نوچەنێت
بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆببێتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پرسە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی ویلایەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەر باس.
ڕۆژی دوو شەممە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دوو شاری جیاواز کۆبوونەوەی لەگەڵ دوو لایەنی جیاوازی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا،لە کۆبوونەوەکاندا پرسی دەستوور و پرسی ویلایەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس.
عیماد ئەحمەد گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ماڵپەڕی حزبەکەی ڕاگەیاندوە ئەمڕۆ سێ شەممە 11/8/2015 مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و لە کۆبونەوەکەشدا گفتوگۆکان لەسەر پرسە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت و هەروەها گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەکەی دکتۆر بەرهەم جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کوردستان دەکرێت و هەروەها ئەنجامی کۆبوونەوەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسدەکرێن”.
بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کورستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێێدا ڕێگە چارەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێێدا داوای مانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات لە پۆستەکەی خۆیدا و ئەم دوو ساڵەی داهاتوو بە ماوەی ئینتیقالی ناو دەبات.
لە پڕۆژەکەی دکتۆر بەرهەمدا هاتووە ” ئەنجوومەنێک بۆ ئەم قۆناخە ئینتیقالییە پێکدێت لە سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەسەر پرسە گرنگەکانی ئەمنی قەومی وەک، مافی چارنووس و پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەکە”.
بە پێی لیدوانەکەی عیماد ئەحمەد بێت ئەمڕۆ کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لایەك تایبەت دەبێت بە باس کردنی پڕژەکەی دکتۆر بەرهەم دەبێت و لە لایەک باس کردنی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکەی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی تر دەبێت.