بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسی فارس بەستراوە بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی،محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت کە لە لایەن سایتی” دیپلۆماسی ئێرانی “یەوە بەرێوەچووە،سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەتی پێوەندیدار بە رێکەوتنی ئەتۆمی هەڵوێستەی کرد.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئێران لە بەشێک لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژە دان بە هەڵبژاردنی خولی پێشووی سەرۆکۆماریی ئەم وڵاتە ،جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هاتنی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگ دان لە هەل و مەرجی گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە،بووە هۆی نائومیدی دانەرانی گەمارۆکان و هاتنیان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
زەریف لە درێژەدا دەڵێ:ئامانجی سەرەکی گەمارۆکان ئەوە بوو کە لەم رێگەوە گوشار بخەنە سەرخەڵک تا لە حکومەت داببڕێن.ناوبراو سەبارەت بە گەمارۆ مووشەکیەکان وتی لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ ئەم گەمارۆیانە گۆڕاون بۆ مەحدودییەت.زەریف لە درێژەدا دەڵێ:ئێمە بە رۆژئاواییەکانمان گوتوە کە توانای بەرگریمان وەک خۆی بەهێز دەکەین و درێژە بە هاوکاری تەسلیحاتی و پڕچەک کردنی هاوپەیمانانی خۆمان دەدەین.بە سەراحەتیش پێمان راگەیاندوون کە ئەگەر ئێران و یارمەتیەکانی نەبوایە ئیستا زۆرێک لە پایتەختی وڵاتانی ناوچەکە دەکەوتە دەستی داعش.