه‌تی “هه‌موو ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی پێیگه‌یشتویین له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه له فه‌ریق عه‌بود گه‌نبه‌ر یاریده‌ده‌ری سوپاسالاری عێراق و فه‌رمانده‌ی هێزه زه‌مینییه‌كان فه‌ریق ۆوكن عه‌لی عێدان و پارێزگاری موسڵ ئه‌سیل نوجێفی و فه‌رمانده‌ی پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی نه‌ینه‌وا مه‌هدی غه‌ڕڕاوی و وه‌زیری پێشووی به‌رگری سه‌عدون دلێمی، ده‌ریده‌خه‌ن كه نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق تێوه‌گلاوه له كه‌وتنی موسڵ و داگیركرانی له‌لایه‌ن داعش”.
سه‌رچاوه‌كه وتوشیه‌تی “هه‌موو فه‌رماند سه‌ربازییه‌كانی كه لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون وتیان كه مالیكی فه‌رمانی به هێزه ئه‌منییه‌كان كردووه كه موسڵ چۆڵ بكه‌ن”، جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه “له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌ش كراوه كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی پێشنیاری بۆ مالیكی كردووه كه رێگه به پێشمه‌رگه بده‌ن ته‌له‌عفه‌ر ئازادبكات و رێگا له كه‌وتنی موسڵ بگرێ، كه‌چی مالیكی ئه‌و ئۆفه‌ره‌ی مه‌سعود بارزانی ره‌تكردۆته‌وه “.