نوچەنێت
دوای ئەوەی دوێنێ لە شاری کەرکوك مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پڕۆژەکەی دکتۆر بەرهەمی وەك پڕۆژەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەست نیشان کرد بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سازانی نیشتیمانی لەسەر ئەو پرسە،ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری سلێمانی ئەو پڕۆژەیە لە لایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبەوە ڕەتکرایەوە.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرچاوەیەك لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ڕاگەیاند”ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پشتگیری پڕۆژەکەی فراکسیۆنی یەکێتی دەکات لە پەرلەمانی کوردستان و دەرگاشی واڵایە بۆ سازان و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە”.
بەم لێدوانەش سەرجەم ئەو هەوڵانەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕەدد کرایەوە کە بە پڕۆژەکەی بەرهەم ساڵحەوە بچنە سەرمێزی هیچ گفتوگۆیەك لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئامادە نەبوون پڕۆژەکەی دکتۆر بەرهەم بخەنە دەنگدانەوە و هەندێك لەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە دوێنێ دەنگی بەڵێیان بۆ پڕۆژەکەی دکتۆر بەرهەم دابوو،ئەمڕۆ بە پێی سەرچاوەکانی نێو کۆبوونەوەکە بە توندی پڕۆژەکەیان ڕەدد کردووەتەوە و پشتگیەری ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی پاڕلەمانیان کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر بەرهەم ساڵح تەنها هەندێك ڕوونکردنەوەی لەسەر پڕۆژەکەی خۆی خستووەتە ڕوو بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەڵام هیچیان سودیان نەبووە و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پڕۆژەکە ڕەدکراوەتەوە.
وا بڕیارە دوای کەمێکی تر ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێك بڵاو بکاتەوە.