نوچه‌نێت: تایبه‌ت
كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جَگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له په‌یامێكدا وه‌ڵامی داواكاری فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌داته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی توندوتیژین.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ
براو هاوڕێكانم له فه‌رمانده‌ییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
سڵاوێكی گه‌رم:-
به‌ناوی خۆم و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستانه‌وه ده‌ست خۆشیتان لێده‌كه‌م سه‌باره‌ت به‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه ئاڕاسته‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانتان كردووه.
هه‌ڤاڵانم.. لای هه‌موان ئاشكرایه كه‌له‌م ساته وه‌خته‌دا عیراق به‌بارودۆخێكی ناله‌بار و تونێلێكی تاریكدا گوزه‌ر ده‌كات، به‌ڵام هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه له‌رێگه‌ی قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستانه‌وه جیاوازیه‌كی زۆر هه‌یه له‌به‌شه‌كانی تری عێراق له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی (ئاشتی و ئازادی و ئارامی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و…).
بۆیه له‌م ساته وه‌خته هه‌ستیاره‌دا ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌موومان له سه‌ركردایه‌تی هه‌موو حزبه سیاسییه‌كان و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ جیهانی بسه‌لمێنین ئێمه شایسته‌ی وه‌ده‌ستهێنانی خه‌ونه مێژوویه‌كه‌مانین له‌سه‌ربه‌خۆیی، له‌و پێناوه‌شدا قوربانی زۆرمانداوه‌و به‌رده‌وامیشین له خه‌باتكردندا، هه‌میشه‌ش باوه‌ڕمان به‌چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌كان هه‌بووه له رێگه‌ی گفتوگۆ‌و دانوستاندنه‌وه، ئێمه دژی توندڕه‌وی و به‌كارهێنانی چه‌ك بووین له دژی دوژمنه‌كانمان، چ جای چه‌ك به‌كاربهێنین دژی یه‌كدی و شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ‌و كورد كوژی هه‌ڵگیرسێنین.. له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه ئازادیخوازانی جیهانیش پشتیوان و هاوكارمان ده‌بن بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی.
هه‌ڤاڵه پێشمه‌رگه‌كانم..
من وه‌ك پێشمه‌رگه‌و باوكه شه‌هیدێك تێده‌گه‌م له ئازاری به سوێی كه‌سوكاری شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كانمان، ماندووبونی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانیش به‌رزده‌نرخێنم ، هیوادارم ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و راستیه بزانن ” كه ئه‌و بارودۆخه چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك هاتۆته ئاراوه، به چ قوربانیدان و فیداكاریه‌ك وخوێن به‌خشینێك ئه‌و ئازادیه‌مان ره‌خساندووه.
پێویسته هه‌موو لایه‌كمان تواناكانمان یه‌ك بخه‌ین وه‌گه‌ری بخه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و نه‌هامه‌تی و كه‌می خزمه‌تگوزاریه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له (ئاو، كاره‌با، مووچه، دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانی ژیان)، ژیان و گوزه‌رانی باش و شایسته بۆ كه‌سوكاری شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كان وپێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان دابین بكه‌ین، بۆیه ده‌ستخۆشی له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كوردستان ده‌كه‌م كه جارێكی تر ماوه‌كه‌ی درێژكرده‌وه تاوه‌كو هه‌موو لایه‌ك بگه‌نه سازانێكی نیشتمانی.
بژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی كورد‌و كوردستان.
براتان
كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
2015-8-9