جەعفەر ئیبراهیم : کاک نەوشیروان لە دواین چاوپێکەوتنیدا سەرکەوتوو نەبوو هەمان پەیامەکۆنەکەی پێش سێ چوار مانگ بەر لەئێستای پێبوو

0

جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمی پارتی بۆ نوچەنێت:

کاک نەوشیروان لە دواین چاوپێکەوتنیدا سەرکەوتوو نەبوو هەمان پەیامەکۆنەکەی پێش سێ چوار مانگ بەر لەئێستای پێبوو

خەڵکی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ دژی بارەگاکانی ئێمە دەستیان لەتوندوتیژیدا هەبوو

گۆڕان بۆ چوونە کۆنگرە با دەعوەتی ئەندامەکانیان بکەن ئێمە تەحەمولی مەسئولیەت دەکەین، ئەگەر یەک نەفەر لەوان قسەیەکیشی بەرانبەر کرا ئێمە مەسئولین

پێمان وایە خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت، زەنگی مەترسییە

قسەکانی نەوشیروان مستەفا وەک ئامۆژگاری کردن بوو بۆ پارتی و یەکێتی، ئێمە بەشی خۆمان دەزانین چۆن ئیدارەی دۆخی خۆمان بکەین و چۆن حکومەت بەڕێوە ببەین

ئۆپۆزسیۆن ئەم ئاخرە گەشتبونە ئەو بڕوایەی کە خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت، دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، مەترسی دارە و دەبێت رەزامەندنی پێشوەختەی دامودەزگاپەیوەنددارەکان وەربگیرێت

رزگار رەزا چوچانی/ نوچەنێت

لەوەڵامی دیمانە تەلەفزیۆنیەکەی سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان، کەتێیدا دواکەوتنی کۆنگرەی بزوتنەوەکەی خستە ئەستۆی پارتی، کە ئەندامەکانیان ناتوانن لەهەولێرو دهۆکەوە بە ئاشکرا بەشداری کۆنگرە بکەن و قسەکانی وەک شوبهاندنی دەسەڵاتی پارتی بوو بە دەسەڵاتی بەعس، جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بەنوچەنێت قسەکانی نەوشیروان مستەفا بەقسەی دووبارە ناو دەبات و رایدەگەیەنێت زەمانەتی ئەو ئەندامانەی گۆڕان دەکەن کە دەچنە کۆنگرەی حزبەکەیان.

نوچەنێت: لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، نەوشیروان مستەفا سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان، باسی ئەوەی کرد کە لەزەمانی شاخ ئەندامانی کۆنفرانسەکانی کۆمەڵە لەشارەکانەوە بەماسکەوە بەشداریان دەکرد، ئێستاش نایانەوێ کۆنگرە ببەستن لە دهۆک و هەولێرەوە خەڵک بەماسکەوە بەشداری بکەن، ئەمە شوبهاندنی دەسەڵاتەکانی هەردوو سەردەمەکەیە بەیەک، تۆ وەک وتەبێژی پارتی چ تەعلیقێکت هەیە؟.

جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی: خۆی ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ماوەیەک لەمەوبەر پێچەوانەی ئەوەیە، بزوتنەوەی گۆڕان لەشارێکی وەکو دهۆک ١٤٠٠٠ چواردە هەزار دەنگی بەدەست هێناوە، ئەو خەڵکە چوون بەئارەزووی خۆیان و بەئازادی دەنگیان داوە بەگۆڕان، هەڵمەتی هەڵبژاردنیان لەو شارەدا بەئارەزوی خۆیان کردووە، بارەگایان هەبووە و ئێستاش بارەگایان هەیە، لەشارێکی وەک هەولێر نزیکەی ١٠٠٠٠٠ سەد هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە، ئەو خەڵکەی بزوتنەوەی گۆڕان کە خۆیان جیا کردەوە لە یەکێتی، نیشتیمانی کوردستان، ئازادبوون و بەئازادیش ئشیان کردووە و چالاکیان نواندووە، ئەوەی کاک نەوشیروان باسی دەکات رەنگە مەبەستی کێشەکانی دوای ١٧ی شوبات بێت، کە هەندێ توندوتیژی روویدا، بەداخەوە پێشتریش لەباسی خۆپیشاندان باسی تونسی دەکرد، کە خەڵکەکە خۆپیشاندانیان دەکرد چۆن چالاکی بنوێنن و چۆن بچنە سەربارەگاکان، بەڕاستی ئەو ئاماژانە کەش و هەوایەکی تری دروستکردووە، لەگشت شارەکانی کوردستان، یانی تەشەنوج هەیە، بەڵام ئەو تەشەنوجە کەی هاتووە؟، بەڕاشکاوانە دەڵێم لەدوای ئەوە هاتووە کە بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستێکی توندی نواند، کە من ئەو کات و ئێستاش دەڵێم هەرگیز ئەو هەڵوێستانە نە خزمەت بە بزوتنەوەی گۆڕان دەکات و نەخزمەت بە ئەزمونی ئێمە دەکات.

لەبارەی ئازادی ئەندامەکانیشیان بۆ چوون بۆ کۆنگرە، نەک بە منەتی یەکێتی منەتی پارتی منەتی کەس، ئەوەی گۆڕانە با دەعوەتی بکەن لەسەر مەسئولیەتی ئێمە، ئێمە تەحەمولی مەسئولیەت دەکەین، ئەگەر یەک نەفەر لەوان قسەیەکیشی بەرانبەر کرا، ئەوکات ئێمە مەسئولین لێی، ئەوەش بەهیوام وەک تەحەدییەک لێم وەرنەگرێت، تەنها ئەوەیە دڵینیایان بکەینەوە کە ئەوە لای ئێمە زۆر ئاساییەو مافی خۆشیانە خەڵکی گۆڕان لەخزمەتی بزووتنەوەکەیان چالاکی بکەن و کاری خۆیان بکەن، بەڵام دوور لە توندوتیژی دوور لە ئسولبێکی ئیستفزازی، دوور لەهەندێ کاری بەدرەوشتی کە لەهەندێ وڵات هەیە و لێرە خەڵکێک دەیەوێ تەقلیدیان بکات.

نوچەنێت: وەک وتەبێژی فەڕمی پارتی، هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەت بەگشتی بۆ دیمانەکەی کاک نەوشیروان چییە؟ بۆ نمونە هەندێ دەستەواژەی تێدا بەکار هات وەک ئەوەی کە دەڵێت ئەگەر دەسەڵات لەلاساری بەردەوام بێت، خۆپیشاندان دەکرێت؟.

جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی: من کەسێکم رێزێکی تایبەتیم هەیە بۆ کاک نەوشیروان، بەڵام لە دواین چاوپێکەوتنیدا سەرکەوتوو نەبوو، کە شتێکی نوێ بەخەڵکی کوردستان بگەیەنێت، هەمان پەیامەکۆنەکەی پێش سێ چوار مانگ بەر لەئێستای پێبوو، کە پەیامێک بوو بەڕاستی وەک ئامۆژگاری کردن بوو بۆ پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە بەشی خۆمان دەزانین چۆن ئیدارەی دۆخی خۆمان بکەین و چۆن حکومەت بەڕێوە ببەین، ناچمە ئەو چوار چێوە هەر لایەنێک چۆن هەڵسەنگاندنی لایەنێکی تر بکات، بەڵام لەهەرێمی کوردستاندا حکومەت بەگەرم و گوڕی خەریکی بەدواداچونی وەزعی خۆیەتی، کەچۆن خۆی باشتر بکات، ئەوە لەهەمان کاتدا فشاری پارتی و یەکێتیشە، کە حکومەت ئەدای خۆی باشتربکات، ئەدای پەڕلەمانیش باشتر بێت، ئەمساڵیش بینیمان ئەدای پەڕلەمان بۆ بودجە لەهەموو ساڵەکانی تر باشتر بوون، کە بەچاوێکی رەخنەگرانەو وردبینانە تەماشای بودجەیان کردو مامەڵەیان لەگەڵ کرد، من تەسەور دەکەم ئێمە پارتی و یەکێتی ،ئەو ئەزمونەمان هەیە دۆخی خۆمان باش بکەین، چاکیشی دەکەین نەک لەپێناو ئەوەی تەنها موعارەزە رازی بکەین، بەڵکو دەبێت موعارەزەش ئێمە رازی بکات، دەبێت ئەوانیش هەوڵبدەن بڕوایەک لای ئێمە دروستبکەن، کەتەنها ڕێگای ئاشتی دەگرنە بەرو دوور دەبن لەتوندوتیژی، کەپێشتر بەداخەوە هەتا هەندێک لەو لایەنانە دەستیان هەبوو لەتوندوتیژیدا، ئەگەر ئاراستەیەکی مەرکەزیش نەبوبێت بەڵام خەڵکێک کە حساب بووە لەسەر گۆڕان، حساب بووە لەسەر یەکگرتوو، حساب بووە لەسەر کۆمەڵ، دژی بارەگاکانی ئێمە دەستیان لەتوندوتیژیدا هەبوو، ئەو کەش و هەوایە لەبەرژەوەندی ئەوانیش نییە، ئێمە چاوەڕوانی پەیامێکی تر بوین لەکاک نەوشیروان، کە بەخەڵکی کوردستان و ئێمەی بگەیەنێت، بەڵام بەداخەوە سەرکەوتوو نەبوو، هەردووبارەکردنەوەی پەیامەکانی پێش رووداوەکانی ١٧ی شوبات بوو، ئەو هەمان پەیامە بوو کەچەندین جارە دووبارەی کردووەتەوە لەدوای ١٧ی شوباتیش.

نوچەنێت: بۆچی تائێستا وەڵامی ئۆپۆزسیۆن نەدراوەتەوە، بۆ هەڵپەساردنی دانیشتنەکان؟، ئێوە پێشتر وتتان دەبوو ئۆپۆزسیۆن بەیانی هەڵپەساردنەکەی بناردایە بۆ ئێوە، بەڵام ئەوان دەڵێن ئێمە هیچ کتاب و کتاب کارییەکمان لەگەڵ دەسەڵات نیە، تا بەنوسراو بنێرن؟.

جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی: ئەگەر حساب و کتاب بکەین، بەرێوەڵا لەنێوانماندا کتاب و کتابکاری هەبوو، ئەوان پرۆژەی خۆیان ئاراستەکرد بۆ دەسەڵات بۆ پارتی و یەکێتی ئێمەش بەنوسین و ڕێک و پێکی بە دیکۆمێنت پرۆژەمان پێشکەشکردن، ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بوین دیسان وەڵام وەربگرین، ئەوەش نابێتە گرفتێک کەوایان وتووە، ئێمە دەمانەوێ تەفاعلێکی تەواو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بکەین، لەڕوانگەی تێگەشتنی ئەوان بۆ دۆخ بۆ چاکسازی لەسیستەمی سیاسی و ئیداری، ئێمە تەسەور دەکەین بەشەراکەت دەتوانین دۆخەکە بەرەو پێش ببەین، بەڵام دەبێت کەش و هەوای ئیجابی هەبێت بۆ دانوستاندن، ئێمە ئەو رەخنانەی برایانی ئۆپۆزسیۆنمان وەگرتووە و دانی پێدا دەنێین، کە هەندێ شت دەبن بەکۆسپ بۆ دانوستاندن، بەڵام ئێمە دەڵێین نابێ ببن بە کۆسپ لەبەردەم بەردەوامی دانوستان، راستە رەنگە هەندێ شت تائخیر ببێت، بەڵام تەنها رێگاچارە دانوستانە، ئەگەر برایانی ئۆپۆزسیۆن بڵێن کات کوشتنە و فەرەزەن قسەکەیان راستیش بێت، بەڵام لەوە باشترە ڕێگای خۆپیشاندان و سەرجادە بگرین، کەدەزانین خۆ پیشاندان و توندوتیژی مەترسی هەیە، دەستی دەرەکی بێتە ناوەوە، کە ناحەزان لە دەوری هەرێمی کوردستان بەدەرفەتی بزانن، مەبەستمان نیە، ئەو ترسە بۆ خەڵکی کوردستان دروست بکەین تا خۆپیشاندان نەکەن، بەڵام ئەو شێوازە خۆپیشاندانەی کە لەسلێمانی کرا، بەڕاستی هەرگیز ئومێد بەخش نین تا لەڕێیەوە چاکسازی بکرێت.

نوچەنێت: چاوەڕێی چی ئایندەیەکی بۆ کێشەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، و تاچەند رێگا بەخۆپیشاندانی بێ مۆڵەت دەدەن جارێکی تر؟.

جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی: مەسئولیەتی ئەوانە دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە، ئێمەش ئەم ئارامی و سەقامگیرییە دەپارێزین و ئەزمونەکە بەرەو پێشتر دەبەین، ئەوە وەزیفەی هەردوولایە، کار بۆ باشتر کردنی سیستەم و پاراستنی هێمنی وڵات بکەین، بۆ خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتیش، خۆیان ئەم ئاخرە گەشتبونە ئەو بڕوایەی کە خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت، دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، مەترسی دارە و دەبێت رەزامەندنی پێشوەختەی دامودەزگاپەیوەنددارەکان وەربگیرێت، پێمان وایە خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت، زەنگی مەترسییە، بۆچی خۆپیشاندان بکرێت بێ مۆڵەت و لەپێناوی چی؟ ئەگەر لەپێناو ئەوەیە فشار بخرێتە سەر پارتی و یەکێتی بۆ چاکسازی، ئێمە خۆمان هەست بەفشاری هاوڵاتیان دەکەین و هەست بەوە دەکەین کە دەبێت ئێمە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن پێکەوە بەشەراکەت ئەو دۆخە چارەسەر بکەین، باشە کەئەم رێگا کراوە بێت بۆ رێگای دووەم بگرین، بۆ هاوڵاتیان توشی ئەو دۆخە بکەین کاجاری پێشوو بینیمان، کە نەک لەسلێمانی بەڵکو لەهەموو شارەکانی تری کوردستان توشی نیگەرانی ببون، با پێکەوە هەوڵی باشتر کردنی پەیوەندی سیاسی و نێوانمان و ئابوری وڵات بدەین و پێشی بخەین، کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رابردووهەم لەڕوی سیاسی و هەم لەڕوی ئیقتیسادی، کوردستان زیانی گەورەی بەرکەوت، هەرچەند خۆپیشاندانەکان سنوردار بوون، بەڵام دیسان تائسیرێکی زۆر نێگەتیڤی هەبوو بەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان، هیوادارین برادەرانی ئۆپۆزسیۆن ئەو بڕیارە سەختە وەرنەگرن، بڕیاری ئاسانتر هەیە بۆ چاکسازی، بێگومان باشترین شەریک بۆ ئۆپۆزسیۆن لەم کات و ساتەدا پارتی و یەکێتی یە، کەپێشتر ئەزمونمان پێکەوە هەبووە، ئەو زەمینە هاوبەشەشمان پێکەوە هەیە بتوانین پێکەوە کار بکەین.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com