نوچه‌نێت: تایبه‌ت
دوای دیداره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ده‌زگه‌كانی راگه‌یاندن، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌له‌فزیۆنی په‌یامی كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاند، كه‌ناڵه‌كه‌ی ئه‌وانیان هه‌ڵاوێردووه، وتیشی: “گلله‌ییمان هه‌یه و نیگه‌رانین”.
دیداره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه له‌گه‌ڵ په‌یامنێرانی ژماره‌یه‌ك له ته‌له‌فزیۆنه كوردییه‌كان سازی كردبوو، به وه‌لانانی ئه‌و مۆدێله داده‌نرێت، كه پێشتر له‌و جۆره دیدارانه‌دا ره‌چاو ده‌كرا و ته‌نها به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌و ده‌زگایانه ئاماده ده‌بوون، بۆیه به‌لای به‌شێك له میدیاكارانه‌وه مایه‌ی سه‌رنج بوو، چونكه له‌و دیداره‌دا په‌یامنێره‌كان به‌بێ هیچ سانسۆرێك پرسیارییان ده‌كرد و سه‌رۆكی حكومه‌تیش وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه، ئه‌وه‌یش به سه‌ره‌تای نه‌ریتێكی باش له نێوان رۆژنامه‌نووسان و به‌رپرسه باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌و باره‌وه نیگه‌رانه.
له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، فاروق ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام، كه سه‌ر به كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانه، نیگه‌رانی خۆی له باره‌ی ئه‌و دیداره‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه ده‌ربڕی و وتی: “گلله‌یمان لێی هه‌یه”.
به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام وتی: “ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌وپرسیاره بده‌نه‌وه، كه بۆچی كه‌ناڵی په‌یامیان هه‌ڵاوێردوه‌و بانگهێشتیان نه‌كردووه، هیوادارم هه‌ڵه‌و كه‌مته‌رخه‌می ڕاوێژكاره‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بووبێت و به‌مه‌به‌ست په‌یام لانه‌درابێت”.
به‌رێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام وتیشی: “ئێمه گلله‌ییمان هه‌یه و نیگه‌رانین، له‌ڕێگه‌ی تایبه‌تیشه‌وه گله‌یمان پێیان گه‌یاندووه‌و چاوه‌ڕوانی به‌رچاو ڕوونی ئه‌وانین”.