نێچیرڤان بارزانی پەیامێك ئاراستەی کۆسرەت ڕەسوڵ دەکات

0

نوچەنێت

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکی تایبەتدا پشتیوانی لە بانگەوازەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات و مسووربوونی پارتی لەسەر ڕێكکەوتن و سازانی نیشتیمانی دوپات دەکاتەوە.

لەو پەیامەدا نێچیرڤان بارزانی دەڵێت”ئێمه‌ پشتیوانی له‌و په‌یامه‌ی به‌ڕێز كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ ده‌كه‌ین له‌پێناو سازاندا و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌وڵێكی زۆری دا له‌پێناو یه‌كڕیزیی نیشتمانی و دروستكردنی سازان”.

لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە”له‌ هه‌مان كاتدا له‌و بڕوایه‌داین كه‌ پڕۆژه‌ی به‌ڕێز به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانرێت وه‌ك بنچینه‌یه‌كی گفتوگۆكردن ته‌ماشا بكرێت بۆ گه‌یشتن به‌و سازان و یه‌كڕیزییه‌ی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان و دۆستانمان داوای ده‌كه‌ن”.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانییە:

 

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان،
جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویستی كوردستان..

حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان..

ئه‌مڕۆ به‌ڕێز كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا داوای سازانی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان كرد و پشتیوانیی خۆیشی بۆ پڕۆژه‌ی به‌ڕێز به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگه‌یاند.

ئێمه‌ پشتیوانی له‌و په‌یامه‌ی به‌ڕێز كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ ده‌كه‌ین له‌پێناو سازاندا و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌وڵێكی زۆری دا له‌پێناو یه‌كڕیزیی نیشتمانی و دروستكردنی سازان، ئێستاش پێداگیری له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كڕیزیی نیشتمانی ده‌كه‌ینه‌وه‌ و پێمانوایه‌ هاوپه‌یمانیه‌تیی چه‌ند ساڵه‌ی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌ركێكی زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر شانی هه‌ردوولا بۆ دروستكردنه‌وه‌ی سازان و یه‌كڕێزییه‌كی تازه‌ی سیاسیی نیشتمانی له‌ كوردستاندا.

له‌ هه‌مان كاتدا له‌و بڕوایه‌داین كه‌ پڕۆژه‌ی به‌ڕێز به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانرێت وه‌ك بنچینه‌یه‌كی گفتوگۆكردن ته‌ماشا بكرێت بۆ گه‌یشتن به‌و سازان و یه‌كڕیزییه‌ی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان و دۆستانمان داوای ده‌كه‌ن.

نێچیرڤان بارزانی

جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

14/8/2015

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com