نوچه‌نێت: تایبه‌ت
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی رایگه‌یاند، هه‌ر چوار پارته‌كه به مانه‌وه‌ی بارزانی له پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم رازین و چاوه‌ڕێی بڕیاری پارتی ده‌كه‌ن، له به‌رانبه‌ریشدا وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاند، تا ئێستا هیچ رێككه‌وتنێك له باره‌ی پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه نه‌كراوه.
ئه‌بوبه‌كر كاروانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌ر چوار لایه‌نه‌كه (گۆڕان، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ) به مانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی له پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی دوو ساڵی تر رازین، به‌ڵام چاوه‌ڕێی بڕیاری پارتین، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو وتیشی: “ناكرێت راستییه‌كان له خه‌ڵك بشارینه‌وه، هه‌ر چوار پارته‌كه رازین به مانه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڵام چاوه‌ڕێی بڕیاری پارتین، كه له به‌رانبه‌ر مانه‌وه‌ی بارزانی له پۆسته‌كه‌یدا، رازی بێت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له په‌ڕله‌مان و سیستمی حوكمڕانی له سه‌رۆكایه‌تییه‌وه بگۆڕێت بۆ په‌ڕله‌مانی”.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و لێدوانه‌یشدا، رێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژی فه‌رمی كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاند، تا ئێستا لایه‌نه‌كان له باره‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ رێككه‌وتنێك، وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت وتی: “ئه‌و زانیارییانه‌ی كه باس له رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و پرسه راست نین، چونكه تا ئێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته هیچ رێككه‌وتنێك، بۆیه كۆبوونه‌وه پێنج قۆڵییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێك بكرایه، ئێستا هه‌مووی راده‌گه‌یه‌نرا”.