نوچەنێت
سەرۆکی پاڕلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێك بڵاو دەکاتەوە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و تێیدا هاتووە”وەك وەڵامدانەوەیەک بۆ یاداشتی ژمارەیەک سەرکردەی پێشمەرگە قارەمانەکان لە بەرەکانی جەنگی دژی تیرۆرستان، بە پێویستی دەزانین دەرفەتێکی تر واڵا بکەین بۆ ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان”
لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ماوەی دە مانگە هەوڵەکانی خۆی چرکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان”.
ئەمەی خوارەوەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی پاڕلەمانی کوردستانە.
دەقی راگەێندراوی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
ئەمڕۆ یەک شەممە ٩-٨-٢٠١٥ لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پڕۆژە یاساکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد. بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت کات بۆ دانیشتن و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پڕۆژانە دەستنیشان بکرێت، جا چ دانیشتنی ئاسایی بێت یان نا ئاسایی. بەڵام لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر گەلەکەمان و ئەو بارودۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ یاداشتی ژمارەیەک سەرکردەی پێشمەرگە قارەمانەکان لە بەرەکانی جەنگی دژی تیرۆرستان، بە پێویستی دەزانین دەرفەتێکی تر واڵا بکەین بۆ ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، بۆ ئەوەی پێش دانیشتنی پەرلەمان بگەنە ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسە. بەتایبەت کە کات لەبەردەمماندا زۆر کەم ماوە و ئەگەر بەشێوەیەکی یاسایی چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە نەدۆزرێتەوە، ئەوا لە پاش ٢٠ی ئابی ئەمساڵەوە، هەرێمی کوردستان پێدەنێتە قەیرانێکی سیاسی و یاسایی ئاڵۆزترەوە.
بەبیری هەمو لایەکی دێنینەوە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ماوەی دە مانگە هەوڵەکانی خۆی چرکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار لەگەڵ فراکسیۆنەکان و لایەنە سیاسییەکان کۆبونەوەی سازداوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لەسەر ئەو پرسە نەگەیشتوونەتە سازان.
د. یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٩-٨-٢٠١٥