نوچه‌نێت: تایبه‌ت
نازم هه‌ركی جێگری لیژنه‌ی ناوخۆ وئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی په‌ڕله‌مانی كوردستان به نوچه‌نێتی راگه‌یاند، لیژنه‌كه‌یان له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌مانی كوردستان، سێ تیمیان بۆ سه‌ردانكردنی ئه‌و ناوچانه پێكهێناوه، كه به هۆی بۆردومانه‌كانی ئێران و توركیاوه زیانیان پێگه‌یشتووه.
به وته‌ی هه‌ركی له رۆژی چوارشه‌ممه ڕێكه‌وتی (5/8/2015)ه‌وه، سێ تیمه‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌ستیان به كاره‌كانیان كردووه و سه‌ردانه‌كانیان بۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاواز ده‌ست پێكردووه، كه وه‌ك ئه‌و وتی: “تیمه‌كانمان سه‌ردانی ناوچه‌كانی قه‌زای پێنجوێن و قه‌زای سۆران و قه‌زای ئاكرێ و قه‌زای زاخۆیان كردووه و به‌دواداچوونێكی وردیان بۆ ئه‌و زیانانه كردووه، كه به هۆی بۆردومانه‌كانه‌وه به‌ر گیان و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیلی ئه‌و ناوچانه كه‌وتوون”.
هه‌ركی وتیشی: “له داهاتوودا دووباره كۆده‌بینه‌وه و راپۆرتی لیژنه‌كه و ئه‌و تێبینیانه‌ی هه‌مانه ده‌نووسینه‌وه و ده‌یده‌ینه سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌مان”.