نوچه‌نێت: تایبه‌ت
وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاند، ئازاد كردنی گیراوه‌كانیان له‌سه‌ر به‌ڵێنی سه‌رۆكی حكومه‌ت بووه و په‌یوه‌ندی به نزیكبوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی حیزبه‌كه‌ی و پارتییه‌وه نیه، وتیشی: “هێشتا هه‌شت گیراوی ترمان ئازاد نه‌كراون”.
رێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژی فه‌رمی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت رایگه‌یاند، هه‌شت ئه‌ندامی ده‌ستگیركراویان هێشتا ئازاد نه‌كراون، هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌یشی ره‌تكردنه‌وه، كه ئازاد كردنی ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامیان ده‌گێڕنه‌وه بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی حیزبه‌كه‌ی له سیاسه‌تی پارتی.
وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وتی: “ئازاد بوونی گیراوه‌كانمان په‌یوه‌ندی به نزیكبوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و پارتی دیموكراته‌وه نیه، چونكه پێشتر سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵێنی دابوو كه به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كێشه‌یه بكات، چونكه خۆی له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی و ئیدانه‌ی ده‌ستگیركردنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كرد، بۆیه بڕیاری به‌دواداچوونی دا و له‌مڕۆژانه‌دا ئازاد كران”.
له باره‌ی كات و واده‌ی ئه‌ندامه ده‌ستگیركراوه‌كانییانه‌وه وتی: “ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له واده و مێژووی جیاوازدا گیراون، كه هه‌موویان به‌بێ لێپرسینه‌وه مابوونه‌وه، تا ئێستاش هه‌شت كه‌سمان ماونه‌ته‌وه كه ئازاد نه‌كراون”، وتیشی”ئێمه هه‌میشه گلله‌یمان له‌وه هه‌بووه، كه ئه‌ندامه‌كانمان به تۆمه‌تێك ده‌ستگیر ده‌كرێن و دواتر دادگه‌یی ناكرین و ئازاد ده‌كرێن، چونكه تۆمه‌ته‌كان بێبنه‌ما ده‌رده‌چن”.
وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ره‌تی كرده‌وه كه باس له ده‌ستگیركراوه‌كانی پێشووتریان بكات، له‌و باره‌وه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی وت: “ئێمه ئێستا ناگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌و واده‌یه، به‌ڵكو باس له‌و ده‌ستگیركراوانه ده‌كه‌ین، كه له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه تازه‌یه ده‌ستگیر كراون”.
رۆژی 2/8/2015له شاری هه‌ولێر، هه‌شت ئه‌ندامی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئازاد كران، كه له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئه‌و شاره‌وه ده‌ستگیركرابوون، هه‌ر ئه‌و رۆژه عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاند: “تا ئێستا هه‌شت ئه‌ندام و لایه‌نگری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه پاش دانیشتنه‌كه‌ی 23ی حوزه‌یرانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستگیر كرابوون، ئازاد كراون”.