نوچەنێت
عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە لەو چاوپێکەوتنەدا هۆشداری ئەوە دەدات کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغێكی هەستیاردایە و ئەگەر سازان نەکرێت چاوەڕێی دەرهاویشتەی خراپی لێ دەکرێت.
عەلی باپیر لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند”ئومێد دەكەم لەم چەند رۆژەی كە ماوە لە بەردەمماندا پێكەوە دابنیشین و لەبەر بەرژەوەندی گشتی تەنازول لە بەرژەوەندی حزبی بكەین، منیش هەوڵێكم بەدەستەوەیە چوارچێوەی هەوڵەكەم ڕەخساندنی كەشێكە كە تێیدا لایەنەكان كۆبوونەوەی لوتكە بكەن.”
ئەمیری کۆمەڵ زیاتر دەدوێت و دەڵێت” كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم چاوەڕوانی دەرهاویشتەی خراپی وەكو دوو ئیدارەیی و شتی خراپتری لێدەكرێت، ئەگەر لایەنەكان نەگەنە ڕێككەوتن.”
عەلی باپیر ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت “دەبێت هەموو لایەنەكان لەسەر مێزی گفتووگۆ تەنازول بۆ یەكتری بكەین، چونكە ئەو باجەی بۆ تەبایی و یەكڕیزی دەیدەین زۆر كەمترە لەو باجەی بەهۆی لێكترازانەوە دەیدەین.”
عەلی باپیر ئەوە بەبیر پارتی و یەکێتی دەهێنێتەوە و کە لە ساڵانی ڕابردوو پارتی و یەکێتی لە شێوزی ئیدامەدانی حوکمڕانیدا قۆرغکارییان ئەنجامداوە و زیاتر دەڵێت “دەبێت یەكێتی و پارتی ئەو ڕاستیە بزانن لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا خەڵك لە ئەدای حوكمڕانیان ڕازی نەبووە ، چونكە وڵات گەندەڵی و قۆرخكاری تێدا زۆرە و دادگەری نەبووە و یاسا سەروەر نەبووە.”
عەلی باپیر داوا دەکات و دەڵێت نابێت هەرکەسەو لە ئاوازێك بخوێنێت و ئەگەر وابکەین ئەوە ئەوەی هەیە لەدەست دەچێت.