نوچەنێت
دەربارەی بانگەوازەکەی کۆمەڵێك فەرماندەی پێشمەرگەی کوردستان کە بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان ناردبوو،تێیدا داوایان لە لایەنە سیاسییەکان کردبوو کە واز لە کێشەی ناوخۆ بهێنن،چونکە لە ئێستادا پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهانیدایە.
کەمێك لە مەوبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پەیامێکەوە وەڵامی سەرجەم فەرماندەکانی پێشمەرگەی دایەوەو دەڵێت”ناوەڕۆكی بانگەوازەكەتان تەعبیر لەڕای ئێمەیش دەكات و لەگەڵتاندا هاوڕام. پاڵپشتیی دواكارییەكەتان دەكەم و دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئێوەی قارەمان”.
هەر لە پەیامەکەدا هاتووە “زۆر ناخۆشە و نابێ بەدەستی خۆمان قەیران دروست بكەین و ببینە سەرچاوەی دڵەڕاوكێ و نیگەرانیی خەڵك”.
…
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بۆ هاوسەنگەر و برایانی خۆشەویستم، پێشمەرگە قارەمانەكان
یادداشتەكەتان گەییشت كە لەبارەی بارودۆخی هەنوكەیی كوردستان ئاراستەی ئێمە و خەڵكی كوردستانتان كرد بوو.
ناوەڕۆكی بانگەوازەكەتان تەعبیر لەڕای ئێمەیش دەكات و لەگەڵتاندا هاوڕام. پاڵپشتیی دواكارییەكەتان دەكەم و دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئێوەی قارەمان.
لەم دۆخە ناهەموارەدا پێویستە بە لەیەك تێگەییشتن و سازان، كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان چارەسەر بكەین.
زۆر ناخۆشە و نابێ بەدەستی خۆمان قەیران دروست بكەین و ببینە سەرچاوەی دڵەڕاوكێ و نیگەرانیی خەڵك.
ئەوەی خوێنی شەهیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە و مەترسییەكانی سەر وڵاتەكەی لەبەرچاو بێت هەرگیز دەست بۆ دروستكردنی قەیران نابات.
وەك پێشمەرگەیەك زۆر باش لە هەستی ئێوە دەكەم و شاهیدی قارەمانێتی و شەونخونیتانم بۆ بەرگریكردن لە شەرەف و كەرامەتی كوردستان. لە ئێشی دایكی شەهید و ئازار و ناڵەی بریندارن دەگەم و، دەزانم پێشمەرگە قارەمانەكانمان لەچ دۆخێك و بە چ گیانێك لە سەنگەرەكاندان و بەڕووی دوژمنێكی دڕندە وەستاون. ئێوە مایەی شانازین و پارێزەری كوردستانن. ئومێدەوارم ئێوە و خەڵكی كوردستان ڕێگە نەدەن چارەنووسی وڵات بەرەو ئاسۆیەكی نادیار بڕوات.
مسعود بارزانی
9ـی 8ـی 2015