پرسی سەرۆکایەتی، زۆرینەیەکی شەرعی و زۆرینەیەکی ناڕەوا لەپەڕلەماندا

0

رزگار رەزا چوچانی

لەسەر هەوڵەکانی پەڕلەمان لەسەر یەک پرس، من جارێک زۆرینەم پێ شەرعی بوو جارێکیش زۆرینە بەناڕەوا دەزانم، ئەمە دژگۆیی نییە، بەڵکو رێگاکانی پێکهێنانی پەڕلەمانە پێمان دەڵێت، دەبێت بەو شێوە واقیعبین بین لەقسەکردن لەسەر زۆینەو کەمینە.

دوێنێ لەخولی پێشووی پەڕلەماندا، ئەگەرچی کاک نەوشیروان رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، داوای سازانی دەکرد لەسەر هەموو پرسێک و پێی وابوو، بڕیارەکانی زۆرینەی پەڕلەمانیی، تەنها بۆ پرسی لەشفرۆشی شەرعیەتی هەیە، و ئەوان هیچ یاسایەک قبوڵ ناکەن زۆرینە تێی بپەڕێنێ، هێشتاش من پێموابوو دەبێت زۆرینە و کەمینە لەپەڕلەمان هەموو پرسەکان یەکلایی بکاتەوە، چونکە ئەوە تاکەڕێی سەلامەت و دیموکراسی بوو، پەڕلەمانیش ئەو شەرعیەتەی هەبوو، چونکە لەسەر بنەمای زۆرینەو کەمینە حکومەت و پەڕلەمانی پێکهێنابوو و پۆستەکانی حکومەت و پەڕلەمانی دابەشکردبوو.

ئەمڕۆش لەم خولەی پەڕلەماندا، ئەگەرچی کاک نەشیروان و چەند هێزێکی تر، داوای شەرعیەتی زۆرینە دەکەن، لەسەر هەموو پرسێک و پێیانوایە لەپێناوی دیموکراسی و سەروەری یاسادا دەبێت بڕیارەکانی پەڕلەمان بەزۆرینە تێپەڕێنرێ، هێشتاش من پێموایە، ئەم خولەی پەڕلەمان ئەو شەرعیەتەی نییە، و هەر هەنگاوێکی بەو ئاراستە ناڕەوایە، چونکە ئەم خولەی پەڕلەمان، لەسەر بنەمای سازان حکومەت و پەڕلەمانی پێکهێناوەو و پۆستەکانی حکومەت و پەڕلەمانیشی دابەشکردووە.

ئاخر خۆ هەموو کەس دەتوانێ لەوە تێبگات، پەڕلەمانێک بەزۆرینەو کەمینە پۆستەکانی یەکلایی بوبێتەوەو حکومەتی پێکهێنابێ، بەزۆرینەو کەمینە شەرعیەتی دەستپێکردنی وەرگرتبێ، شەرعیەتی هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکانیش پەنا بۆ پرەنسیپی زۆرینەو کەمینە ببات و تەنها رێگاشی هەر ئەوەیە.

بەڵام پەڕلەمانێک کەبەسازان پۆستەکانی یەکلایی بوبێتەوەو حکومەتی پێکهێنابێ، بەسازان شەرعیەتی وەرگرتبێت، ناڕەوایە بیەوێ بەپرەنسیپی زۆرینەو کەمینە یاساو بڕیارەکانی تێپەڕێنێ، و لەو رێگایەوە پاشقولی سیاسی بگرێت.

کەوایە بەو هۆیەوە دەتوانین بڵێین بەڵێ خولی پێشووی پەڕلەمان شەرعیەت و مافی کارکردنی هەبوو بەزۆرینەو کەمینە، بەڵام ئەم خولی سازانەی پەڕلەمان ئەو ماف و شەرعیەتەی نییە، بێگومان هەرکەسیش ئەم راستیە نەڵێ، یان لەپێناو ئامانجێک لایداوە لەڕاستی یان بەشێکە لەهەوڵی نانەوەی ئاژاوە، چونکە خۆی دەزانێت، ئەو لایەنەی لەسازانی پێکهێنانی پەڕلەماندا شەریک بوبێ، قبوڵی نییەو قبوڵی ناکات لەدەرەوەی ئەو پرەنسیپە پرەنسیپێکی تر بۆ رایکردنی کارەکانی ئەم پەڕلەمانە بەکاربێت، کە کاڵای باڵای ئەم خولەی پەڕلەمان نییە و پێی دەوترێ زۆرینەو کەمینە.

بەڵام با بۆ زیاتر روونکردنەوە بەم شێوەیەش باسی زۆرینەیەکی شەرعی و زۆرینەیەکی ناڕەوا لەهەردوو خولەکەی پەڕلەماندا بکەین:

یەکەم : زۆرینەیەکی شەرعی

رۆژی 30-06-2013 پەڕلەمانی کوردستان، یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی پەسەندکرد، بەپێی یاساکە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ماوەی دوو ساڵی تر سەرۆکایەتی بۆ درێژکرایەوە، واتە لە 30-06-2013 ەوە بۆ 19-08-2015 ، ئەو یاسایەش لەپەڕلەمانی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.

بەر لەو یاسایە من لەنوسێنێکدا ئەوەم خستەڕوو، کە لەپەڕلەمانی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ یاسای سەرۆکایەتی هەموار دەکرێتەوەو بەزۆرینە ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی درێژدەکرێتەوە، هەرواش دەرچوو، پێشموابوو کەئەوەی دەکرێ دژ بەدیموکراسی نییە، وام خستەوڕوو کەپەنابردن بۆ زۆرینەی پەڕلەمان، گرتنەبەری رێیەکی شەرعی و دیموکراسییە، و هێز نییە لەسەر ئەرزدا ئەوە بەدژایەتی دیموکراسی قبوڵ بکات.

بەڵام ئەوکات لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە یاساکە ڕەتکرایەوە، و زۆر بەتوندی دژ بەزۆرینەی پەڕلەمان وەستانەوە، پێیان وابوو هەندێ پرس و یاسا هەن کە رەهەندی نیشتیمانی، نەتەوەیی، ئەمنی قەومی و دینیان هەیە، ناکرێ بەزۆرینە تێپەڕێنرێت و دەبێت سازانی نیشتیمانیان لەسەر بکرێت، بیرمانە ئەو لایەنانە هێندە باسی سازان و دژایەتی زۆرینەیان کرد، کەهەموو مناڵێک وشەی سازانی کەوتبووە سەردەم.

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، کەئەوکات رابەرایەتی ئۆپۆزسیۆنی دەکرد، لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، بەئاشکرا وتی، کەهێزەکەی ئەوان و هاوپەیمانەکانی بۆ هیچ کام لەو یاسانەی کە ئەو رەهەندانەیان هەیە کەباسمانکرد، قبوڵ ناکەن بەزۆرینەی پەڕلەمان کاریان لەسەر بکرێت و تێپەڕێنرێن، وتیشی ئەوان تەنها بۆ بەیاساییکردنی جگەرە کێشان و لەشفرۆشیی بڕوایان بەوە هەیە، ئاسایی بێت بەزۆرینە تێپەڕێنرێ، بەڵام بۆ ئەو قانونانەی کەپەیوەندیان بەسیستەمی سیاسی ئەم وڵاتەوە هەیە، ئەبێ تەوافقی نیشتیمانی لەسەر بێت، ئەگەر تەوافقی نیشتیمانی لەسەر نەبێ، هەرگیز قبوڵی ناکەن بەزۆرینە تێپەڕێنرێ. [1] ..

ئەوە قسەی کاک نەوشیروان بوو، کە تەنها بۆ جگەرە کێشان و کشتوکاڵ و لەشفرۆشی زۆرینە لەپەڕلەمان مافی بڕیاردانی هەیە، پێم وایە وتنی ئەو راستییەش نابێتە لایەنگری هیچ لایەنێک، کەئەوکات ئۆپۆزسیۆن کەمینەی پەڕلەمانیش بوون، بەهیچ جۆرێک قبوڵی ئەوەیان نەبوو زۆرینەی پەڕلەمان یاساکان تێپەڕێنێ، هەریاسایەک بخرایەتە بەرباس، یان تەپڵیان لێ دەدا و دەبەیان فڕێ دەدا بۆ سەرۆکی پەڕلەمان، یان بایکۆتی دانیشتنەکەیان دەکرد و لەکۆنگرەی رۆژنامەوانیدا باسی دیکتاتۆریەتی زۆرینەیان دەکرد، بۆیە کاتێکیش باسی ئەوە کرا هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دوابخرێت، ئەوان لەگەڵ ئەوەی کاندیدیان نەبوو، بەتوندیش رەتیان کردەوەو داوای سازانی نیشتیمانیان دەکرد لەسەر هەر پرسێک.

من ئێستاش دەنگی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگوێمدایە، کەدوای کۆبونەوەی ئێوارەی چوارشەمە 10-06-2013 ی لیژنەی هەماهەنگی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان سازکرا، تێیدا هەریەک لە یوسف محەمەد(سەرۆکی ئێستای پەڕلەمان) و رێکخەری ژوری توێژینەوەی سیاسیی ئەوکاتی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەبوبەکر عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوی ئیسلامی و ئەنوەر سەنگاوی لە کۆمەڵی ئیسلامی، قسەیان دەکرد، پێکەوە بەتوندی هەوڵی زۆرینەی پەڕلەمانیان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رەتکردەوە.

وتیشیان کە ئۆپۆزسیۆن بڕیاری داوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی دانەنیشێت، هەتا بڕیاری ژمارە (٢)ی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەتە بە چاکسازی لەهەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی دەستور و ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە، جێبەجێنەکرێت. [2].

ئەو یاسایەش کەئەوان ئەوکات تەنانەت دانیشتنیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی پێوەگرێ دابوو، لەخاڵی دووەمیدا هاتووە، لیژنەی‌ دیالۆگی‌ نیشتیمانی‌ لە لایەن پەرلەمانەوە بە بەشداری‌ فراکسیۆنەکان پێک دەهێنرێت لە ماوەی‌ (3) ڕۆژدا بۆ گفتوگۆکردن لە گەڵ لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی‌ خۆپیشاندەران و مامۆستایان و پسپۆران، وەک میکانیزمێک بۆ گرتنە ئەستۆی‌ داواکاری‌ خۆپیشاندەران و بە دواداچونی‌ و جێبەجێکردنیان، ئەم لیژنەیە لە ماوەی‌ بیست ڕۆژدا کارەکانی‌ ئەنجام دەدات، بە تەوافقی‌ نیشتیمانی‌ بۆ هەموو ئەو پرس و یاسایانەی‌ کە ڕەهەندی‌ نیشتیمانیان هەیە.

هەر لەو بڕیارەی پەڕلەماندا، کە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن تەنانەت گفتوگۆشیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی بەجێبەجێکردنییەوە پەیوەستکردبوو، لەهاوپێچەکەیدا بەناوی (دەقی‌ داواکاریە بنەڕەتیەکان) لەخاڵی حەوتدا هاتووە”تێنەپەڕاندنی‌ هیچ پرۆژەیە یاسایەک لە پەرلەمان بە بێ ئەوەی‌ کە پێشتر هاونیشتیمانیان لە کۆڕو کۆبونەوەکاندا گفتوگۆیان لە سەر نەکردبێت و سەرنجەکانیان بە هەند وەرنەگیرابێت”.

واتە ئەوکات ئۆپۆزسیۆن نەک ئەو یاسای قبوڵ نەبوو کەبەزۆرینەی پەڕلەمان دەربچێت، بەڵکو هیچ یاسایەکیشی بەیاسا نەدەزانێ ئەگەر هەموو پەڕلەمانیش دەنگی لەسەر دابێ، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان لەدەرەوەی پەڕلەمان و لەناو کۆڕوکۆبونەوە جەماوەرییەکان گفتوگۆیان لەسەر نەکردبێت و سەرەنجەکانی ئەوان بەهەند وەرنەگیرابێت لەداڕشتنەوەی.

بەڵام من لەوکاتەشدا وێڕای رەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن و رۆشنبرەکانیان لەهەوڵەکانی پەڕلەمان، دژ بەوە نەبووم زۆرینە کاری پەڕلەمانیی خۆی بکات و یاساکان تێپەڕێنێ، هەر بۆ ئەوەش بوو چاوپێکەوتنم لەگەڵ پەڕلەمانتارێکی وڵاتی سویدکرد و ئەویش وتی، کە هەمیشە لەوڵاتانی دیموکراسیدا زۆرینە یاساکان دەباتەوەو تێدەپەڕێنێ، نادیموکراسیش نییە، وتیشی ئەوان کە ئۆپۆزسیۆنن زۆربەی هەرزۆری جارەکان لەمناقشەکانی پەڕلەماندا دەدۆڕێن چونکە زۆرینە نین، ئەوەشی بەکارێکی نادیموکراسی نەزانی.

زۆرینەیەکی ناڕەوا

ئێستا ماوەی ئەو دوو ساڵە درێژکراوەکەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم، چەند رۆژێکی ماوە، 19-08-2015 کۆتایی دێت، زۆرینەیەکی لاواز لەپەڕلەمان، خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ چەند پرۆژە یاسایەک لەپەرلەمانی کوردستان کرد تایبەت بەو پرسە، لیژنەی یاساییش راپۆرتی خۆی لەسەر پرۆژە یاسا پێشنیارکراوەکان ئامادەکردووە و ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە، بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان لەو سەر ئەو پرسە بکرێت، بەڵام ‌هێشتا دانیشتن نەکراوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆر بەتوندی دژی ئەو هەوڵەی پەڕلەمان وەستاوەتەوە کەکار بۆ دارشتنی یاسایەک دەکات لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیییەوە، لایەنەکانی تر و بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان، کە ئێستا بەرابەری لایەنەکانی بەشدار لەهەوڵی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی دەناسرێت تا ئەمرۆش دەستیان بەو هەوڵەی خۆیانەوە گرتووەو داکۆکی لێ دەکەن.

پارتی ئەو هەوڵە بەهەوڵێک بۆ دژایەتی خۆی دەزانێت و پێی وایە ئەو پرسە تەنها دەبێت بەسازان چارەسەربکرێت، تا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت چووە، لایەنەکانی تریش رێگری پارتی لەوهەوڵە بەکارێکی نادیموکراسی و سەپاندنی بڕوای حزبی بەسەر پەڕلەماندا سەیر دەکەن و باس دەکەن.

بەڵام پارتی تاکو ئەمرۆش نەیگوتووە زۆرینەی پەڕلەمان شەرعیەتی نییە، بەڵکو دەڵێت ئەم پەڕلەمانە تواناو مافی نییە وەک خولی پێشووی پەڕلەمان بەزۆرینە بڕیارو یاسایەک دەربکات، چونکە پێکهێنانی و دابەشکردنی پۆست و پایەو لیژنەکانی وەکو پەڕلەمانی پێشوو بەرهەمی زۆرینە نییە، بەڵکو بەرهەمی تەواقف و سازانە.

بێگومان ئەوانەشی کەچاودێری دۆخی سیاسی وڵات دەکەن، ئەگەر جورئەت بەخۆیان بدەن، لەهەڵسەنگاندنی ئەم پرسەدا ماف دەدەن بەپارتی، بەڵام مادام ترسیان لەراگەیاندنێکی کاریگەر هەیە، کەلەگەڵ وتنی ئەو راستییە بەپیاوی پارتی دەیانناسێنێت و بەهەڵوێست فرۆش پێشانیان دەدات، نتقیان لەخۆیان بڕیووەو قسەیان نییە لەو بارەوە.

لێ من کە هەرگیز لەپێناو وتنی راستی باکم لەو جۆرە قسەو قسەڵۆکانە نەبووە، چۆن دوێنێ لەگەڵ زۆرینەی پەڕلەمان بووم بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی کوردستان، لەم پرسەشدا دیسان رام لەگەڵ پارتییە کەئەم خولەی پەڕلەمان مافی نییە پرەنسیپی زۆرینەو کەمینە بەکاربهێنێت، چونکە لەخولی پێشووی پەڕلەماندا دەبوو زۆرینەی پەڕلەمانیی دەسەڵاتی هەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان و بۆ تێپەڕاندنی یاساکان، ئەگەرنا خۆ دیموکراسی مانایەکی نەدەما، ئەگەر حساب بۆ زۆرینەو کەمینە نەکرابا، دەکرا لەجێی هەڵبژاردن حزبەکان خۆیان بەرێککەوتن پۆستەکانیش دابەشبکەن، بێ ماندوکردنی خەڵک لەبەشداریکردنیان لەپرۆسەکانی هەڵبژاردن و سەرئێساندنیان بەبانگەشەکانی هەڵبژاردن، بەڵام ئەمجار لەم خولەی پەڕلەماندا لەگەڵ پەیڕەوکردنی پرەنسیپی زۆرینەو کەمینەدا نیم، ئەوهەوڵەش کەو بەو ئاراستە لەپەڕلەمان لەئارادایە بەناڕەواو دەزانم و بەمەترسی دەبینم بۆ سەر کوردستان بەگشتی.

چونکە وەک وتم :

لەخولی پێشووی پەڕلەماندا، حکومەتێک پێکهاتبوو بەناوی حکومەتی زۆرینە و لەسەر بنەمای زۆرینە، هەر لەسەر ئەو بنامەش پۆستەکانی پەڕلەمان یەکلایی کرابوەوە، ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەریش لەپەڕلەماندا بوونی هەبوو، کەبانگهێشتی بەشداریکردن لەحکومەتیان رەتکردبۆوەوە.

لەم خولەشدا ئەو حکومەتەی کە ئێستا وڵات بەڕێوە دەبات و ئەو پەڕلەمانەش کەئێستا دەستبەکارە، پێکهاتەی زۆرینەو کەمینە نین، بەڵکو پێکهاتەی تەوافق و سازانن، ئێستا هیچ ئۆپۆزسیۆنێک لەپەڕلەماندا بوونی نییەو هەموو بەشدارن لەدەسەڵاتدا، ئەی عەجەب پێمان وابێ رەوایە پەنا بۆ پرەسنیپی کەمینەو زۆرینە ببەن، تێیدا لایەنێکی سەرەکی سازانی نیشتیمانی زیانمەند بێت و هێشتاش پابەند بێت بەسازانی پێکهێنانی پەڕلەمانەوە.

نەخێر بەدڵنیاییەوە لای هەموو کەس روونە، کە زۆر ناڕەوایە پەڕلەمانێک کەبەسازان دروست بوبێت، بیەوێ دژ بەو سازانەی خودی خۆیی پێکیهێناوە کار بکات و لەبەرژوەندی لایەنێک تەمسیلی پەڕلەمانێک بکات، کەزۆرینەو کەمینە پۆستەکانی یەکلایکردبێتەوە.

….

سەرچاوەکان

[1] قسەکانی کاک نەوشیروان

 https://www.facebook.com/nuchenet/videos/861260013952164/?pnref=story

[2] ئۆپۆزسیۆن: درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی و خۆ هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی رەتدەکاتەوە

http://www.gorran.net/Detail.aspx?id=1922&LinkID=106

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com