نوچەنێت
ئەمڕۆ پێنج شەممە 6/8/2015 مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەفدێکی باڵای پارتی دیمۆکراتی گەلان (هەدەپە) بە سەرۆکایەتی عوسمان بایدەمیر .
لە دیدارەکەدا عوسمان بایدەمیر سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و كەسوكاری ئەو هاووڵاتییە شەهیدانە كرد، كە لە ئەنجامی بوردومانی زارگەلی لە لایەن فڕۆكەكانی توركیاوە شەهید كران.
بایدەمیر سوپاس گوزاری خۆیی و پارتەکەیی و خانەوادەی شەهیدانی باکوری کوردستانی گەیاندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی بارزانی بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو شەهیدانە بۆ باکوری کوردستان بەرز نرخاند.
بایدەمیر ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان لەوشەڕەی ئەم دواییەی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە ئاگادار کردووەتەوەو نیگەرانیی خۆیشی نیشاندا لەوەی كە قەیرانەكان قووڵترببنەوە و دەرفەتی ئاشتی لە كیس بچێت. ئەوەیشی دووپاتكردەوە، كە بەهیچ شێوەیەك لایەنگری شەڕ نین و دەیانەوێ پرۆسەی ئاشتی دەستپێبكاتەوە.
وەفدەکەی پارتی دیمۆکراتی گەلان وێڕای سوپاس کردنی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکان و بەرەوپێش بردنی پڕۆسەی ئاشتی،هاوکات داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە هەوڵەکانی دەست پێ بکاتەوە بۆ دووبارە دەست پێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای خۆیەوە بەگەرمی پێشوازی لە وەفدەکەی هەدەپە کرد و ڕایگەیاند”گەلی کورد بە بێ خواستی خۆی دابەشكراوە و بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی شەڕی كرد و توانی ناسنامەی خۆی بپارێزێت و ئێستاش لەپێناو مسۆگەركردنی دەستكەوت و بەرەوپێشوەچوونی دۆزی كورد پێویستیمان بە ئاشتییە”.
هەروەها سەرۆکی هەرێم باسی لەوەش کرد كە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و نزیككردنەوەی لایەنەكان، هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری داوە و ئەوەی لەدەستی هاتووە كردوویەتی و ئێستایش ئامادەیە لەپێناو دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا یارمەتیدەر بێت”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە” ئەنجامی شەڕ ماڵوێرانی و كاولكارییە، ڕۆژێك شەڕ زووتر ڕابگیرێت باشە و لە قازانجی هەموو لایەكە و بۆ سەرخستنی ئاشتییش پێویستە هەموو لایەك پاڵپشت و هاوكاری یەكتر بین”.
هەر لەو دیدارەدا هەڕەشە جدییەکانی تیرۆریان لە ناوچەکە تاوتوێ کردوەو باسی قارەمانێتی گەلی کوردستانیان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی داعش کردووە و هاوڕابوون لەسەر یەك ڕیزی گەلی کوردستان و هەردوو لا گرنگی یەك ڕیزی و تەباییان دووپات کردووەتەوە.