جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێك بڵاو دەکاتەوە

0

نوچەنێت

جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پاڕلەمانی کوردستان راگەیەندراوێك بلاو دەکاتەوە و تێیدا بە توندی هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی پاڕلەمانی کوردستان دەڵێت”سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ماوەیەکە ئەدای کاری یاسایی خۆی ناکات و تەجاوزی کارو دەسەلات و تایبەتکارەکانی خۆی کردوە”

هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا جێگری سەرۆکی پاڕلەمان دەڵێت”ئەنجامدانی دانیشتنێکی ئاسایی یاخود نا ئاسایی پەرلەمان دەچێتە خانەی دوورکەوتنەوە لەسازانی نیشتمانی و پێشێلکردنی ئەو بنەمایەی کە ئەم خولەی پەرلەمان و کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ هاتە کایەو وا بڕوات رەوشەکە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات”.
دەقی راگەیێندراوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

بۆ/ رای گشتی کوردستانی

ئەمرۆ ٩/٨/٢٠١٥ جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، راپۆرتێکی سەبارەت بە پرۆژەی هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەئیمزای شەش ئەندام لەکۆی یازدە ئەندام پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کردوە، کە لەبنەرەتدا ئەو راپۆرتە لەلایەن سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان رەتکراوەتەوەو بە نایاسایی لەقەڵەم دراوە.

ئەگەر بەچاوێکی لۆژیکیانە لەرەوتی رووداوەکان بروانین دەبینین سەرەتا شێوازی پێشکەشکردنی پرۆژەی ئاماژە پێکراو لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و خستنە رووی لەدانیشتنی ٢٣-ی حوزەیرانی رابردوو کە مشتومڕی زۆری لەسەر هەیەو تێپەراندنی بەزۆرینەی شلۆق بۆ ئەوەی ئەو راپۆرتەی لەسەر ئامادە بکرێ خۆی لە خۆی دا مایەی هەڵوەستە کردنە و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی ئاسایی یاخود نا ئاسایی پەرلەمان دەچێتە خانەی دوورکەوتنەوە لەسازانی نیشتمانی و پێشێلکردنی ئەو بنەمایەی کە ئەم خولەی پەرلەمان و کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ هاتە کایەو وا بڕوات رەوشەکە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات چونکە هەموو ئەو هەنگاوانە تەنهاو تەنها دوورکەوتنەوەیە لە سازان و پەنابردنە بەر زۆرینەیەکی شلۆق و فەرامۆشکردنی دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستان و هەر ئەمەشە بۆتە هۆی ئەوەی پرۆسەی سازان تارادەیەک لە نێوان لایەنە سیاسیەکان ئاڵۆز بێت و پەرلەمانی کوردستانیش لەبری ئەوەی وەک هەمیشە بەشێک بێت لە چارەسەری و سەقامگیریی سیاسی ئێستا نەک هەر بەشێکە لە قەیرانەکان بەڵکو ئاڵۆزتریشی کردوە بەداخەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ماوەیەکە ئەدای کاری یاسایی خۆی ناکات و تەجاوزی کارو دەسەلات و تایبەتکارەکانی خۆی کردوەو بەدەر لەبەرپرسیارێتی یاسایی و پەرلەمانی بەشێوازی جۆراوجۆر شوێنی لیژنەی یاسایی گرتۆتەوەو بەزەقی پێشێلکاری ماددەی ١١ و بڕگەی ١ و ١١ی مادەی ١٧ و بڕگەی ٣ ی ماددەی ١٨ و بڕگەی ٥ ی ماددەی ٣٩ ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی ١٠ی مادەی ٥٦ لەیاسای ژمارە ١ ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموار کراوی کردوە.
بەداخەوە ئێستا پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت وەڵامێکی دڵنیایی بە خانەوادەو کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان بداتەوە کە ئێستا لەبەرەکانی جەنگی دژ بە داعشن هەر لەشنگالەوە تا خانەقین و ناتوانێت نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان کەم بکاتەوە کە لەبەردەم تەلاری پەرلەمان لێدوانی توند و تیژ دەدرێت و تەواوی خەڵکی کوردستان توشی نائومێدی بوونە و پرۆسەی سیاسی بەو کارە نەبەرپرسانەیە گەیشتۆتە لێواری هەرەسهێنان و پەککەوتن
شاهێدی ئەوە دەدەم کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان زوو دەستی کرد بە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بەڵآم بەدەستێوەردانی دەرەکی لایەنێکی سیاسی کە بزوتنەوەی گۆڕانە هەموو پرۆسەکە بە ئاراستەیەکی حزبیانە برا و لە پرۆسەی چاکسازیەوە بەرەو تەحەدای پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسی برا کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە، تا هەوڵەکان گەیشتە ئەو رادەیەی بەرەیەکی سیاسی دژ بە یەک دروست بکرێ.
بۆیە خەڵکی کوردستان بەگشتی و خانەوادەی شەهیدە قارەمانەکان دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو هەوڵەکان چڕتر دەکەین بۆ گەیشتن بەسازانی نیشتمانی و یەکلایی کردنەوەی ئەم پرسە بە سازان

د. جعفر ئیبراهیم ئێمینکی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٩/٨/٢٠١٥

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com