نوچه‌نێت: تایبه‌ت
بڕیارده‌ری فراكسیۆنی پارتی له په‌ڕله‌مانی كوردستان، به دوو نووسراوی جیا هه‌ردوو پارێزگاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه ئاگادار ده‌كاته‌وه، كه هه‌وڵێك هه‌یه بۆ به لاڕێدابردنی ئامانجی خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی پارتی، هه‌روه‌ها ئاگاداریشیان ده‌كاته‌وه، كه پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی ئه‌و دوو پارێزگایه و كادیران و بنه‌كه و باره‌گاكانی پارتی به پله‌ی یه‌كه‌م له ئه‌ستۆی ئه‌وانه.
له‌و دوو نووسراوه‌ی بڕیارده‌ری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كه ئاراسته‌ی هه‌ردوو پارێزگاره‌كه كراوه هاتووه: “به‌و پێیه به‌رێزتان پارێزگار و والی شارن و به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌منین، سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان و كادیرانی پارتی و پاراستنی باره‌گاكانی پارتی به پله‌ی یه‌كه‌م ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی به‌رێزتان”.
بڕیارده‌ری فراكسیۆنی پارتی، له‌و نووسراوه‌دا كه ئاراسته‌ی هه‌ردوو پارێزگاره‌كه‌ی كردووه، نووسیویه‌تی: “هیوادارین هیچ رووداوێكه نه‌خوازراو بۆ تێكدانی ره‌وشی ئه‌منی شاره‌كه و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حیزبه‌كان له پارێزگای سلێمانی و هیچ ناوچه‌یه‌كی تری كوردستان روو نه‌دات”.
له كۆتایی نووسراوه‌كه‌یشدا هاتووه: “ئێستا له هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به یه‌كڕیزی و ته‌باییی هه‌یه، تكایه رێگه مه‌ده‌ن به هیچ جۆرێك رووداوه‌كانی رابردوو بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی پارتی و هه‌وادارانی پارتی دووباره ببێته‌وه”.

