ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییەوە

0

نوچەنێت

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی پڕۆژەکەی دکتۆر بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها چەند پرسێکی تری سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکە،ئەنجومەنی سەرکرادەیەتی یەکێتی ڕاگەیەندراوێك بڵاو دەکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانیدا هاتووە”یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سورە لەسەر پرۆژە یاسای پێشکەشکراوی لە پەرلەمانی کوردستاندا”.

هەر لەو ڕەگەیەندراوەدا هاتووە”یەکێتی، لەکاتێکدا لەگەڵ سازانی گشتی و نیشتمانییە، لەھەمانکاتیشدا، لەگەڵ ھیچ لایەکدا، دوو لایەنە، رێکەوتن ئەنجامنادات. تەنانەت بۆ ئەگەری پێشوەختی ھەڵبژاردنیش، یەکێتی ئامادەیە”.

 

دەقی راگەێندراوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

گەلی ئازادیخوازی کوردستان!
کەسوکاری شەھیدان!
پێشمەرگە داعش شکێنەکان!

لە بارودۆخێکی ئاڵۆز، ھەستیار، پڕ لە کێشمەکێشە دیموکراسیەکانی گۆڕانکاری لە ھاوکێشەی یاسایی و سیاسی و سیستەمی حوکمڕانیدا؛ لە ھەلومەرجێکدا نەتەوەکەمان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە سەرانسەری کوردستاندا، دوچارو ناچاری شەڕی رزگاری و بەرھەڵستی دژی داعش کراوە؛ ھەزاران شەھیدو برینداری بەخشیوە؛ لەناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم و بەشەکانی کوردستان و عێراقدا، زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە کەژاوەی پەژارەی ئەم رۆژگارەی شەروشۆڕیان پەیتا پەیتا رویان لە کوردستانە؛ ھەر لەم بارودۆخەشدا، پەرلەمانی کوردستان و ھێزە سیاسیەکان، دوای چەندین مانگ لە پێشکەشکردنی پرۆژەی جیاواز، ململانێی یاسایی، سیاسی و میدیایی، کە لیژنەی یاسایی پەرلەمان لە دوائەنجامدا، پرۆژەی چوار لایەنی کوردستانی (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو)ی سەبارەت بە دەستورو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم.. پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردووە.

بەڵام، لە ھەلومەرجێکی ئاوھای قەیرانی ئابوری و سیاسی و یاساییدا، کە ھەموی جەماوەری خستۆتە ژێر فشاری بێموچەیی و کەمیی کارەباو سوتەمەنیەوە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، کۆبونەوەی لەسەر کۆی ئەو کێشەو روداوانە کرد، دوای دەربڕینی سەربەستانەی بۆچونی تێکڕای ھەڤاڵان، کۆبونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:

یەکەم
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سورە لەسەر پرۆژە یاسای پێشکەشکراوی لە پەرلەمانی کوردستاندا.

دووەم
دەرگای سیاسی یەکێتیی، بۆ گفتوگۆ لەپێناوی سازانی لایەنەکان، واڵایەو یەکێتیش، بە رەچاوکردنی بۆچونی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بیروبۆچونی سازانی ھەیە.

سێھەم
یەکێتی، لەکاتێکدا لەگەڵ سازانی گشتی و نیشتمانییە، لەھەمانکاتیشدا، لەگەڵ ھیچ لایەکدا، دوو لایەنە، رێکەوتن ئەنجامنادات. تەنانەت بۆ ئەگەری پێشوەختی ھەڵبژاردنیش، یەکێتی ئامادەیە.

چوارەم
بە لێبڕاویی یەکێتی دژی ھەموو چەشنە سیاسەتی دوو ئیدارەییەو لەژێر ھیچ پەردەو پاساوێکدا، نایسەلمێنێ.

ھەڤاڵان و دڵسۆزانی یەکێتی!

وەکو ھەمیشە، یەکێتی دەستی پێشمەرگە قارەمانەکان لەسەرانسەری کوردستاندا دەگوشێ و سەرەڕای سەرجەم کێشەکان، بێ درێغ توانای خۆی بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی پێشمەرگە بەسەر داعشدا، لە باشورو رۆژئاوادا، دوپاتدەکاتەوە، لەھەمانکاتدا، جەخت دەکەینەوە کە:

لە تورکیا و باکوری کوردستاندا، شەڕ رابگیرێ و راسپاردەو بڕیارەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، پەرلەمانی ئۆروپا، ناتۆ، رای گشتی تورکیاو ناوچەکە و نەتەوەی کورد، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی رەچاوی سیاسی بکرێ و ئەمجارەش، دەبێ پرۆسەی ئاشتی، بە رێوشوێنی یاسایی و سیاسی دیموکراسی راستەقینە، دەستپێبکرێتەوە.

لەکۆتاییشدا، ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بێ چەندوچۆن، بڕیارەکانی پاکسازی و چاکسازی کابینەی بەرێز عەبادی پەسەند دەکات و ئومێدەواریشە، بەپێی رێوشوێنە یاسایی و دەستوریەکان، ھەتا سەر، بڕیارەکان، بێ جیاوازی لەنێوان پێکھاتەو جەمسەربەندیەکان، جێبەجێ بکرێ.

ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو بەدیھێنانی
– سیستەمی پەرلەمانی.
– سازانی راستەقینە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٢/٨/٢٠١٥

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com