نوچەنێت
دوای گەڕانەوەی شاندی هادەپە لە باشووری کوردستانەوە بۆ تورکیا،عوسمان بایدەمیر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەو ڕاپۆرتەی خوێندەوە کە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ گوندی زارگەلی و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی تری باشووری کوردستان ئامادەی کردبوو.
ڕۆژی 1/8/2015 گوندی زارگەلی سەر بە قەزای ڕەواندوز کەوتە بەر ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بە چڕی بۆردومان کرا بە تۆمەتی بوونی بارەگاکانی پەکەکە لەو گوندە،و بەو هۆیەشەوە 8 هاوڵاتی سڤیل و 2 گهریلای پهكهكه گیانیان له دهستدا و 11 هاوڵاتی تریش بریندار بوون.
ئەمە وای کرد شاندێکی باڵا هادەپە لە پاڕلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی عوسمان بایدەمیر سەردانی باشووری کوردستان و گوندی زارگەلی بکەن و ئاماری شەهیدان و بریندارانی بۆردومانەکانیان تۆمار بکەن و بە ڕاپۆرتێك لەگەڵ خۆیان بردیانەوە بۆ تورکیا.
بایدەمیر ئاماری شەهیدان و زیانەکانی بۆردومانەکانی فڕۆکەکانی تورکیای تۆمار کردووە و ئەمڕۆ لە ئەنقەرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند” هەموو ئامار و زانیارییەکانی هێرشەکەی سەر گوندی زارگەلیمان لە راپۆرتێکدا نووسیوەتەوە”.
لەکۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا بایدەمیر رایگەیاند ” لەگەڵ پارێزگاری هەولێر سەردانی بریندارانی بۆردوومانەکەی زارگەلیمان کرد و لە زیانەکانمان کۆڵییەوە و هەموو ئامار و زانیارییەکانی هێرشەکەی سەر گوندی زارگەلیمان لە راپۆرتێکدا نووسیوەتەوە و راپۆرتەکەمان بە هەموو زمانەکانی جیهان وەردەگێڕین و دەستمان بەهەر شوێنێک بگات بۆی دەنێرین “.
بایدەمیر زیاتر لە کۆنگرەکەدا دەدوێت و دەڵێت ” لە بۆردوومانەکاندا 6 کەس شەهیدکراون کە سەرجەمیان خەڵکی سیڤیلن و شەش خانوو، مزگەوت و قوتابخانەی زارگەلی خاپوورکراون و لە بۆردوومانەکاندا بە دەیان هێکتار دارستان لەناوچوون، سی و پێنج شوێن زیانی پێگەیشتووە لە بۆردوومانەکەدا و گوندەکانی نزیک لە رووداوەکە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە”.
عوسمان بایدەمیر هێرش دەکاتە سەر حکومەتی ئاکپارتی و دەڵێت” بەرپرسیارێتی رووداوەکە لە ئەستۆی حکومەتی ئاکپارتییە و،هەروەها ئەو وڵاتانەی چەکیان بە تورکیا داوە بەرپرسیارن لە بۆردوومانەکان”.
بایدەمیر نیگەرانی خۆی لە هەڵوێستی کاربەدەستانی حکومەتی تورکیا دەربڕی وتی “دوای هەفتەیەک لە رووداوەکەی زارگەلی، هیچ کاربەدەستێکی حکومەتی ئاکپارتی هیچ لێدوانێکیان نەداوە، تەنانەت باسی قەرەبووی زیانلێکەوتوانی خەڵکی سیڤیل نەکردووە و دەبێت پەرلەمانی تورکیا لێپێچینەوە بکات لە هۆکاری رووداوەکە”.
بایدەمیر بەو پەڕی خەمبارییەوە وتی ئەوەی جێگەی ئەسەفە ئەوەیە “یەکێك لەو ژنانەی کە شەهید بووە لە کاتی نوێژکردندا بووە”.